کورتەی هەواڵەکانی۲۳ی بەفرانباری ۱۴۰۴ی هەتاوی

کورتەی گرینگترین هەواڵەکانی۲۳ی بەفرانباری ۱۴۰۴ی هەتاوی لە ستۆدیۆی کوردپرێس پێشکەشتان دەکرێت.

لەسەر فڕێدانی تەرمی ژنە شەڕڤانێک، داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دەکرێت
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا دەردەکەوێت سەربازێکی حکوومەتی سووریا تەرمی ئەندامێکی ئافرەتی ئاسایشی حەلەب لە باڵەخانەیەکەوە فڕێ دەداتە خوارەوە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی سووریا داوای لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە و سەربەخۆ دەکەن.
ڕووداوەکە لە کاتی پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان هێزەکانی حکوومەتی سووریا و هێزە کوردییەکان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب ڕوویداوە، لە ڤیدیۆکەدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، چەکدارێک لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەیەکی وێرانبووەوە تەرمی دەنیز عەفرین ژنە شەڕڤانی ئاسایشی حەلەب فڕێ دەداتە سەر شەقامەکە.
هەروەها ڤیدیۆیەکی دیکەش بڵاوبووەتەوە کە تێیدا سەربازێک سووکایەتی بە تەرمی ئەندامێکی دیکەی ئاسایشی حەلەب دەکات و بە پەتێک کە بە قاچیەوە بەستراوە بەسەر پلیکانەکاندا ڕای دەکێشێت، هاوکات ئەوانی دیکە سووکایەتی پێ دەکەن. هێزە کوردییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئەو کوژراوە ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بووە.

گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە هەڵەبجە بۆ پشتگیری لە کوردەکانی سووریا بەڕێوەچوو
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو هێرش و پەلامارانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کرانە سەر کوردانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە پارێزگای حەلەب، گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەچوو. لە میانی بەڕێوەچوونی گردبوونەوەکەدا، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە وتی: "پەیامی ئێمە، پەیامی یەکدەنگی و هاودەنگیی هەرچوار پارچەی کوردستانە. بە خوشک و براکانمان لە هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دەڵێین کە ئێمە لەگەڵتانین و پشتیوانتانین".
پارێزگاری هەڵەبجە ئیدانەی هەموو جۆرە توندوتیژییەکی کرد کە بەرامبەر بە کورد ئەنجام دەدرێت و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەپەلە بێنە سەر هێڵ بۆ ڕاگرتنی ئەو پەلامارانە.

کد مطلب 2792611

برچسب‌ها

نظر شما

شما در حال پاسخ به نظر «» هستید.
captcha