خبر 2026-11-21 12:17 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

ئامەدسپۆر لە هەوڵی حەوتەمین سەرکەوتنی نێوماڵی خۆیدایە؛ چایکور ڕیزەسپۆر میوانی ئامەدە

ئامەدسپۆر لە هەفتەی دوانزدەیەمی سوپەرلیگی تورکیادا، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە یاریگەی ئامەد ڕووبەڕووی چایکور ڕیزەسپۆر دەبێتەوە؛ یارییەک کە یەکەمین ڕووبەڕووبوونەوەی هەردوو یانەیە لە ڕکابەرییەکانی خولدا و سەرکەوتن تێیدا دەتوانێت نوێنەری ئامەد لە ڕیزی پاڵێوراوانی سەرەوەی ڕیزبەندیدا بهێڵێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، یانەکانی ئامەدسپۆر و چایکور ڕیزەسپۆر ئەمڕۆ شەممە، ٢١ی تشرینی دووەم، لە کاتژمێر ١٦:٠٠ بە کاتی تورکیا، لە چوارچێوەی هەفتەی دوانزدەیەمی سوپەرلیگدا ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. ئەم یارییە لە یاریگەی ئامەد بەڕێوە دەچێت و ئومیت ئۆزتورک ناوبژیوانیی دەکات.

ئامەدسپۆر لە ١١ هەفتەی ڕابردوودا بە حەوت سەرکەوتن، دوو یەکسانبوون و دوو دۆڕان، ٢٣ خاڵی کۆ کردووەتەوە و لە پلەی سێیەمی ڕیزبەندیدایە. ئەم یانەیە تا ئێستا ٢٨ گۆڵی تۆمار کردووە و ١٥ گۆڵی لێ تۆمار کراوە.

نوێنەری ئامەد لە یەکەمین وەرزی بەشداریی خۆیدا لە سوپەرلیگ، ئاستێکی بەرچاوی لە یارییەکانی نێو یاریگەی خۆیدا نیشان داوە. ئامەدسپۆر هەر شەش یارییەی کە لە یاریگەی خۆیدا کردوونی بە سەرکەوتن تێپەڕاندووە و بە تۆمارکردنی ١٩ گۆڵ لە یاریگەی خۆیدا، یەکێک بووە لە هێرشبەرترین یانەکانی ڕکابەرییەکان.

لە لایەکی ترەوە، چایکور ڕیزەسپۆر بە چوار سەرکەوتن، دوو یەکسانبوون و پێنج دۆڕان، ١٤ خاڵی هەیە و لە پلەی یازدەیەمی ڕیزبەندیدا وەستاوە. ئەم یانەیە بەشێکی زۆری خاڵەکانی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە دەست هێناوە و لە شەش یاریی دەرەوەی یاریگەی خۆیدا، سێ سەرکەوتن، دوو یەکسانبوون و یەک دۆڕانی تۆمار کردووە.

لە پێکهاتەی ئامەدسپۆردا چاوەکان لەسەر گیفت ئۆربان جێگیر بوون؛ هێرشبەرێک کە بە ١٠ گۆڵ و چوار لێدانی یەکلاکەرەوە، لە لووتکەی ڕیزبەندیی گۆڵکارانی خولەکەدایە و بە یەکێک لە کۆڵەکە هەرە سەرەکییەکانی هێڵی هێرشبردنی یانەکە دادەنرێت.

ئامەدسپۆر و چایکور ڕیزەسپۆر پێشتر دوو جار لە جامی تورکیادا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە کە پشکی هەر یانەیەک یەک سەرکەوتن بووە؛ بەڵام یاریی ئەمڕۆ یەکەمین یاریی نێوانیان دەبێت لە ڕکابەرییەکانی خولدا.

ئەم یارییە هێشتا دەستی پێ نەکردووە و بڕیارە لە کاتژمێر ١٦:٠٠ بە کاتی ناوخۆیی بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە کەناڵی beIN SPORTS 2 پەخش بکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.