لە قامشلۆ دژی سنووردارکردنی زمانی کوردی خۆپیشاندان کرا
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، خۆپیشاندانەکەی شاری قامیشلۆ لە کوردستانی سووریا دژی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی کاتیی ئەو وڵاتەیە کە رۆژی 27ـی ئابی 2024 بڕیاریدا لە ناوچە کوردنشینەکان وانەی زمانی کوردی تەنیا بۆ 3 کاژێر لە هەفتەیەکدا کەم بکرێتەوە.
بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی کوردستانی سووریا، ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن «دەستپێشخەریی جەماوەری»یەوە لەژێر دروشمی «زمانی ئێمە ناسنامەی ئێمەیە» بەڕێوە چوو و بەشداربووان ڕاگەیەندراویان بە دروشمەکانی «زمانی ئێمە ناسنامەی ئێمەیە»، «زمانی ئێمە داهاتووی ئێمەیە»، «زمانی ئێمە شکۆی ئێمەیە» و «بێ زمان ژیان نییە» بەدەستەوە بوو.
ڕێوڕەسمەکە بە خولەکێک بێدەنگی دەستی پێکرد. دواتر «یوسف کۆتێ» لەسەر ناو و ڕێبازی دەستپێشخەریی جەماوەری وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: «هەر دارێک لەسەر ڕەگی خۆی گەشە دەکات و مرۆڤیش لەسەر بنەمای زمانی خۆی شێوە دەگرێت. بێ زمان، مرۆڤ ناتوانێت دەربڕین لە خۆی بکات و بێ زمان هیچ کەس ناتوانێت کەلتوور و ڕۆشنبیریی خۆی بنووسێتەوە و بڵێت ئامادەیی و بوونی هەیە. بەم هۆیەوە، زمان، بوون و ناسنامەی ئێمەیە و هەموو پێکهاتەکان مافی خۆیانە بە زمانی خۆیان بخوێننەوە، بنووسن و بژین.»
لە درێژەدا «محەمەد عەباس» لەسەر ناوی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان وتاری پێشکەش کرد و گوتی: «ئێمە بە ناوی قوربانییەکانمانەوە کە گیانی خۆیان لەپێناو زمان و مێژووی کورددا بەخت کرد، سڵاوتان لێ دەکەین. ئێمە لە بەڕێوەبەریی خۆسەردا توانیمان گەلێک دامەزراوە دروست بڵێین و سیستەمی خۆمان بنێین، هەروەها خەبات و تێکۆشانێکی زۆرمان ئەنجام دا. داواکاریی ئێمە لە حکومەت ئەوەیە کە زمانی ئێمە بپەژرێنێت و بە ڕەسمیی بناسێت.»
«گوڵستان گۆلۆ» وتەبێژی کۆنگرەی ستاریش ڕایگەیاند: «لە ڕەوتی هاتنەکایەی بەڕێوەبەریی خۆسەردا، خەڵکی کورد پەروەردە و خوێندنی خۆیان بە زمانی کوردی وەرگرت و نەوەیەکیان پێگەیاند. بەم هۆیەوە، ئێمە بڕیاری حکومەتی ڕاگواستن لەبەرچاو ناگرین و نایپەژرێنین. ئەم بڕیارە بە تێڕوانینێکی دەسەڵاتگەرایانەوە دراوە کە دەیەوێت کۆمەڵگە بە شێوازێکی یەکدەست بەڕێوە ببات.»
«سیلاڤا عەلی» لەسەر ناوی قوتابییانەوە بە ڕەتکردنەوەی بڕیاری حکومەت دەربارەی پەروەردەی زمانی کوردی گوتی: «ئێمە بە خوێندن بە زمانی خۆمان چاومان بە دنیا هەڵێناوە، بە زمانی خۆمان تێدەکۆشین و بەوانیش سەرکەوتنەکانمان تۆمار دەکەین. ئێمە ئەم بڕیارە ڕەت دەکەینەوە و بە ڕاستی نازانین. ئێمە تەنیا زمانی کوردیمان ناوێت، بەڵکو دەمانەوێت پرۆسەی پەروەردە و خوێندن بە زمانی کوردیی خۆمان وەربگرین.»
«ڕۆژین محەمەد موسا» لەسەر ناوی مامۆستایانەوە ڕایگەیاند: «بڕیاری حکومەت لە دیمەشق بڕیارێکی دادپەروەرانە نییە. ئەگەر زمانی کوردی لەناو بچێت، بوون، مێژوو و فەرهەنگی خەڵکی کوردیش لەناو دەچێت. ئێمە پارێزگاری لە زمانی خۆمان دەکەین و دەبێت هەر کوردێک لەپێناو زمانی کوردیی خۆیدا بوەستێتەوە.»
«شێخ عومەر» لەسەر ناوی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیکیش بە ئاماژەدان بە دەقە ئایینییەکان گوتی: «تەورات، ئینجیل و قورئان دەربارەی پاراستنی ئاشتی و ئاسایش لەم خاکە پیرۆزەدا ئاخاوتنیان کردووە، هەروەها ئاماژەیان بە مافی مرۆڤ بۆ بەکارهێنانی زمانی دایک کردووە و بە مافێکی ڕەوا بۆ هەموو مرۆڤێکی دەزانن.»
«گەوهەر خچادوریان» لەسەر ناوی کۆمەڵگەی ئەرمەنییش جەختی لەسەر مافی پەروەردە بە زمانی دایک کردەوە و گوتی: «دەبێت داواکار بین کە لە قوتابخانەکانی خۆماندا پرۆسەی پەروەردە بە زمانی دایکمان وەربگرین. خەڵکی ئەرمەنیش ناتوانن بە زمانی خۆیان بەپێی پێویست بنووسن و بخوێننەوە، چونکە پەروەردەی زمانی دایک وەک پێویست سەرنجی نەدراوەتێ. کەواتە ئەمڕۆ لە ئێمە داوا دەکرێت لە بەرامبەر ئەو لایەنەی مافەکانمان پێشێل دەکات، بوەستینەوە.»
ئەم کۆبوونەوەیە لە کۆتاییدا بە بەرزکردنەوەی دروشمی «بێ زمان ژیان نییە» کۆتاییی هات.
بۆچوونی بەکارهێنەران