بەرهەم ساڵح لەگەڵ پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ شەممە (11ی ئەیلولی 2021) لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیی کرد لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر و هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک و ئازاد تۆفیق رەحیم، پارێزگاری هەڵەبجە و سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و خزمەتگوزاری گفتوگۆ کرا.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕاشیگەیاند لە دیدارەکەدا بەگرنگییەوە باس لە بەھێزکردنی هەوڵەکان کرا، بۆ گەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە رێگای دیالۆگ و گفتوگۆ، ھەروەھا دووپاتکرایەوە لەگرنگی پاراستنی مافە رەواکانی ھاووڵاتیان بێ جیاوازی.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح جەختی کردەوە لەگرنگیی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و ریشەیی بۆ کۆتاییھێنان بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستور و یاسا، بەتایبەتی کێشە داراییەکان و پاراستنی مافە رەواکانی خەڵک و موچەخۆران و خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بێ جیاوازی.
بۆچوونی بەکارهێنەران