قڵچدارئۆغڵو: باوەڕی تەواوم بە پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورددا هەیە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کەمال قڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی کۆماریی گەل لە تورکیا، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ گۆڤاری «ئامارجی»دا بە پشتیوانیکردن لە ڕەوتی نوێی ئاشتیی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان، جەختی لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بە پەستانە سیاسییەکان دژی کوردەکان کردەوە، بەڵام لە وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەست بە مافە دیاریکراوەکانی کورد و چاکسازییە یاساییەکاندا، زیاتر پشتی بە چەمکەکانی وەک دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و یەکسانیی هاوڵاتییان بەست.
قڵچدارئۆغڵو لەم چاوپێکەوتنەدا، پڕۆسەی ئاشتیی ئێستای نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستانی وەک هەنگاوێکی ڕاستەقینە و گرنگ وەسف کرد و ڕایگەیاند کە خۆی ڕاستەوخۆ «باوەڕی تەواوی» بە سەرکەوتنی ئەم ڕەوتە هەیە.
ناوبراو ئاماژەی دا بە ڕۆڵی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی، لە دەستپێکردنی ڕەوتی نوێی ئاشتیدا ڕایگەیاند: «ئێمە بەردەوام بەپەرۆشەوە پشتیوانیمان لە ئاشتی کردووە.» بە وتەی قڵچدارئۆغڵو، ڕۆڵی باخچەلی لە ڕازیکردنی بنکەی نەتەوەپەرستی پارتییەکەی بۆ پشتیوانیکردن لە چارەسەرکردنی یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی تورکیا، گرنگییەکی زۆری هەیە.
سەرۆکی پارتی کۆماریی گەل زیادی کرد کە پارتییەکەی لەم ڕەوتەدا پشتیوانیی لە «یاسای چوارچێوە» کردووە و لەو باوەڕەدایە کە پرسی کورد دەبێت لە ڕێگەی سیاسی و ئاشتییانەوە چارەسەر بکرێت.
بەبوونی ئەمەش، بەشێکی گرنگ لە قسەکانی قڵچدارئۆغڵو دەربارەی پرسی کورد پەیوەندیی بە مافە کلتووری و زمانییەکانەوە هەبوو و ئەو لەم بوارەدا لە پێشکەشکردنی پێشنیاری دیاریکراو دەربارەی چاکسازی لە دەستوور یان یاساکانی پەیوەندیدار بە نوێنەرایەتیی سیاسیی کوردان خۆی پاراست.
ئەو لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی مافەکانی کوردانی تورکیا ڕایگەیاند: «هاوڵاتییانی کورد بوونیان هەیە و بێگومان دەبێت ببتوانن نەریت، ئاداب و زمانی خۆیان بە ئازادانە بەکار بهێنن.»
قڵچدارئۆغڵو بە ئاماژەدان بە بوونی کەناڵەکانی تەلەڤزیۆنی کوردی لە تورکیادا ڕایگەیاند کە بەشێک لەم مافە کلتوورییانە لە ئێستاشدا بوونیان هەیە، بەڵام قسەکانی ئەو دەربارەی مافەکانی کورد زیاتر لەسەر چەمکی یەکسانیی هاوڵاتیبوون ڕاوەستابوو تا ڕاستەوخۆ بەفەرمیناساندنی مافە کۆمەڵایەتییەکان یان ناسنامەی کوردان.
ناوبراو ڕایگەیاند پارتی کۆماریی گەل پێی باشترە لە شوێنی سیاستکردن لەسەر بنەمای ناسنامەکان، سەرنج بپەرژێنێتە سەر دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ. قڵچدارئۆغڵو لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: «ئێمە پارتێکین لەو باوەڕەداین سیاستکردن دەربارەی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ زۆر دروستترە لە سیاستکردن دەربارەی ناسنامەکان.»
ئەم ڕوانگەیە، لە ڕاستیدا، چوارچێوەی نەریتیی پارتی کۆماریی گەل بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پرسی کورددا نیشان دەدات؛ ڕوانگەیەک کە هەوڵ دەدات پرسی کورد لە چوارچێوەی مافی یەکسانی هاوڵاتیبوون و دیموکراسیی گشتیدا پێناسە بکات، نەک وەک کۆمەڵێک لە مافە سیاسی و نیشتمانییە تایبەتەکانی بڕێک لە کۆمەڵگەی بەڕەگەز جیاواز.
قڵچدارئۆغڵو هەروەها جەختی لەسەر بەستەرە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان کورد و تورکەکان کردەوە و ڕایگەیاند پەیوەندییە خێزانییەکانی نێوان ئەم دوو کۆمەڵگەیە تا ئەوەندە بەربڵاوە کە «تەقریبەن لە هەموو مالێکدا بووکێک یان زاواکێکی کورد بوونی هەیە». ئەو هەروەها باسێکی لە کلتووری زارەکیی کوردان و بە تایبەتی دەنگبێژەکان کرد و جەختی کردەوە کە ئەم نەریتە کلتوورییە دەبێت بپارێزرێت.
