چاودێریی ئەمنی بەسەر گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکاندا لە پارێزگای نەینەوا توند بوویەوە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە دوای دەرچوونی فەرمانە نوێیەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی بەرهەمە نەوتییەکان، لیژنەیەکی ئەمنیی هاوبەش بە سەرۆکایەتیی عەبدوڵڵا ڕەمەزان، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و بە بەشداریی دەزگا ئەمنییە جیاوازەکان پێک هێنراوە تاوەکوو چاودێریی ڕاستەوخۆی ڕەوتی گواستنەوەی بەنزین، نەوتی سپی و گازوایل لەم پارێزگایەدا بکات.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئاگادار، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دراوە کە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژەیان بە نەگەیشتنی تەواوەتیی پشکی دیاریکراوی بەنزینی پارێزگای نەینەوا کردووە کە بڕەکەی ٣ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن لیترە.
بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتانە، بەشێک لەم پشکە بە بیانووی ئەنجامدانی کاری پاڵاوتن لە لایەن یەکێک لە پاڵاوگەکانەوە کەم دەبێتەوە و هەر ئەم پرسەش مانگانە دەبێتە هۆی کورتهێنانی ١٠ تا ٢٠ تانکەر لە پشکی تەرخانکراو.
ئەم ڕێوشوێنانە بە ئامانجی دابینکردنی ئاسایشی ئەو بارە سووتەمەنییانەی کە لە پاڵاوگەکانی کەرکووک، کەربەلا، بێجی و بەتایبەت پاڵاوگەی کارەوە دەهێنرێن بۆ نەینەوا، گیراونەتە بەر.
گواستنەوەی ئەم بارانە لەو ڕووەوە ڕووبەڕووی سەختی دەبێتەوە کە کۆمپانیایەکی دەوڵەتیی دیاریکراو بۆ گواستنەوەیان نییە و ئەم بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆی خاوەن وێستگەکانی سووتەمەنیی حکوومی و کەرتی تایبەتدایە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای نەینەوا هەروەها ڕایگەیاند کە ئەم هەڵمەتە، گۆڕەپانەکانی گۆگجەلیی لە ڕۆژهەڵاتی مووسڵ و ناوچەکانی دەوروبەری بەری ڕاستی ئەم شارەی گرتووەتەوە.
بە گوتەی ئەم سەرچاوەیە، هەندێک لەم گۆڕەپانانە هی کەسانی دەستڕۆیشتوون کە لە قاچاخی نەوت و فرۆشتنی پاشماوەی گازوایل لە بازاڕی ڕەشدا کار دەکەن.
چەند ڕۆژێک پێش ئێستاش لیژنەیەکی ئەمنیی هاوبەش بە سەرۆکایەتیی قایمقامی قەزای مووسڵ و بە بەشداریی هێزەکانی ئۆپەراسیۆن، پۆلیس و حەشدی شەعبی، هەڵمەتێکی دژی نزیکەی ١٥ گۆڕەپان و ناوەندی گومانلێکراو بە قاچاخی نەوت و کڕین و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە بازاڕی ڕەشدا ئەنجام دابوو.
بۆچوونی بەکارهێنەران