مەسروور بارزانی دەبێتە سەرۆكی كابینەی دەیەم و یازدەیەمیش
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هێمن هەورامی، ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، مەسروور بارزانی جێبەجێكاری فەلسەفەی حوكمڕانیی پارتییە بۆ بەردەوامیی چاكسازی، پرۆژەی خزمەتگوزاری و بەهێزكردنی ژێرخانی ئابوری، و سەرەڕای پیلانەكان و قەیرانە دارایی و سیاسییەكان، ئەم ڕەوتەی دەسەڵات نەک بۆ كابینەی دەیەم بەڵكو بۆ كابینەی یازدەهەمیش دەمێنێتەوە. هەورامی ئاماژەی بەوەشكرد پارتی لە دوای داواكارییەكەی مەسعود بارزانی لە ساڵی 1992 لە كۆیە بۆ هەڵبژاردن، هەمیشە متمانەی زۆرینەی خەڵكی كوردستانی بەدەستهێناوە.
هەر بەپێی وتەكانی ئەو سەركردەیەی پارتی، ئەوانەی هێرش دەكەنە سەر مەسرور بارزانی، كەسانێكی "ساختەچی و شكستهێناون" كە بازرگانی بە دەنگدەران دەكەن و دەیانەوێت داشۆرانی بەها ئەخلاقییەكانیان پەردەپۆش بكەن؛ هاوكات جەختی كردەوە كە پارتی شانازی بە سەرجەم دەستكەوتەكانی لە قۆناغەكانی حوكمڕانیدا دەكات و لە بەرپرسیارێتیی كەموكوڕییەكانیش ڕان ناكات.
هێمن هەورامی وتی: "كاروانی خەبات و سەركەوتنەكانی كاک مەسروور بارزانی بەردەوامە و كەسی ساختەچی و دەنگفرۆشیش با لە گێژاوی دۆڕاوی و دەرونڕوخاوی خۆیاندا بگەوزێن. ئەم شێوازەی حوكمڕانی نەك بۆ كابینەی دەیەم بەڵكو بۆ كابینەی یازدەیەمیش بەردەوام دەبێت".
دەشڵێت، "خەڵک و مێژوی کوردستان شاهێدن کە لەسەر بنەماکانی رێبازی بارزانی، لای پارتی حزب ئامرازە و کورد و کوردستان و دۆزە رەواکەی ئامانجە ستراتیژیەکەیە. زانراویشە تیری نەیار و دوژمن بۆ سنگی کێ بوو، حەق لای ئەوە.
بۆچوونی بەکارهێنەران