ئایشەگوڵ دۆغان: لە ڕۆژانی داهاتوودا گۆڕانکاریی گەورە ڕوو دەدەن
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، «ئایشەگوڵ دۆغان» وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە بارەگای سەرەکیی ئەم پارتە سەبارەت بە دوا دۆخی پرۆسەی ئاشتی، پرسی داماڵینی چەک، ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری و گفتوگۆکانی داڕشتنی دەستووری نوێی تورکیا ئاخاوت. ناوبراو جەختی کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان بەرپرسانی حکومی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەرکردایەتیی پەکەکە سەبارەت بە داماڵینی چەک بەردەوامن و دەم پارتی چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕی گرنگە لە ڕۆژانی داهاتوودا.
ئایشەگوڵ دۆغان بە ئاماژەدان بە بەرنامەکانی داهاتووی دەم پارتی گوتی ئەم پارتە خۆی بۆ قۆناغی نوێ ئامادە دەکات، بەڵام نە تەنیا وەک ڕەوتێکی ئۆپۆزسیۆن یان ناڕازی، بەڵکو بە ئامانجی بوون بە هێزێکی سیاسیی بڕیاردهەر بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و دروستکردنی گۆڕانکاری و وەرچەرخانی دیموکراتیک.
سەرباری ئەمەش گوتی تەواوی بەرنامەرێژی و ئامادەکارییەکانی دەم پارتی بۆ قۆناغی داهاتوو، لەوانەش چالاکییەکانی کۆمیتا ناوندیی ڕێکخستن و کۆمیسیۆنەکانی تری پارتەکە، لەسەر بنەمای دەستبەرکردنی ئەم ئامانجە پەیڕەوی دەکرێن.
چاوەڕوانی بۆ ئاڵوگۆڕی گرنگ لە پرسی داماڵینی چەکدا
وتەبێژی دەم پارتی دەربارەی ڕەوتی دانوستانەکان گوتی: «پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەوانەش بەرپرسانی حکومەت، بەڕێز ئۆجەلان و سەرکردایەتیی بزوتنەوەکە سەبارەت بە داماڵینی چەک بەردەوامن.»
هەروەها گوتی ئەو لێدوانانەی لایەنە جیاوازەکان لە قۆناغە جیاوازەکاندا سەبارەت بەم بابەتە خستوویانەتە ڕوو، نیشانی دەدات کە پەیوەندی و چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە داماڵینی چەک هێشتا بەردەوامن.
دۆغان گوتی: «ئێمە چاوەڕوانین لە ڕۆژانی داهاتوودا سەبارەت بە داماڵینی چەک ئاڵوگۆڕی گرنگ ڕوو بدەن.»
بە وتەی ناوبراو، چالاکییە مەیدانییەکانی پەیوەندیدار بە داماڵینی چەک بە شێوازی دووقۆڵی لە جێبەجێبووندان و ئەو سازوکارانەی بۆ ئەم مەبەستە دروستکراون چالاکییەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن.
جەختیشی کردەوە کە هەر کاتێک ئاڵوگۆڕی بەرفراوان و بەرچاو سەبارەت بە داماڵینی چەک ڕوو بدات کە ئیمکانی ڕاگەیاندنی گشتییان هەبێت، زانیاری لەسەر ئەم ئاڵوگۆڕانە دەخرێتە ڕوو.
دۆغان: ڕۆڵی ئۆجەلان لە پرۆسەی داماڵینی چەکدا گرنگە
وتەبێژی دەم پارتی سەبارەت بە ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕایگەیاند ئەگەر ئۆجەلان بە فەرمی وەک ڕێکخەری پرۆسەی داماڵینی چەک و بەسیاسیبوونی چالاکییەکانی خۆی لەم سازوکارەدا دەست پێبکات، ئەم بابەتە دەتوانێت کاریگەریی گرنگی لەسەر بردنه پێشەوەی کرداری و کاریگەری چالاکییە مەیدانییەکان هەبێت.
جەختیشی کردەوە کە دەم پارتی ئەم بابەتە بە یەکێک لە پرسه گرنگەکانی پرۆسەی ئێستا دەزانێت.
سەبارەت بە کاندیدبوونی سەرۆککۆماری گفتوگۆمان نەکردووە
دۆغان دەربارەی هەڵوێستی دەم پارتی بەرامبەر بە کاندیدبوونی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری گوتی کە هەڵبژاردن هێشتا لە کارنامەی کاردا دانەنراوە.
بە ئاماژەدان بە لێدوانی بەرپرسانی پارتی دەسەڵاتداری تورکیا گوتی: «بەرپرسانی پارتی دەسەڵاتدار خۆیان ڕادەگەیەنن کە هەڵبژاردن لە کارنامەدا نییە، بەڵام هاوکات دەڵێن ئەگەر هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت، کاندیدی ئەوان کێ دەبێت. ئەمە هەڵسەنگاندنی خودی ئەوانە.»
وتەبێژی دەم پارتی جەختی کردەوە کە ئەم پارتە هیچ کاتێک تێڕوانینی خۆی دەربارەی هەڵبژاردن نەشاردووەتەوە، بەڵام هێشتا ناکرێت بگوترێت دەستەی جێبەجێکاری ناوەندی یان ئەنجومەنی پارتەکە دەربارەی هەڵبژاردن گفتوگۆیان ئەنجام دابێت و هەڵوێستێکی دیاریکراو لەم بوارەدا شێوەی گرتووە.
دوغان ڕوونی کردەوە: «ئێمە سەبارەت بە کاندیدبوونی سەرۆککۆماری هیچ گفتوگۆیەکمان نەکردووە.»
دەم پارتی داواکاری دەستوورێکی نوێی دیموکراتیکە
دۆغان لە بەشێکی تری قسەکانیدا دەربارەی گفتوگۆکانی داڕشتنی دەستووری نوێی تورکیا گوتی ئەم وڵاتە پێویستی بە دەستوورێکی نوێ هەیە، بەڵام ئەم دەستوورە دەبێت ماهییەت و جەوهەرێکی دیموکراتیکی هەبێت.
ڕایگەیاند: «تورکیا پێویستی بە دەستوورێک هەیە، بەڵام چ جۆرە دەستوورێک؟ تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی دیموکراتیک و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک هەیە.»
ئەوەشی زێدە کرد کە دەم پارتی تەنیا دەربارەی دیموکراتیککردنی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئامادە لە تورکیادا ئاخاوتن ناکات، بەڵکو لە دروستکردنی سیستەمێکی نوێ و دەستپێکردنی ڕەوتێک بۆ بنێنانی ئاخاوتن دەکات.
دوغان جەختی کردەوە کە تێڕوانینی ئەم پارتە بۆ پرسی دەستووریش لەسەر دەستبەرکردنی ئەم بنەمایە وەستاوە.
بۆچوونی بەکارهێنەران