سیاسەتە هەڵەکانی ئەمریکا سەبارەت بە سووریا/ ئەنجومەنی ئەتلەنتیک
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وائیل ئەلزیات، توێژەری ناودێرکراو لە پڕۆژەی سووریا لە بەرنامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەنجومەنی ئەتلەنتیک و بەڕێوەبەری ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمریکا و سووریا، لە شیکارییەکیدا ئاماژە بە پێشهاتەکانی دواییی سووریا دەکات و جەخت دەکاتەوە کە سیاسەتی واشنتۆن بەرامبەر ئەم وڵاتە لە ساڵانی شەڕدا ستراتیژییەکی تۆکمەی بەخۆیەوە نەدیوە. هەروەها تەرکیزکردنی زیاد لە پێویست لەسەر ئامانجە کاتییەکان—بەتایبەت شەڕی داعش—ئەمریکای لە ئامانجە سیاسییە سەرەتاییەکەی دوورخستەوە.
ئەلزیات دەنووسێت: مانگی ڕابردوو هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایانگەیاند کە پێکهاتە سەربازییەکەی خۆیان هەڵوەشاندووەتەوە و لەناو سوپای سووریادا تێکەڵ دەبن. ڕۆژێک پێش ئەوەش ئەمریکا بە فەرمی سووریای لە لیستی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆر دەرهێنا و دەستەی تەحریری شامیشی لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکان سڕییەوە. بە وتەی ئەو، ئەم گۆڕانکارییانە لەگەڵ هەڵگرتنی گەمارۆ سەرەکییەکانی ئەمریکا بۆ سەر سووریا (لەوانەش گەمارۆکانی کۆنگرێس لە چوارچێوەی یاسای قەیسەر)، کۆتاییان بە نزیکەی پێنج دەیە گۆشەگیریی ئابووریی سووریا لەلایەن ئەمریکاوە هێنا.
ئەو، ئەم ساتەوەختە بۆ لایەنگرانی سیاسەتێکی تۆکمەتر بۆ ئەمریکا بەرامبەر سووریا بە «تاڵ و شیرین» وەسف دەکات؛ چونکە بە بڕوای ئەو، بەشێکی گەورەی ئەم گۆڕانکارییانە دەکرا ساڵانێک پێشتر ڕوویان بدا و ڕەنگە ڕێگری لە کوژرانی هەزاران مرۆڤیش بگرتایە.
ئەلزیات کە لە ساڵانی یەکەمی شەڕی سووریادا لە حکومەتی ئەمریکادا کاری کردووە، دەڵێت واشنتۆن لەو سەردەمەدا دوو ئامانجی هەبوو کە لە ڕووکەشدا تەواوکەری یەکتر بوون: تێکشکاندنی داعش و بەرگریکردن لە خەڵکی سووریا لە بەرامبەر حکومەتدا. بەڵام ئەم دوو ئامانجە لە کرداردا لە یەکتر جیا بوونەوە و لە هەندێک شوێنیشدا دژبەیەکییان دروست کرد. ئەنجامەکەش ئەوە بوو کە ئەمریکا لە ئامانجی یەکەمدا سەرکەوتوو بوو، بەڵام لە ئامانجی دووەمدا شکستی هێنا؛ شکستێک کە بە وتەی نووسەر باجێکی مرۆییی زۆر قورسی هەبوو.
لە سەردەمی حکومەتی باراک ئۆبامادا، دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) پشتیوانیی لە بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەکرد—لەوانەش سوپای ئازادی سووریا—بۆ پشتیوانیکردن لە پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد. هاوکات، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش پشتیوانیی لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەکرد؛ هێزێک کە دواتر لە چوارچێوەی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا چالاکییەکانی بەردەوام کرد و ئەرکی سەرەکیی شەڕکردن بوو دژی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.
