خبر 2026-09-23 13:59 کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

لە سنە رێوڕەسمی رێزلێنان لە سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی بەڕێوەچوو

‌بە بەشداریی گرووپێکی ٣٠٠ کەسی لە ژەنیار و فێرخوازانی میوزیک، پێنجەمین فێستیڤاڵی میوزیک تایبەت بە رێزلێنان لە مامۆستا سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی لە پارکی منداڵانی شاری سنە بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کولتووری، کۆمەڵایەتی و وەرزشیی شارەوانیی سنە، رۆژی دووشەممە 30ی خەرمانان و لە چوارچێوەی پابەندییەکانی سنە وەک "شاری داهێنەری میوزیک"، پێنجەمین فێستیڤاڵی تایبەت بە رێزلێنان لە سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی بەڕێوەبرد، تێیدا ژەنیاران و فێرخوازانی میوزیک لە تەمەنی ٤ ساڵ بەسەرەوە بەشدار بوون.

 

بەپێی راگەیەندراوی شارەوانیی سنە، فێستیڤاڵەکە پێشوازییەکی بەرچاوی هاونیشتمانییانی لێکەوتووەتەوە و زیاتر لە ١٥٠٠ کەس تێیدا بەشداربوون.

فەرشید سەڵەواتی، سەرۆکی بەشی کولتووری، کۆمەڵایەتی و وەرزشیی شارەوانیی سنە رایگەیاند: "ئەم پێشوازییە نیشاندەری توانای بەرزی میوزیک، کولتوور و هونەرە لە شاری سنە و دەرخەری حەز و خولیای هاونیشتمانییانە بۆ بەرنامە کولتووری و هونەرییەکان".

فەرشید سەڵەواتی وتی: بەردەوامیی چالاکی لەم شێوەیە، بە ئامانجی رێزگرتن لە گەورەپیاوان و ناودارانی میوزیک، ناساندنی توانا کولتوورییەکانی سنە و جێبەجێکردنی پابەندییەکانی شارەکە وەک "شاری داهێنەری میوزیکی جیهان"، لە کارە لەپێشینەکانی ناوەندی کولتووری شارەوانی سنە دەبێت.

سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی گۆرانیبێژ و مەقامبێژێکی گەورەی کورد بووە. ئەو هاونیشتمانییە لە ساڵی ١٨٨٢ لە گوندی سەڵوەتاوای سەر بە شاری سنە لەدایکبوو و ٤ی شوباتی ١٩٣٧ لە تەمەنی ٥٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

سەید عەلی ئەسغەر بە یەکێک لە پێشەنگ و مامۆستایانی مەقامی کوردی دادەنرێ کە لە گۆرانییەکانیدا زیاتر سوودی لە شیعری شاعیرانی گەورەی وەک مەولەوی و وەفایی بینیوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.