خبر 2026-09-23 10:19 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

ئەحمەد شەرع جەخت لە پاراستنی زمان و مافی کوردەکان سووریا دەکاتەوە

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا رایگەیاند، داننان بە مافە کولتووری و زمانەوانییەکانی کورد لە وڵاتەکەیدا ئەرکێکی سەرشانی حکوومەتەکەی و مافێکی رەوای گەلی کورد بووە دوای 100 ساڵ.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لە ئەنجوومەنی ئەتڵانتیک لە نیویۆرکی ئەمریکا، برێت مەکگۆرک، توێژەر و شڕۆڤەکاری ئەمریکی ئاماژەی بە مەرسوومی ژمارە 13ـی سەرۆکایەتیی سووریا کرد سەبارەت بە مافەکانی کورد و بە "بەڵگەنامەیەکی سەرنجڕاکێش" وەسفیکرد، بەڵام هاوکات نیگەرانیی خۆی لەبارەی زیادبوونی گرژییەکان پێشان دا بەتایبەت دوای کوژرانی شەڕڤانێکی کوردی هێزە ئەمنییەکان لە حەسەکە [کە ئێستا تێکەڵی سوپای سووریا بوونە]، هەروەها پرسیاری لەبارەی پرسی خوێندنی پرۆگرامی نیشتمانی بە زمانی کوردی و مسۆگەرکردنی مافی پێکهاتەکان لە داهاتووی سووریادا ئاراستەی سەرۆکی سووریا کرد.

لە وەڵامدا، ئەحمەد شەرع رایگەیاند، سووریا مێژوویەکی دێرینی لە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی فرەنەتەوە و فرەئاییندا هەیە و وتی: "کورد بەشێکن لە کۆمەڵگەی سووریا و لەنێو ئەم دەوڵەتەدا دەژین. لەبەر ئەوەی بە فەرمی ناسینی مافە کولتووری و زمانەوانییەکانی کورد ئەرک و مافێکی ڕەوا بوو، پێش یەکخستنەوەکە مەرسوومەکەمان دەرکرد و دوای 100 ساڵ پێشوازییەکی زۆر گەرمی لێکرا".

سەبارەت بە خوێندنی زمانی کوردی، سەرۆکی سووریا ڕوونیکردەوە، ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە ناوچە کوردنشینەکاندا بە زمانی کوردی بخوێندرێت و ئێستا تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەتی پەروەردە سەرقاڵی داڕشتنی میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو مەرسوومەن.

شەرع هەروەها باسی لە کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکان و یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد و وتی: "دوای ئەو رێککەوتنەی لەگەڵیاندا کردمان، ئێستا دەوڵەت کۆنترۆڵی تەواوی خاکی سووریا یان نزیکەی تەواوی خاکی سووریای بەدەستەوەیە".

سەرۆکی سووریا پێداگریی لەسەر جیاکردنەوەی هێزە سەربازییەکان لە هاووڵاتییانی سڤیل کرد و وتی: "یەکخستنەوەکە پەیوەندیی بە گرووپێکی چەکداری دیاریکراوەوە هەبوو، نەک کۆمەڵگەی کورد؛ جیاکردنەوەی ئەم دووانە زۆر گرنگە، چونکە ئەو گرووپە چەکدارە نوێنەرایەتیی سەرجەم خەڵکی کورد ناکات".

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.