ئەلزیات دەنووسێت: ئەم ڕێبازە لە سەرەتادا ژیرانە دەهاتە بەردیدە، بەڵام واشنتۆن هەرگیز نەیتوانی نەخشەرێگەیەکی سیاسی و سەربازیی یەکگرتوو بۆ ئەم دوو ئاڕاستەیە دابڕێژێت. بە بڕوای ئەو، کێشەکە لەوەوە قورستر بوو کە یەپەگە (کە ئەمریکا وەک هێزی سەرەکیی سەر زەوی لە شەڕی داعشدا پشتیوانیی دەکردن)، پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە (پەکەکە) هەبوو؛ ڕێکخراوێک کە لەلایەن ئەمریکاوە لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکاندا دانراوە و لەگەڵ تورکیای ئەندامی ناتۆدا لە شەڕدایە.
ئەم بارودۆخە کاتێک ئاڵۆزتر بوو کە هێزەکانی سووریای دیموکرات کەوتنە شەڕەوە لەگەڵ بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا؛ واتە هەمان ئەو هێزانەی کە ئەمریکا پشتیوانیی لێ دەکردن. بە بڕوای نووسەر، واشنتۆن لە کردندا پشتیوانیی لە دوو هێز دەکرد کە هەم بەرامبەر یەکتر و هەم بەرامبەر داهاتووی شەڕی سووریا ئامانجی جیاوازیان هەبوو. ئەو، ئەم دۆخە نە بە نەخشەرێگەیەکی گەورەی بەردەوام، بەڵکو وەک نموونەیەکی «بێبەرنامەیی و ناڕێکیی جدی لە داڕشتنی سیاسەتدا» دەبینێت.
ئەلزیات دەڵێت لەو کاتەدا هۆشیاریی دابوو کە ئەگەر ئەمریکا بڕیاری داوە پشتیوانی لە هەسەدە بکات، دەبێت هاوکات نەخشەرێگەیەکی سیاسی و سەربازیی بەربڵاوتریشی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی حکومەتی ئەسەد هەبێت. بەپێچەوانەوە، واشنتۆن دەکەوتە بەردەم ئەو مەترسییەی کە ئەکتەرێکی بەهێزی نوێ لە سووریادا دروست بکات، بەڵام ئەو ئامانجە سیاسییە سەرەتاییەی کە بووە هۆی هاتنەناوەوەی ئەمریکا بۆ ناو شەڕەکە، وەلابنێت.
بە وتەی ناوبراو، بەرپرسانی ئەمریکی هێدی هێدی تەرکیزیان خستە سەر پرسی کاتیی تێکشکاندنی داعش، و پرسی سیاسیی بەردەوامبوونی حکومەت و گوێنەدانیان بە نیگەرانییەکانی خەڵکی سووریا پەراوێز خست. لە بەردەوامییدا، ڕووسیا بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتی ئەسەد هاتە ناو شەڕەکە. نووسەر ئەم دەستوەردانانە بە هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی کوژراوان، وێرانبوونی ژێرخانەکان و ئاوارەبوونی بەربڵاوی خەڵکی سووریا دەزانێت.
ئەلزیات هەروەها ئاماژە بە زیادبوونی ناڕەزایەتیی تورکیا لە هاوکارییەکانی ئەمریکا لەگەڵ یەپەگە و لاوازبوون و پەرشوبڵاوبوونەوەی بەرەبەرەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەکات و دەنووسێت: لە ماوەی شەڕەکەدا، نزیکەی یەک ملیۆن سوری گیانیان لەدەستدا و ۱۲ ملیۆن کەسیش لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا ئاوارە بوون. بە وتەی ئەو، پارتییە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی نزیک لە کرملین لە ئەوروپاش، قەیرانی کۆچبەرانی سووریایان بۆ ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان بەکار هێنا.
