نەخۆشخانە قەیسەری: ئەوین زاپسو لەمە زیاتر ناتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نەخۆشخانەی شاری قەیسەری بۆ ئەوین زاپسو، زیندانیی نەخۆشی بەندکراو لە زیندانی ژنانی بونیانی قەیسەری، ڕاپۆرتی «ناتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە»ی دەرکردووە.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ڕاپۆرتی نەخۆشخانە بۆ پشکنین و پشتڕاستکردنەوەی کۆتایی بۆ دەزگای پزیشکی دادوەریی تورکیا نێردراوە. لە ئەنجامدا، سەرەڕای ڕای ڕاشکاوی نەخۆشخانە سەبارەت بە نالەباربوونی دۆخی زیندان بۆ زاپسو، هێشتا بڕیارێک سەبارەت بە دواخستنی جێبەجێکردنی سزا یان ئازادکردنی نەدراوە.
هەمان نەخۆشخانە لە ١٦ی تشرینی دووەمدا لە ڕاپۆرتی نەخۆشیناسیی خۆیدا ڕایگەیاندبوو زاپسو تووشی شێرپەنجەی منداڵدان لە قۆناغی چواردا بووە و دەبێت چارەسەرەکەی دەستبەجێ لە نەخۆشخانەیەکی تۆکمەدا دەست پێ بکات. بەپێی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان، نەخۆشییەکە بۆ ئەندامەکانی ناوەوەی لەشییشی تەشەنەی کردووە.
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەرحەد ئەرەن، نوێنەری ئامەد لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان، گەڵاڵەی هەموارکردنەوەی یاسای پەیوەندیدار بە دواخستنی جێبەجێکردنی سزای زیندانیانی نەخۆشی پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد.
بەپێی ئەم گەڵاڵەیە، دەزگای پزیشکی دادوەری ئیتر تاکە دامەزراوەی ڕێگەپێدراو نابێت بۆ دەستنیشانکردنی نەتوانینی زیندانیانی نەخۆش لە بەردەوامبوونی بەندکردن و ڕاپۆرتی دەرکراو لە لایەن نەخۆشخانە تۆکمە و خاوەن شیاوێتییەکانیشەوە دەتوانێت ڕاستەوخۆ ببێتە بنەمای بڕیاری دادوەری بۆ دواخستنی جێبەجێکردنی سزا.
ئەرەن بە ڕەخنەگرتن لە چاوەڕوانیی درێژخایەنی نەخۆشەکان بۆ وەرگرتنی ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری گوتی لە زۆر حاڵەتدا، ڕاپۆرتی ئەم دامەزراوەیە لەگەڵ دەستنیشانکردنی پزیشکان و نەخۆشخانەکاندا ناکۆک بووە یان لە کاتێکدا دەرکراوە کە دەرفەتی چارەسەری کاریگەری نەخۆش لەنێو چووە.
بنەماڵەی زیندانیانی نەخۆش، دامەزراوە مافییەکان و نوێنەرانی پارتی دەمیش لە ناڕەزایەتی بە بەردەوامیی بەندکردنی ئەم زیندانییانە، مانگرتنێکی بێسنووریان لەبەردەم وەزارەتی دادی تورکیادا دەست پێ کردووە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئەوین زاپسو، نەورۆز بۆزکورت و زیندانیانی نەخۆشی تری کردووە.
بۆچوونی بەکارهێنەران