خبر 2026-11-19 10:02 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

شاسوار عه‌بدولواحید: بەڵێ بۆ مانەوەی هەرێمی کوردستان، نەخێر بۆ مانەوەی مه‌سروور بارزانی

شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆکی جووڵانەوەی نه‌وه‌ی نوێ رایده‌گه‌یه‌نێت، بوونی مه‌سروور بارزانی له‌ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم، "کێشه‌یه‌کی جددییه‌" و ئه‌و دۆخه‌که‌ مه‌ترسیداره‌ی که‌ هه‌یه‌ په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ کۆکردنه‌وه‌ی واژو بۆ به‌هه‌رێمبونی سلێمانی. ده‌شڵێت، به‌ڵێ بۆ مانه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان، نه‌خێر بۆ مانه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆکی جووڵانەوەی نه‌وه‌ی نوێ، له‌ په‌یامێکدا رایگه‌یاند "ره‌نگه‌ هەندێک کەس جوان تێنەگەیشتبێت؛ ئەم دۆخەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە زۆر مەترسیدارەو په‌یوه‌سته‌ بە مانەوەی مەسرور بارزانی، په‌یوه‌ست نییە بە کۆکردنەوەی واژۆ بۆ بەهەرێمبونی سلێمانی و ئەو قسانە. ئەوەی کەواتان پێ ئەڵێ خۆی گێل ئەکا."

سه‌رۆکی جووڵانەوەی نه‌وه‌ی نوێ وتیشی "ڕۆژئاوای کوردستان کە ئێستا دۆخی کورد لاواز بووە واژۆیان کۆکردبوەوە بۆ بەهەرێمبون؟ نەخێر، دۆخێک هاتوەتە پێشەوە. لە هەرێمی کوردستان لێرەدا ئاگادار بن، هەر کەسێک بڵێ وەڵا من دژی دوئیدارەیی و دو هەرێمیم بەبێ ئەوەی باسی مانەوەی مەسرور بارزانی و ئەسڵی کێشەکە بکات کە هەشت ساڵە بە ناقانونی لەو پۆستەدایە و کورد دۆستی نەماوە، ئەوە ئەو کەسە، دور لە ڕوی جەنابتان، چڵکاوخۆری پارتییە. ئەوەی کە نەڵێت: بەڵێ بۆ مانەوەی کوردستان، نەخێر بۆ مانەوەی مه‌سرور بارزانی، ئەوە دیارە خۆی گێل ئەکا."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "ئەسڵی بابەتەکە ئەوەیە که‌ کورد لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان لاواز بوە، دامه‌زراوه‌کانمان لاواز بون، حکومەتمان نییە. ئەم مه‌سرور بارزانییە بۆ چوار ساڵ هەڵبژێردراوە، هەشت ساڵە لە پۆستەکەیدایە، دۆستمان نەماوە، بەینمان لەگەڵ هیچ وڵاتێکدا باش نییە."

وتیشی "کورد لە سایەی ئەم حکومەتە لەگەڵ تورکیا، لەگەڵ ئێران، لەگەڵ بەغداو تەنانەت لەگەڵ خۆماندا دۆخی تێکچوه‌. تەسەور بکەن ئەم حکومەتە، ئەم سەرۆک وەزیرانی ماوەبەسەرچوە پەیوەندی نییە لەگەڵ هێزە کوردییەکاندا، لەناو پارتیدا پەیوەندی نییە. دۆخی کورد دۆخێکی خراپە، بۆیە هەر کەسێک بیەوێت بەڕاستی به‌رگری لە هەرێمی کوردستان بکات، بە دڵ دۆستی کورد و ئەم ئەزمونەی کورد بێت، ئەبێ بڵێ: بەڵێ بۆ مانەوەی هەرێمی کوردستان، نەخێر بۆ مانەوەی مه‌سرور بارزانی."

شاسوار عه‌بدولواحید هێمای بۆ ئه‌وه‌ش کرد "مەسرور بارزانی بمێنێتەوە لەم پۆستەدا ئەوە ئەشیبینن؛ دۆخی کورد ئەوه‌نده‌ی تر تێکدەچێت و ئەم مه‌ترسییه‌ی لەسەر کورد هه‌یه‌ ره‌نگه‌ هەندێک کەس تێنەگەشتبێت که‌ موشکیلەیەکی جدییه‌، ئەبێ فریای بکەوین. فریاکەوتنەکەیشی ئەوەیە نابێ ئەم پیاوە لە پۆستی سەرۆک وەزیراندا بمێنێتەوە."

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.