نووسەر بەشێکی تری ڕەخنەکانی ئاڕاستەی ئیدلب دەکات. بە بڕوای ئەو، حکومەتی ئۆباما گرووپە باڵادەستەکانی باکووری ڕۆژئاوای سووریای تا ڕادەیەکی زۆر بە کەسانێک دەزانی کە ناکرێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت؛ چونکە دەستەی تەحریری شام (کە پێشتر بە ناوی جەبهەتولنوسرەوە چالاکیی دەکرد)، هێشتا لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکاندا بوو.
ئەو لە زاری بەرپرسانی باڵای پێشووی ئەمریکاوە دەنووسێت کە واشنتۆن ئیدلبی بە شێوەیەک تێکەڵ بە ڕەوتەکانی پەیوەندیدار بە قاعیدە دەزانی کە هەر جۆرە پەیوەندی و مامەڵەیەک لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی ئەو ناوچەیەدا لە ڕووی سیاسییەوە زۆر بە زیان دەژمێردرا. لە دیدی ئەلزیاتەوە، ئەم بابەتە بووە یەکێک لە هەڵە گەورەکانی ئەمریکا.
ئەو جەخت دەکاتەوە کە مەرج نەبوو واشنتۆن بڕوا بە دەستەی تەحریری شام بکات، بەڵام دەکرا ئەوە بپەژرێنێت کە کێشەی سووریا تەنیا دۆسیەیەکی دژەتیرۆر نییە، بەڵکو ململانێیەکی سیاسییە کە ملیۆنان سوری تێیدا بۆ داهاتووی وڵاتەکەیان کێبڕکێ دەکەن.
بەپێی نووسراوەکەی، ئەمریکا دەکرا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ئیدلبدا بهێڵێتەوە تا تێگەیشتنێکی وردتری لە گۆڕانکارییەکانی ئەو ناوچەیە هەبێت، و تەنانەت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش لە ڕێگەی لایەنەکانەوە وەک تورکیا پەیوەندی لەگەڵ تەحریری شامدا هەبێت. لە دیدی نووسەرەوە، ڕێبازێکی لەم جۆرە دەکرا یاریدەدەری واشنتۆن بێت بۆ ئەوەی ڕوخسار و توانای ڕاستەقینەی ئەم گرووپە باشتر تێبگات؛ گرووپێک کە دواتر توانینی حکومەتی ئەسەد بڕوخێنێت.
ئەلزیات دۆخی ئێستای سووریا بە خاوەنی دژبەیەکییەکی بەرچاو دەزانێت: واشنتۆن سەردەمێک دەستەی تەحریری شامی بە زۆر مەترسیدار دەزانی بۆ مامەڵەکردن، بەڵام ئەم گرووپە ئێستا دەسەڵاتی لە دیمەشقدا لەدەستدایە. ئەمریکا ساڵانێک هەوڵیدا ئۆپۆزسیۆن بەڕێوە ببات، بپچڕێنێت یان پەراوێزی بخات، بەڵام لە کۆتاییدا هەر ئەم ڕەوتانە سەرکەوتن. لەلایەکی ترەوە، ئەو هێزەی کە ئەمریکا وەک گرنگترین ئەکتەری مەیدانیی خۆی لە سووریادا بەهێزی کردبوو، ئێستا هەڵوەشێنراوەتەوە و لە پێکهاتەی دەوڵەتی سووریادا تێکەڵ دەکرێت.
بە بڕوای ئەو، واشنتۆن نابێت سیاسەتی دەرەوە تەنیا لەسەر ئەم هەڵسەنگاندنە بپێوێت کە ئایا بڕیارێک لە کاتی دانانیدا ژیرانە بووە یان نا؛ بەڵکو دەبێت ئەنجامی کۆتاییی کۆمەڵە بڕیارەکان و ئەو ڕێگەیەی کە ئەم بڕیارانە دروستی دەکەن، لەبەرچاو بگرێت.