ئەو دەنگبێژیی بە بەشێک لە کەلەپووری کلتووریی گرنگی کوردان زانی و ڕایگەیاند هر دەنگبێژێک لە ڕاستیدا گێڕەرەوەی بەسەرهاتێکە کە هەندێک جار خەمناکن، هەندێک جار جوانن و هەندێک جاریش ئارامبەخشن.
قڵچدارئۆغڵو لە بەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەدا پەرژایە سەر یەکێک لە بڕیارە سیاسییە زۆر گەرمەکانی خۆی دەربارەی پرسی کورد کە بڕیاری پارتی کۆماریی گەل بوو لە ساڵی ۲۰۱۶دا بۆ پشتیوانیکردن لە هەموارکردنەوەی دەستووری پەیوەندیدار بە هەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندیی دادوەریی نوێنەرانی پەرلەمان.
ئەم هەموارکردنەوەیە لە بارودۆخێکدا پەسند کرا کە پارتی دیموکراتیی گەلان (هەدەپە)، لە هەڵبژاردنی حوزەیرانی ۲۰۱۵دا بە دەستخستنی نزیکەی ۱۳٪ی دەنگەکان و ۷۸ کورسی چووبووە ناو پەرلەمانەوە و توانیبووی پارتی داد و گەشەپێدان لە دەستگەیشتن بە زۆرینەی کورسییەکان بێبەش بکات. دوای هەڵوەشانەوەی پڕۆسەی ئاشتیی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی ۲۰۱۵دا، پەستانەکان دژی پارتی دیموکراتیی گەلان زیاتر ببوون و دەوڵەت ئەم پارتەی بە پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا تۆمەتبار دەکرد.
هەموارکردنەوەی هەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندیی دادوەریی نوێنەران لە ئایاری ۲۰۱۶دا بە ۳۷۶ دەنگ پەسند کرا و پارێزبەندیی ۱۳۸ نوێنەر، لەوانە ۵۰ نوێنەر لە سەرجەمی ۵۹ نوێنەری پارتی دیموکراتیی گەلان، لابردران. چەند مانگ دواتر، سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکەکانی پارتی دیموکراتیی گەلان، دەستبەسەر کران.
قڵچدارئۆغڵو لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ «ئامارجی»دا بەرگریی لە بڕیاری خۆی و پارتەکەی کرد. ئەو ڕایگەیاند پارتی داد و گەشەپێدان لە حاڵەتی ئارەزوومەندیدا دەیجوانی بە دەنگەکانی خۆی پارێزبەندیی دەمیرتاش یان هەر نوێنەرێکی تر هەڵبوەشێنێتەوە و زیادی کرد کە پارتی دەسەڵاتدار بە هێنانەکایەی ئەم هەموارکردنەوەیە هەوڵی دەدا پارتی کۆماریی گەل لە بەرامبەر تۆمەتی پشتیوانیکردن لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیدا دابنێت.
ناوبراو ڕایگەیاند: «ئێمە لەو چوارچێوەیەدا دەنگمان دا تا ئەم تێڕوانینە لەناو ببەین.»
قڵچدارئۆغڵو هەروەها هەوڵی دا پەیوەندیی نێوان دەنگی پارتەکەی بەم هەموارکردنەوەیە و بەندکرانی دەمیرتاش ڕەت بکاتەوە و ڕایگەیاند پارێزبەندیی دەمیرتاش دەکرا تەنیا بە دەنگەکانی پارتی داد و گەشەپێدان بە تەنیا هەڵبوەشێنرێتەوە.
بەبوونی ئەمەش، ئەو لە هەمان کاتدا کە بەرگریی لە بڕیاری ساڵی ۲۰۱۶ی کرد، بەندکرانی دەمیرتاشی بە ناڕەوا زانی و ڕایگەیاند سیاستوانێک نابیێت بەهۆی بڕوا و بۆچوونەکانییەوە بەند بێت.
ئەو ڕوونی کردەوە: «بەڕێز دەمیرتاش بە ناڕەوایی لە بەندیخانەدایە. سیاستوانێک ناتوانێت بەهۆی بیرۆکەکانییەوە زیندانی بکرێت. ئەگەر سیاستوانێک، ڕۆژنامەنوسێک یان نووسەرێک بەهۆی بیرۆکەکانییەوە زیندانی بکرێت، لەوێدا دیموکراسی بوونی نییە.»
قڵچدارئۆغڵو هەروەها ڕایگەیاند کە چەندین جار چووەتە دیداری دەمیرتاش لە بەندیخانە و لە حاڵەتی ڕەخسانی بارودۆخی گونجاو لەمەودواش دووبارە دیداری لەگەڵدا دەکاتەوە.
