جورف سەخر بیانوویەکە بۆ کۆنتروڵی سەرچاوەکانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، یادداشتی دەستەی نووسەرانی ئۆیڵ پرایس نیشانی دەدات حکوومەتی عێراق دۆسیەی قاچاخی نەوت لە باشووری بەغدا وەک ئامرازێکی گوشار بۆ فراوانکردنی هەژموون و چاودێریی ڕاستەوخۆ بەسەر سەرچاوەکانی وزەی هەرێمی کوردستاندا بەکار دەهێنێت؛ ڕێبازێک کە ئەگەر بێتە دی، دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی دەسەڵاتی بەغدا بەسەر کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێم و سنوورداربوونی دەسەڵاتەکانی حکوومەتی هەرێم لە بەڕێوەبردنی ئەم سەرچاوانەدا.
ئۆیڵ پرایس لە نووسینێکدا کە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی دووەم بڵاوی کردەوە، هەنگاوی حکوومەتی عێراقی بۆ دەستبەسەرداگرتنی بۆڕیی نەوت لە ناوچەی جورف سەخری پارێزگای بابل، لە سەرووی ئۆپەراسیۆنێکی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی نەوتەوە هەڵسەنگاندووە و بە بەشێک لە هەوڵەکانی بەغدای زانیوە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی زیاتر بەسەر ژێرخان و سەرچاوەکانی وزەی عێراقدا، بەتایبەت هەرێمی کوردستان. لەسەر بنەمای ئەم شیکارییە، حکوومەتی فیدراڵیی عێراق دۆسیەی قاچاخی نەوت لە باشووری بەغدا بۆ زیادکردنی گوشار لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنێت تاوەکو نەوتی زیاتر ڕادەستی حکوومەتی ناوەندی بکات و دەرفەتی پشکنینی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم بۆ چاودێرە فیدراڵییەکان بڕەخسێنێت.
لە ناوچەی جورف سەخر، حکوومەتی عێراق فەرمانی بە هێزە فیدراڵییەکان داوە کۆنتڕۆڵی بۆڕییەکی نەوت بگرنە دەست کە بە گوتەی بەرپرسانی عێراقی، لانی کەم لە ساڵی ٢٠٢١ەوە بە شێوەی نایاسایی نەوتی لێ دزراوە. خەمڵاندنی بەرپرسانی عێراقی نیشانی دەدات لە ڕێگەی قاچاخی نەوتەوە لەم بۆڕییەوە سەدان ملیۆن دۆلار داهات بە دەست هاتووە.
حکوومەتی عێراق دواوادەیەکی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە دیاری کرد. بەغدا دواجار هەواڵی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکە ڕاگەیاند و هێزە فیدراڵییەکان ڕۆژی هەینی، ٢٠ی تشرینی دووەم، دەستیان کرد بە پێکهێنانی بارەگایەکی فەرماندەییی هاوبەش لە جورف سەخر. بڕیارە ئەم بارەگایە چاودێریی چالاکیی لیوایەکی سوپا، لیوایەکی پۆلیسی فیدراڵ، فەوجێکی پۆلیسی وزە بۆ پاراستنی بۆڕییەکە و دوو لیوا لە هێزەکانی حەشدی شەعبی بکات.
بەپێی ڕاگەیاندنی حەشدی شەعبی، یەکە نوێیەکان جێگەی هێزەکانی گرووپی پێشوو لە ناوچەکەدا دەگرنەوە، هەرچەندە ژمارەیەک لە هێزەکانی ئەم گرووپەش لە پێکهاتە نوێیەکەدا جێگیر دەبن.
ئۆیڵ پرایس بە دانانی ئەم پێشهاتانە لە پاڵ سیاسەتی حکوومەتی ناوەندی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، جەخت لە پەیوەندیی نێوان دۆسیەی جورف سەخر و ناکۆکییە نەوتییەکانی بەغدا و هەولێر دەکاتەوە. لەسەر بنەمای ئەم هەڵسەنگاندنە، حکوومەتی عێراق لە هەوڵدایە لە ڕێگەی زیادکردنی دەسەڵات بەسەر ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی نەوت و بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی دەرەوەی چاودێریی فیدراڵییەوە، زەمینە بۆ فراوانکردنی مەودای چاودێریی خۆی بەسەر چالاکییە نەوتییەکانی هەرێمدا بڕەخسێنێت.
لەم چوارچێوەیەدا، داواکاریی بەغدا بۆ ڕادەستکردنی نەوتی زیاتر لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوە و ڕەخساندنی دەرفەتی پشکنینی کێڵگە نەوتییەکان لە لایەن چاودێرە فیدراڵییەکانەوە، بەشێکی گرنگی ئەم ستراتیژییەتە هەژمار دەکرێت. بۆیە، بە گوتەی دەستەی نووسەرانی ئۆیڵ پرایس، چوونەناوەوەی هێزە فیدراڵییەکان بۆ جورف سەخر دەتوانرێت وەک نیشانەیەک لە ڕێبازی فراوانتری بەغدا بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی بەسەر ژێرخانەکانی وزە و زیادکردنی چاودێری بەسەر سەرچاوەکانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستاندا دابنرێت؛ کە ئەگەر پێش بکەوێت، دەتوانێت هاوسەنگیی دەسەڵاتەکان لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمدا لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی وزەدا بگۆڕێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران