بافڵ تاڵەبانی پێشوازیی لە کۆبوونەوەی ئەمریکا و ئێران دەکات/ سەرکەوتنێکی مێژوییە بۆ جیهان
کوردپرێس: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆکی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی گەرمترین پیرۆزبایی و ستایشی ئاراستەی سەرکردایەتی و دانوستانکارانی ئەمریکا و ئێران کرد بۆ کۆبوونەوە مێژوییەکەی نیویۆرک.
تاڵەبانی ڕایگەیاند کە بوێرییەکی مەزنی دەوێت بۆ تێپەڕاندنی دەیان ساڵ لە دووبەرەکی، بەڵام سەرکردایەتیی ڕاستەقینە بەو جەنگانە ناپێورێن کە دەکرێن، بەڵکوو بە بوێری بۆ هەنگاونان و بەرقەرارکردنی ئاشتی دەپێورێت. ئاماژەی بەوەشکرد کە دانوستانکارانی هەردوو وڵات سەلماندیان کە بە ژیری و ئازایەتییەوە ڕووبەڕووی ئاڵۆزییەکان دەبنەوە.
تاڵەبانی باسی لەوەکرد کە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی لە نێوان واشنتن و تاراندا تەسلیمبوون نییە، بەڵکوو سەرکەوتنێکی هاوبەشە و ئێستا کلیلی سەرکەوتنی هەر نەتەوەیەکیان بە دەستی ئەوی دیکەیانە. وتیشی بە کارکردنی پێکەوەیی دەتوانن بەرگری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بکەن و شکۆمەندیی خۆیان لە دیپلۆماسیدا بپارێزن.
سەرۆکی یەکێتی جەختیکردەوە کە گەلی ئەمریکا بە ئازادی و داهێنان ناسراون و گەلی ئێرانیش میراتگری شارستانییەتێکی مەزن و ژیرن، بۆیە هەردوولا شایستەی داهاتوویەکن دوور لە توندوتیژی. ئەم کۆبوونەوەیە دەرگا بە ڕووی سەردەمێکی نوێدا دەکاتەوە تا خواستەکانی هەردوو کۆمەڵگە لە کەشێکی شکۆمەندانەدا بەدی بێن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی دەربارەی کاریگەرییەکانی ڕێککەوتن لەسەر ناوچەکە وتی، "لێکتێگەیشتنی سەرکەوتوانەی نێوان واشنتن و تاران، دەبێتە بناغەیەکی ڕاستەقینە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام، سەقامگیری و گەشەپێدانی ئابوریی هاوبەش بۆ هەمو لایەک، بۆیە داوا لە دیپلۆماتکارەکان دەکەم بەو ڕوحییەتەوە بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن".
بۆچوونی بەکارهێنەران