پارتی و یەکێتی بە بەرپرسیاری سەرەکی دەزانین لەئەگەری لەتبوونی هەرێم
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد: "مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەسەرپەرشتی ئەمینداری گشتی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە شاری سلێمانی ئەنجامدا، کە تیایدا بەشێکی زۆری کۆبونەوەکە تایبەت کرا بە ئەو بارودۆخە چەقبەستوییە سیاسییەی کە هەیە".
یەکگرتووی ئیسلامی باسی لەوەشکرد: "لەئێستادا هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە قەیرانی سیاسی، ئابووری و کارگێڕیدا تێدەپەڕێت، کە بووەتە هۆی سەختبوونی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان و لاوازبوونی متمانە بە دامەزراوە فەرمییەکان".
ئەوەشیخستەڕوو: "ئێمە لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، وەک هەمیشە لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئەخلاقی، لە قۆناغەکانی ڕابردوودا چەندین هەنگاوی کردەیی و دەستپێشخەریمان خستووەتە ڕوو؛ هەر لە پێشکەشکردنی پڕۆژەی چاکسازی و هەوڵدان بۆ یەکڕیزی نیشتمانی و تەبایی نێوان لایەنەکان، تا دەگاتە بڕیاری کشانەوە لە حکوومەت و هەڵبژاردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆنبوون، وەک هەڵوێستێکی مەبدەئی دژی گەندەڵی و قۆرخکاری و بۆ بەرجەستەکردنی ئیرادەی گەل. بەداخەوە لە بری بەدەمەوەهاتنی ئەو هەنگاوە دڵسۆزانەیە، دەسەڵاتداران بەردەوام بوون لەسەر سیاسەتی پەراوێزخستن و درێژەدان بە قەیرانەکان ".
مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکاتەوە:
1/ بەرپرسیارێتی مێژوویی و یاسایی: هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) بەرپرسیاری یەکەم و سەرەکین لە دۆخی چەقبەستوویی سیاسی و ئەگەری لەتبوونی هەرێم و لاوازکردنی زیاتری پێگە سیاسیەکەی و دەرهاویشتە خراپەکانی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و پەکخستنی دامەزراوە شەرعییەکان، چونکە جومگە سەرەکییەکانی حوکمڕانی و داهاتی ئەم وڵاتە لەژێر دەستی ئەواندایە.
2/ کۆتاییهێنان بە قۆرخکاری: پێویستە چیتر بەرژەوەندی حزبی و کەسی نەخرێتە پێش بەرژەوەندی باڵای هاووڵاتیان، و هەنگاوی جدی بنرێت بۆ شەفافیەت لە داهات و چاکسازی ڕاستەقینە لە سیستەمی حوکمڕانیدا. پاراستنی قەوارەی هەرێم و شکۆی هاوڵاتیەکانی لەسەروی هەموو شتێکەوە بێت.
3/ پشتگیریکردنی داوا ڕەواکان: یەکگرتوو وەک هەمیشە لە سەنگەری بەرگریکردن لە ماف و داوا ڕەواکانی مووچەخۆران و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەمێنێتەوە و پشتیوانی هەموو خەباتێکی مەدەنی و ئاشتیانە دەکات.
یەکگرتووی ئیسلامی داوا دەکات لایەنەکانی دەسەڵات بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن و چیتر هاووڵاتیانی کوردستان نەکەنە قوربانی ململانێ حزبییەکانیان، چونکە مێژوو و گەل ڕەحم بە کەس ناکەن.
بۆچوونی بەکارهێنەران