مەسروور بارزانی: هێشتا تاران نەیتوانیوە هیچ لێکدانەوەیەکی قایلکەر بۆ هێرشەکانی پێشکەش بکات
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "شەمس" ڕایگەیاند، هەرێم بەرهەمی قوربانیدانی شەهیدان و گەلەکەیەتی و بە هیچ جۆرێک ڕێگە بە دابەشکردنی قەوارەکەی نادرێت. بارزانی بەغدای بە بەرپرسیار زانی لە ڕێگریکردن لەو هێرشانەی لە خاکی عێراقەوە دەکرێنە سەر هەرێم، و جەختی کردەوە کە پێویستە دەسەڵاتی یاسا بەسەر سەرجەم هێزەکاندا بسەپێنرێت، چونکە بەپێی دەستور پێشمەرگە خاوەنی هەمان پێگەی فەرمیی هێزە عێراقییەکانە و نابێت هیچ میلیشیایەک لە دەرەوەی یاسا هەبێت.
سەبارەت بە پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان، سەرۆکی حکومەت ڕونیکردەوە کە هەرێم نابێتە بەشێک لە هیچ پێکدادانێک و خاکەکەی دژی وڵاتانی دراوسێ بەکارناهێنرێت؛ بەڵام هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر کوردستان بە جێگەی داخ ناوبرد و ئاشکرای کرد کە تاران نەیتوانیوە هیچ لێکدانەوەیەکی قایلکەر بۆ هێرشەکانی پێشکەش بکات، لە پاڵ ئەوەی کاراکردنەوەی پەرلەمانیشی بە ئەرکێکی ئەخلاقی بۆ پاراستنی شەرعییەت ناوبرد.
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "کوردستان بەرهەمی قوربانیدانی گەلەکەمان و پێشمەرگەیە؛ هەر کەسێک هەوڵی دابەشکردنی ئەم هەرێمە بدات سەرکەوتو نابێت، چونکە کەس ماف و توانای ئەوەی نییە کوردستان دابەش بکات".
پەیامەکانی مەسروور بارزانی هاوکاتە لەگەڵ بەرزبونەوەی گرژییە ناوخۆییەکان پاش کاراکردنەوەی پەرلەمان لە لایەن پارتی و کشانەوەی یەکێتی لە حکومەت. لە لایەکی دیکەشەوە، بەهۆی ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە، کێڵگە غازی و نەوتییەکانی هەرێم (وەک کۆرمۆر) بەردەوام کەوتونەتە بەر هێرشی موشەکی و درۆنیی گروپە چەکدارەکان کە کێشەی گەورەی لە دابینکردنی وزەدا دروست کردوە.
بۆچوونی بەکارهێنەران