گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق دەبێت داڕشتنی پەیمانی کۆمەڵایەتیی نوێی لێبکەوێتەوە
«سیهانۆک دیبۆ» ئەندامی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی کوردانی سووریا، دەڵێت قۆناغی ئێستای سووریا نابیێت تەنیا قۆناغێک بێت بۆ تاقیکردنەوەی نیەتەکانی دیمەشق و بزووتنەوەی کوردی، و خوازیاری دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی ڕاستەقینە و بەربڵاو بوو و جەختی کردەوە کە ئەم گفتوگۆیە دەبێت بەفەرمیناساندنی مافەکانی کورد، دیاریکردنی شێوازی دەوڵەت، تەزمین کردنی مافەکانی هاوڵاتیبوون و لە کۆتاییدا داڕشتنی پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی نوێ لە سووریادا بەدوای خۆیدا بهێنێت.
دیبۆ لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا ڕایگەیاند کە دیمەشقی نوێ باس لە «سووریای نوێ» و «ماف بۆ هەمووان» دەکات و ئەم ئەدەبیاتە ئەوە دەخوازێت کە پرسی کورد وەک بابەتێکی سیاسی و مێژوویی سەرنجی بپەرژێتە سەر، نەک تەنیا لە چوارچێوەی دۆسیەیەکی ئاسایشی و ئیداریدا بپشکنرێت.
ئەو زیادی کرد کە پرسی کورد نابیێت تەنیا بە بابەتەکانی وەک گونجاندنی هێزەکان و دامەزراوەکان یان گەڕانەوەی کارمەندان بەرتەسک ببێتەوە و دەبێت دەربارەی ڕەگە سیاسی و مێژووییەکانی ئەم پرسەش گفتوگۆ بکەرێت.
بەفەرمیناساندنی مافەکانی کورد
بە وتەی دیبۆ، بزووتنەوەی کوردی بە چاوەڕوانی بۆ بەفەرمیناساندنی مافەکانی کورد چووەتە ناو ڕەوتی گفتوگۆوە، لە کاتێکدا دیمەشق، لە سەر بنەمای هەڵسەنگاندنی ئەو، پێش چوون بەرەو بەفەرمیناساندنی ئەم مافانە، چاوەڕوانی «تەسلیمبوونی تەواوەتی» لایەنی بەرامبەر دەکات.
ئەو ئەم هاوکێشەیەی بە نەگونجاو بۆ قۆناغی ئێستا زانی و گوتی وەها ڕوانگەیەک ناتوانێت یاریدەدەری چوونەپێشەوەی ڕەوتی سیاسی بێت.
دیبۆ بەفەرمیناساندنی مافەکانی کورد لە دەستووردا، دیاریکردنی شێوازی دەوڵەتی سووریا و تەزمین کردنی مافەکانی هاوڵاتیبوونی بە گرنگترین دۆسیەکان زانی کە دەبێت لە ڕەوتی گفتوگۆدا چارەنووسیان دیاری بکرێت.
ئەو جەختی کردەوە کە دەبێت لە دەستەواژە گشتییەکانی وەک «ماف بۆ هەمووان» تێپەڕین بکرێت و لە دەستووری سووریادا، بوونی نەتەوەی کورد و مافە زمانی، کلتووری و سیاسییەکانیان بە شێوازی ڕوون بەفەرمی بناسرێت.
لامەرکەزی و مافی هاوڵاتیبوون
ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی کوردانی سووریا هەروەها پرسی لامەرکەزی و شێوازی دەوڵەتی داهاتووی سووریای بە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی جیاوازیی ڕا زانی و پرسیاری کرد ئایا سووریا بەردەوام دەوڵەتێکی بە تەواوەتی ناوەندگەر، هاوشێوەی قۆناغی پارتی بەعس دەمێنێتەوە، یان بەرەو «ناوەندگەریی بەربڵاوی سووریایی» هەنگاو دەنێت کە بەشداریی ڕاستەقینەی پێکهاتە جیاوازەکان زامندار بکات.
دیبۆ جەختی کردەوە کە ئەم بابەتە پرسێکی لاوەکی نییە، بەڵکوو لە ناوەندی جیاوازییە سیاسییەکاندا جێگیرە.
ئەو هەروەها خوازیاری کۆتاییهێنان بە لێکەوتە یاساییەکانی سیاستە تایبەتە جێبەجێکراوەکان دژی کوردەکان بوو و لەوانە ئاماژەی بە سەرژمێریی ساڵی ۱۹۶۲، پرۆژەی کەمەربەندی عەرەبی و بەرتەسکییە جێبەجێکراوەکان لە بواری موڵکداری و زماندا کرد.
بە وتەی ئەو، ئەم بابەتانە دەبێت لە ڕێگەی یاسا و ڕێسای ڕوونەوە لابرێن تا زەمینە بۆ پێکهێنانی هاوڵاتیبوونی یەکسان بڕەخسێت و پرسی کورد بەردەوام لە چوارچێوەیەکی ئاسایشی یان ئیداریدا نەمێنێتەوە.
