وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و شاندێکی هاوپەیمانان گفتوگۆ لەبارەی هەڕەشەکانی داعش دەکەن لە ناوچەکەدا
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزیری پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان، شۆڕش ئیسماعیل پێشوازیی لە راوێژکارانی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد لە پێکهاتبوو لە بەرپرسی ئۆفیسی ھاریکاری ئەمنی ئەمریکا لە بەغدا، کۆلونێڵ ھانن و بەرپرسی ئۆفیسی ئەمنی ئەمریکا لە ھەولێر، کۆلۆنێل دۆگلاس.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، لەمیانی کۆبونەوەیەکدا، کە بریکاری وەزارەت، سەربەست لەزگین و ئەمینداری گشتیی، جەبار یاوەر مەندە و سەرۆکی ئەرکان، جەمال محەمەد و راوێژکاران و بەرپرسانی باڵای وەزارەت ئامادەیبوون. گفتوگۆکرا لەبارەی دوایین مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکە و پتەو کردنی پەیوەندیەکانی نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، ھاوکات بەبایەخەوە تاوتوێی ناوەندەکانی ھەماھەنگی ئەمنی ھاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق کرا لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
وەزیری پێشمەرگە ستایشی ھاوکاری و یارمەتییە لۆجیستی و سەربازیی و راوێژکارانی سەربازیی ئەمریکای کرد و پاڵپشتی و ھەماھەنگی بەردەوامی وەزارەتی پێشمەرگەیشی بۆ دووپاتکردنەوە.
تەوەرێکی دیکە کۆبوونەوەکە گفتوگۆ کردن بوو لەسەر پڕۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە و بۆ ئەمەش راوێژکارانی باڵای سەربازیی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کرد لەگەڵ پێشمەرگەدا ھەنگاوی گرنگ و باشیان بڕیوە و چاوەڕیی پێشکەوتنی زیاتریش دەکەن.
لەکۆتایی دیدارەکە، ھەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پتەو کردنی زیاتری پەیوەندییەکان و بەرەو پێشبردنی بۆ ئاستێکی باڵاتر.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران