خبر 2026-09-23 09:38 کاتی خوێندنەوە: 4 خولەک (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

ئەگەری کرانەوەی بنبەستی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان

ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئاماژە بەوە دەکات کە دوای نزیکەی دوو ساڵ لە بێئاکامی لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چوارچێوەیەک بۆ دابەشکردنی پلە باڵاکان و وەزارەتە سەرەکییەکان نزیک بوونەتەوە، کە ئەگەر بێت و یەکلا ببێتەوە، دەتوانێت ڕێگە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم خۆش بکات؛ هەرچەندە تا ئێستا هەردوو لایەن ڕێککەوتنی فەرمیی خۆیان ڕانەگەیاندووە.

کوردپرێس: ئاماژەکانی نزیکبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دەرکەوتوون؛ ئاڵوگۆڕێک کە دوای نزیکەی دوو ساڵ لە بەستڵەکی سیاسی دەتوانێت پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ بباتە قۆناغێکی تازەوە. بەم حاڵەشەوە، هەردوو پارتەکە تا ئێستا ڕێککەوتنی فەرمیی خۆیان ڕانەگەیاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەشەرقولئەوسەت، دانوستانەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕۆژانی ڕابردوودا جدیتر بوونەتەوە. یەکێک لە سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت، گوتی گفتوگۆکان لەگەڵ پارتی لەسەر بنەمایەکی ڕوون بەڕێوە دەچن، هەرچەندە هەندێک وردەکاری هێشتا پێویستیان بە ڕاوێژکاریی زیاتر هەیە.

بەپێی ئەو چوارچێوەیەی قسەی لەسەر دەکرێت، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی داهاتوو هێشتا لەلای پارتی دەمێننەوە، و یەکێتیی نیشتمانی جێگری سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی وەزیران وەردەگرێت. سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش بەر یەکێتیی نیشتمانی دەکەوێت.

یەکێتیی نیشتمانی لە بەرامبەردا داوای زیادکردنی دەسەڵاتەکانی جێگرانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی وەزیران دەکات تا ئەم دوو پلەیە ڕۆڵێکی کاریگەرتریان لە بەڕێوەبردنی هەرێمدا هەبێت و بەشداریی ئەم پارتە لە بڕیارەکانی حکوومەتدا زیاد بکات.

سەبارەت بە وەزارەتە سەرەکییەکانیش، بەپێی ئەم لێکتێگەیشتنە، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پێشمەرگە دەدرێنە یەکێتیی نیشتمانی، و وەزارەتی نەوت و وەزارەتی ناوخۆش بە پارتی دەسپێردرێن. ئەم دابەشکارییە هێشتا یەکلا نەبووەتەوە و هیچ کام لە دوو پارتەکە بە فەرمی پشتڕاستیان نەکردووەتەوە.

دلاوەر فایەق، لە سەرکردەکانی پارتی دیموکرات، بە ئەشەرقولئەوسەتی ڕاگەیاندووە کە ڕاپۆرتەکان دەربارەی دروستبوونی بنەمایەک بۆ لێکتێگەیشتنی نێوان دوو پارتەکە «لە ڕاستییەوە نزیکن»، بەڵام هێشتا ڕێککەوتن بەدەست نەهاتووە؛ چونکە هیچ کام لە دوو لایەنەکە تا ئێستا ڕێککەوتنی فەرمییان ڕانەگەیاندووە. برواری، ئەندامێکی تری سەرکردایەتیی پارتی، ڕایگەیاند گفتوگۆکانی نێوان دوو پارتەکە بەردەوامن و ئەمجارەیان ئیرادەیەکی جدی بۆ پێکهێنانی حکوومەت هەیە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند هەوڵەکان بۆ گەیشتنی لایەنە کوردییەکان بە ئەنجامی ئەرێنی بەردەوامن. ئەو گوتی هەردوو پارتەکە هێشتا لە بەستنی کۆبوونەوەکانی خۆیاندا بەردەوامن و هیوای خواست ئەم هەوڵانە ببنە هۆی لێکتێگەیشتنێک کە بەرژەوەندییەکانی هەرێم و هەموو پێکهاتەکانی دابین بکات.

بێئاکامیی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە تشرینی یەکەمی ۲۰۲۴دا دەستی پێکرد. لەم هەڵبژاردنەدا، پارتی بە بەدەستهێنانی ۳۹ کۆرسی لە پلەی یەکەمدا هات و یەکێتیی نیشتمانی ۲۳ کۆرسی بەدەست هێنا. یەکێتیی نیشتمانی دوای هەڵبژاردن لەگەڵ جووڵانەوەی نەوەی نوێ کە ۱۵ کۆرسی بەدەست هێنابوو هاوپەیمانیی بەست، و ئەم هاوپەیمانییە بە کۆی گشتی ۳۸ کۆرسی لە ۱۰۰ کۆرسی پەرلەمانی هەرێم بەدەستەوە بوو.

پەرلەمانی نوێی هەرێم لە دووی کانوونی یەکەمی ۲۰۲۴دا تەنیا یەک کۆبوونەوەی بۆ سوێندخواردنی پەرلەمانتاران بەست، و دوای ئەوە، ناکۆکیی نێوان دوو پارتە سەرەکییەکە ڕێگر بوو لە دەستپێکردنی چالاکیی ئاساییی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ.

لە قۆناغی ئێستادا، یەکێتیی نیشتمانی و جووڵانەوەی نەوەی نوێ داوای تەرخانکردنی نیوەی کابینەکە بۆ هاوپەیمانییەکەی خۆیان دەکەن؛ داواکارییەک کە پارتی دیموکرات قبووڵی نەکردووە. پارتی دەڵێت دژایەتیی بەشداریی یەکێتی لە حکوومەتدا ناکات، بەڵام ئەم بەشدارییە دەبێت لەسەر بنەمای هاوسەنگی و بەپێی قورساییی سیاسیی لایەنەکان بێت.

لە بەرامبەردا، هەندێک ئەندامی پارتی دیموکرات ئەگەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نوێیان لە حاڵەتی بەردەوامبوونی بەستڵەکەکەدا هێناوەتە ئاراوە. لە لایەکی تریشەوە هەندێک ئەندامی یەکێتی بیرۆکەی «بەڕێوەبردنی نزیکەی سەربەخۆی سلێمانی لە هەولێر»یان خستووەتە ڕوو؛ بابەتێک کە نیشانی دەدات ناکۆکیی دوو پارتەکە هێشتا قووڵە.

کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی، ڕایگەیاندووە کە پارتەکەی هێشتا جەخت لەسەر داواکارییەکانی خۆی بۆ پێکهێنانی حکوومەت دەکاتەوە، بەڵام دەرگاکانی دانوستان بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن کراوەن. ئەو دەربارەی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی وەزیرانی هەرێم، و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی وەزیران، گوتی ئەم کۆبوونەوەیە ئەرێنی بووە، بەڵام نەبووەتە هۆی ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکوومەت. بە وتەی ئەو، لەم کۆبوونەوەیەدا باس لە دابەشکردنی پلەکانیش نەکراوە و هاوپەیمانیی یەکێتی لەگەڵ جووڵانەوەی نەوەی نوێدا هێشتا بەردەوامە.

ئەحمەد هەرکی، لە سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانی، ڕایگەیاند کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتیی ئەم پارتە جەختیان لەسەر بەردەوامیی ڕاوێژکارییەکان کردووەتەوە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن دەربارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ. سۆران داودی، سەرکردەیەکی تری یەکێتی، گوتی لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئاماژەکانی نزیکبوونەوەی دوو پارتەکە بینراون و هەردوو لایەن ئارەزووی خۆیان بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و پێکهێنانی کابینەیەکی هاوسەنگ دەربڕیوە.

ئەم ئاڵوگۆڕانە هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی فەرمیی کۆتاییهاتنی وابەستەییی هێزەکانی پێشمەرگە بە یەکێتیی نیشتمانییەوە و دانانی هەموو هێزەکان لەژێر پێکهاتەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستاندا. ئەشەرقولئەوسەت ڕاپۆرتی داوە کە ئەم گۆڕانکارییە دەتوانێت زەمینە بۆ نزیکبوونەوەی سیاسیی زیاتری پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانی خۆش بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیە، هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕابردوودا لە نێوان یەکەی ۸۰ی سەر بە پارتی دیموکرات و یەکەی ۷۰ی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیدا دابەش بوبوون. پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکان لە ساڵانی ڕابردوودا بە پشتیوانی و گوشاری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بەتایبەت ئەمریکا، بەریتانیا و ئەڵمانیا، بەدواداچوونی بۆ کرا و ئێستا هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە هیچ هێزێکی پێشمەرگە لە دەرەوەی چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا نامێنێتەوە.

سۆران داوودی، لە بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانی، یەکگرتوویی هێزەکانی پێشمەرگەی بە هۆکارێک زانیوە کە دەتوانێت یارمەتیی نزیکبوونەوەی سیاسیی دوو پارتەکە بدات و متمانەی گشتی بە هێزەکانی پێشمەرگە زیاد بکات.

سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییانە، پێکهێنانی حکوومەتی نوێ هێشتا بەستراوەی ڕێککەوتنی کۆتایییە لەسەر چەند بابەتی سەرەکی، لەوانەش ئاستی دەسەڵاتەکانی جێگران، پشکی هەر پارتێک لە کابینەکەدا و شێوازی دابەشکردنی وەزارەتە گرنگەکان. ئەوەی لە ئێستادا دروست بووە، «بنەمایەکی لێکتێگەیشتن»ە لە نێوان دوو پارتەکەدا، نەک ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ پێکهێنانی حکوومەت.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.