لە هەمان چوارچێوەدا، ئەو ڕەخنەی لە دۆخی ئێستای سیستەمی سیاسیی تورکیاش گرت و ڕایگەیاند لاوازبوونی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و بەرتەسکبوونەوەی ئازادیی ڕاگەیاندنەکان، ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر دۆخی کوردان و ڕەوتە جیاوازبێرەکانی تری حکومەت داناوە.
ئەو بە ئاماژەدان بە دەمیرتاش و جان ئاتالای، نوێنەری پارتی کرێکارانی تورکیا کە سەرەڕای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردندا هێشتا لە بەندیخانەدایە، ڕایگەیاند ناتوانرێت باس لە دیموکراسی بڕوات لە بارودۆخێکدا کە کەسێک ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردن شیاوبوونی بۆ بەربژێربوون پەسند کردووە و دوای سەرکەوتن بووەتە ئەندامی پەرلەمان، دەرفەتی دەربازبوونی لە بەندیخانە نەبێت.
قڵچدارئۆغڵو لە درێژەدا ڕایگەیاند: «دیموکراسی واتە سەروەریی یاسا. ئەگەر سیاستوان سەرکەوتوو و سەروەر بێت، نەک یاسا، دیموکراسی بوونی نییە.»
ئەو سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی بە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی تورکیا زانی و ڕایگەیاند ئەگەر دادوەران لەسەر بنەمای وەفاداریی سیاسی هەڵبژێردرێن، یاسا و دامەزراوە دەوڵەتییەکان زیانیان بەردەکەوێت.
سەرۆکی پارتی کۆماریی گەل لە بەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەدا جەختی کردەوە کە تورکیا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و قەیرانە سیاسییەکانی تری خۆی، پێش هەموو شتێک پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ دیموکراسی. ئەو ڕایگەیاند دەستوور دەبێت بە تەواوەتی لەسەر بنەما دیموکراتییەکان دووبارە بنووسرێتەوە و هەر هاوڵاتییەکی تورکیا دەبێت بتوانێت بڵێت «ئەمە دەستووری منە».
بەبوونی ئەمەش، قڵچدارئۆغڵو لەم چاوپێکەوتنەدا نەچووە ناو وردەکاریی چاکسازییە پێویستەکان بۆ پرسی کورد و ڕوونی نەکردەوە کە ئایا پشتیوانی لە بەفەرمیناساندنی ڕاشکاوانەی مافە زمانی و کلتوورییەکانی کورد لە دەستووردا، گۆڕینی یاساکانی پەیوەندیدار بە پارتە سیاسییەکان و هەڵبژاردنەکان، یان زامندارکردنی مافە سیاسییەکانی نوێنەرانی کورد دەکات یان نا.
بەم شێوەیە، هەڵوێستی قڵچدارئۆغڵو بەرامبەر ڕەوتی نوێی ئاشتی ڕوونترە لە بەرنامەکەی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد: ئەو پشتیوانی لە دانوستان و ئاشتی دەکات، زیندانیکردنی سیاستوانانی کورد بە ناڕەوا دەزانێت و ئازادیی زمان و کلتووری کوردی بە مافی هاوڵاتییانی کورد دەژمێرێت، بەڵام ڕێگەچارەی یاسایی و سیاسی دیاریکراو بۆ زامندارکردنی ئەم مافانە پێشکەش ناکات.
قڵچدارئۆغڵو کە خۆی لە عەلەوییەکانی دێرسیمە، هەروەها جەختی کردەوە کە ناسنامەی ئەو نابیێت وەک هۆکاری شکستی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ۲۰۲۳دا لێک بدرێتەوە. ئەو ڕایگەیاند بەدەستهێنانی ۴۸.۵٪ی دەنگەکان نیشانی دا کە تەقریبەن نیوەی کۆمەڵگەی تورکیا پشتیوانییان لێ کردووە و شکستەکەی خۆی نەک بۆ ناسنامەی عەلەوی و سووننی، بەڵکوو بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دروستکراو دژی ئەو گەڕاندەوە.
ئەو ڕایگەیاند ئەردۆغان لە میانی هەڵبژاردندا ڤیدیۆی دروستکراوی دەربارەی هاوکاریی ئەو لەگەڵ قەندیل بڵاو کردبووەوە و ئەم بابەتانە لە لایەن ڕاگەیاندنە نزیکەکان لە پارتی داد و گەشەپێدانیشەوە بە شێوەیەکی بەربڵاو بڵاو کرانەوە.
قڵچدارئۆغڵو جەختی کردەوە کە هیچ کاتێک ناسنامەی عەلەویی خۆی نەشاردووەتەوە و کەلێنی عەلەوی و سونەش وەک دابڕانێکی قووڵ و ڕەگداکوتاو لە کۆمەڵگەی تورکیادا نابینێت.
گۆڤاری ئامارجی
بۆچوونی بەکارهێنەران