پێویستیی چاوپێخشاندنەوە لە پێشینەی کارەکانی بزووتنەوەی کوردی
دیبۆ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە ئایا بزووتنەوەی کوردی پێویستی بە چاوپێخشاندنەوە لە پێشینەی کارەکانی هەیە، وەڵامی ئەرێنی دایەوە و گوتی قۆناغی ئێستا ئەوە دەخوازێت کە بزووتنەوەی کوردی لە ڕوانگەی ئیدارەدانی ناوچەکەوە بەرەو بەشداری لە دروستکردنی دەوڵەتی نیشتمانیی سووریا دوای ئایینجیاکاری هەنگاو بنێت.
ئەو لەم بوارەدا سێ ڕێگەی سەرەکیی خستەڕوو کە یەکەمیان، یەکپارچەکردنی ئەدەبیاتی کوردییە.
دیبۆ بە ئاماژەدان بە کۆبوونەوەی نیسانی ۲۰۲۶ گوتی ئەم چوارچێوەیە بەردەوام دەتوانرێت کەڵکی لێ وەربگیرێت، بەڵام دەبێت گەشەی پێ بدەرێت؛ بە تایبەتی کە تا ئێستا شوێنگرەوەیەک کە بتوانێت سەختیی دانوستان لەگەڵ دیمەشق لە ڕێگەی چەند دەستە و بە ڕوانگەی جیاوازەوە لابات، پێکنەهاتووە.
ئەو ڕێگەی دووەمی بە تێپەڕین لە تێگەیشتنە ئاسایشییەکان بۆ بەڵگەنامەیەکی سیاسی زانی و گوتی ڕێککەوتنەکانی ۱۰ی ئازار و ۲۹ی کانوونی دووەم زیاتر لە هەموو شتێک لە ئاراستەی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکاندا بوون، بەڵام بارودۆخی ئێستا پێویستی بە داڕشتنی بەڵگەنامەیەکی ڕوون دەربارەی بنەما سیاسییەکان هەیە.
بە وتەی دیبۆ، دەکرێت بەڵگەنامەی کۆبوونەوەی ۲۶ی نیسانی ۲۰۲۵ بکرێتە بنەما بۆ گفتوگۆ و لە بەرامبەر دیمەشق و بیروڕای گشتیی سووریادا وەک پرۆژەیەک بۆ چارەسەرکردنی پرسی سووریا بخڕێتە ڕوو، نەک تەنیا کۆمەڵێک لە داواکارییەکانی کورد.
ئەو ڕێگەی سێیەمی بە بەربڵاوکردنی هاوپەیمانییەکان ناودێر کرد و گوتی پرسی کورد لە حاڵەتێکدا کە تەنیا وەک «پرسی کوردی» بخڕێتە ڕوو، دەستگەیشتن بە ڕێگەچارەی جێگیری بۆ ئەگەری نییە.
دیبۆ خوازیاری بەستنەوەی پرسی کورد بوو بە بابەتەکانی وەک هاوڵاتیبوونی پەیمانی، دیموکرسی و دادپەروەریی ڕاگوازتن بۆ هەموو سووریاییەکان و گوتی بەربڵاوکردنی ئەم چوارچێوەیە دەتوانێت یاریدەدەر بێت بۆ شکاندنی ئەو گێڕانەوەیەی کە لە قۆناغی دەسەڵاتی پێشوودا، پرسی کوردی وەک هەڕەشەیەک دژی یەکپارچەیی سووریا دەناساند.
پێویستیی داڕشتنی پەیمانی کۆمەڵایەتیی نوێ
دیبۆ جەختی کردەوە کە تێپەڕین لە تێگەیشتنە سەرەتاییەکان بۆ گفتوگۆیەکی بەربڵاو تەنیا کاتێک ئەگەری هەیە کە لایەنە سووریاییەکان پەسندی بکەن کە ڕێگەچارە، بەخشینی ئیمتیاز لە لایەن لایەنێکەوە بە قازانجی لایەنی تر نییە، بەڵکوو دروستکردنی پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی نوێیە کە لە ڕوانگەی ئینکارکردنی ڕابردوو دوور بکەوێتەوە.
ئەو زیادی کرد کە دروستکردنی قۆناغێکی نوێ لە سووریادا ناتوانێت بە هەمان ئەدەبیاتێک ئەنجام بدەرێت کە دەسەڵاتی پێشوو بۆ ئینکارکردنی بوونی پرسی کورد بەکاری دەهێنا.
بە وتەی ناوبراو، ئینکارکردنی پرسی گەلێک کە ساڵانێک لەگەڵ بێبەشبوون و جیاکاریدا ڕووبەڕوو بوون، بە مانای هێنانەدیی یەکپارچەیی نیشتمانی نییە، بەڵکوو بەردەوامیی بێدادپەروەرییە و دەتوانێت کەلێنە ناوخۆییەکانی سووریاش قووڵتر بکاتەوە.
دیبۆ لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە بەفەرمیناساندنی مافەکانی کورد، مەرجی هێنانەدیی هاوڵاتیبوونی یەکسان و ئاشتبوونەوەی ڕاستەقینەیە لە سووریادا و خوازیاری داڕشتنی دەستوورێکی نوێ بوو کە مافە زمانی، کلتووری و نیشتمانییەکان و هەروەها نوێنەرایەتیی دادپەروەرانەی کوردەکان زامندار بکات.
ناوبراو وتیشی هاوڵاتیبوون لە سووریای نوێدا دەبێت لەسەر بنەمای بەشداریکردن و نوێنەرایەتی دابمەزرێت، نەک پشکبەندی.
بۆچوونی بەکارهێنەران