سکاڵایەکی دیکە لە دژی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە ڕەتکرایەوە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، راگەیاندنی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، دادگاکە سکاڵای ژمارە (٢١١/فیدراڵی/٢٠٢٦)ـی رەتکردووەتەوە. ئەم سکاڵایە لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ تۆمار کرابوو و داوای دەکرد خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستووری دابنرێت.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: دانیشتنی دادگا بە سەرۆکایەتیی مونزیر ئیبراهیم حوسێن، دادوەر و سەرۆکی دادگاکە و بە ئامادەبوونی هەموو دادوەرەکان بەڕێوەچووە. لە دانیشتنەکەدا چاو بەو سکاڵایەدا خشێنراوەتەوە، کە سکاڵاکار لە دژی سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان تۆماری کردبوو.
دادگای فیدراڵی ئاماژەی بەوە دا، سکاڵاکار لە سکاڵانامەکەیدا داوای کردبوو بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستووری بناسێنرێت و رێکارە یاساییەکانی دوای ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێن.
روونیشی کردەوە، بەپێی بەندی (٩٣/یەکەم)ـی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراق، دەسەڵاتی دادگای فیدراڵی تەنیا بۆ چاودێریکردنی ئەو یاسا و رێسایانەیە ئێستا کاریان پێ دەکرێت. بۆیە پرسی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە سنووری دەسەڵاتی ئەو دادگایەدا نییە.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، دیاریکردنی سنووری دەسەڵاتی دادگا کارێکی گشتییە و دادگا خۆی بڕیاری لەسەر دەدات، تەنانەت ئەگەرلایەنەکانی سکاڵاکەش باسیان نەکردبێت. بەو هۆیەشەوە سکاڵاکە رەت کرایەوە و بڕیارەکەش بە کۆی دەنگ دەرچووە، بەپێی بەندی (94)ـی دەستووریش هەموو دەسەڵاتەکان دەبێت پێوەی پابەند بن.
بۆچوونی بەکارهێنەران