ئەلزیات دەنووسێت: پشتیوانیکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە تێکشکاندنی داعشدا کاریگەر بوو و ئەم سەرکەوتنە ڕاستەقینەیە نابێت فەرامۆش بکرێت. هەروەها قوربانیدانی هێزە کوردییەکان لە شەڕی داعشدا نابێت بە کەم سەیر بکرێت. بەڵام، سەرکەوتنی کاتی لە شەڕی داعشدا ناکرێت وەک نەخشەرێگەیەکی گەورە بۆ داهاتووی سووریا دابنرێت.
ئەو هەروەها پێی وایە خۆپاشەکشێکردنی ئەمریکا لە مامەڵەی واتادار لەگەڵ تەحریری شامدا، بە لەبەرچاوگرتنی ڕابردووی ئەم گرووپە و بوونی لە لیستی تیرۆردا، لەو کاتەدا تێگەیشتوو بوو، بەڵام سیاسەتی دەرەوە نابێت تەنیا بەهۆی بوونی گرووپێک لە لیستی لەم جۆرەدا بوەستێت. بە بڕوای ئەو، نەبوونی نەخشەرێگەیەکی تۆکمە سەبارەت بە سووریا بووە هۆی ئەوەی کاریگەریی ئەمریکا لەسەر ئاڕاستەی گۆڕانکارییەکانی ئەم وڵاتە سنووردار و بێکەڵک بێت و زیانی مرۆییی قورس بۆ سووریا و ناوچەکەش بەدوای خۆیدا بهێنێت.
نووسەر جەخت دەکاتەوە کە سووریا ئیتر سووریای سەردەمی بەشار ئەسەد نییە؛ هاوکات سووریایەکیش کە ئهمڕۆ دروست بووە، نە هەمان ئەو سووریایەیە کە واشنتۆن لە ساڵی ۲۰۱۵دا حسابی لەسەر دەکرد، و نە ئەو وڵاتەشە کە ڕووسیا و ئێران دەیانویست بیپارێزن.
لە دیدی ئەلزیاتەوە، سووریا ئێستا لە شەڕێکی وێرانکەر دێتە دەرەوە و سەرەڕای ئاڵنگارییە بەربڵاوەکان، دەرفەتێکی گرنگی بۆ ئاوەدانکردنەوە لەبەر دەستدایە. ئەو لە ئەمریکا داوا دەکات یارمەتیدەر بێت بۆ دروستکردنی دامەزراوەی کارا، بوژاندنەوەی ئابووری، یەکخستنی هێزە چەکدارەکان، پاراستنی مافی کورد و کەمینەکانی تر، ڕێگری لە گەڕانەوەی تیرۆر و کەمکردنەوەی مەودای چالاکیی ئێران و ئەکتەرە ناسەقامگیرکەرەکانی تر.
ئەو، گرنگترین گۆڕانکاریی پێویست لە ڕێبازی واشنتۆندا بە شێوازی تێڕوانینی ئەم وڵاتە بۆ کۆمەڵگەی سووریا دەزانێت و جەخت دەکاتەوە کە ئەمریکا دەبێت سورییەکان وەک «ئەکتەری سیاسی» ببێنێت، نە تەنیا وەک دارەدەست، هاوبەش، تیرۆریست، ئاوارە یان قوربانی.
ئەلزیات لە کۆتاییدا دەنووسێت: سووریا نیشانیدا کە کاتێک ئامانجە کاتییەکان جێگەی ئامانجە ستراتیژییەکان دەگرنەوە، چی ڕوو دەدات. بە بڕوای ئەو، گرنگترین دەرس لە پێشهاتەکانی ئێستا ئەوەیە کە هێشتا بۆ چاککردنەوەی نەخشەرێگەی ئەمریکا سەبارەت بە سووریا درەنگ نییە.
سەرچاوە: ئەنجومەنی ئەتلەنتیک
(وائیل ئەلزیات سەرباری چالاکییەکانی لە ئەنجومەنی ئەتلەنتیک، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمریکا و سووریایە و پێشتر بۆ ماوەی دەیەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا کاری کردووە).
بۆچوونی بەکارهێنەران