خبر 2026-10-13 08:08 کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ
نێچیرڤان بارزانی:

هێزە کوردە نەیارەکانی ئێران بە ڕەفتاری "نابەرپرسیارانە" هەرێمیان خستوەتە بەردەم مەترسیی گەورەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری مێری، ڕەخنەی لە حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران گرت و بە "نابەرپرسیار" وەسفیکردن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی لەمیانەی پانێڵیکی لە دیداری مێری ڕایگەیاند، حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بەهۆی باسکردنی چوونە ناو خاکی ئێران لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، هەرێمیان خستوەتە بەردەم مەترسیی گەورە و زۆر نابەرپرسیارانە رەفتاریانکردوە. 

سەبارەت بە دۆخی تورکیا، بارزانی باسی لەوە کرد کە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا و عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە لە پڕۆسەی ئاشتیدا جدین. ئەو گێڕایەوە کە بە ئەردۆگانی وتوە، "ئێستا کورد دوعای خێر بۆ تەندروستیی باخچەلی دەکەن"، کە ئەمەش نیشانەی گۆڕانی سەردەمە. بارزانی پێی وایە کوردستان ئەوەی لە سەر شانی بوە لە نێوان ئەنقەرە و قەندیل ئەنجامی داوە و بەردەوامیش دەبێت.

نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەشکرد، ئێمە هەمیشە وەک بەشێک لە چارەسەر دەمێنینەوە و پشتیوانیی هەر هەنگاوێک دەکەین کە ئاشتی و سەقامگیری بۆ گەلەکەمان فەراهەم بکات.

لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمەوە نێچیرڤان بارزانی وتی، سیاسەتی ئێمە وەک یەکێتی و پارتی ئەوە بو نابێت هەرێم ببێت بە بەشێک لە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران، بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم هەردو.لا زۆر هەماهەنگ و سەرکەوتوو بوون.

لەبارەی حکوومەتی کابینەی نوێی هەرێمیشەوە وتی: "ریکۆردمان شکاندووە لە دواکەوتن لە پێکهێنانی حکوومەت و پێش بەلجیکا کەوتین. بەڵام لەسەر پێکهێنانی حکوومەت لەگەڵ یەکێتی سەرەتای هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوە دەکەین و بەوهیوایەی بگەینە ئەنجام".

 

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.