خبر 2026-10-13 09:17 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

سێ فەرماندەی پێشووی هەسەدە سێ پۆستی باڵای هەواڵگری و ئەمنییان لە حەسەکە وەرگرت

حکوومەتی کاتیی سووریا لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی یەکخستنی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، سێ فەرماندەی پێشووی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە - SDF)ی بۆ پۆستە باڵاکانی هەواڵگری و ئەمنی لە پارێزگای حەسەکە دیاری کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرپرسانی حکوومەتی کاتیی سووریا، مالیک بەشار ناسراو بە «هەڤاڵ دێمهات»، کاوە دێرک و دژوار عەموودایان لە پۆستە باڵاکانی ئەمنیی پارێزگای حەسەکەدا دانا. ئەم دەستنیشان کردنە لە کاتێکدایە کە پرۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەناو پێکهاتەی حکوومەتی ناوەندیدا بەردەوامە و بەرپرسانی هەردوولا چاودێریی میکانیزمە جێبەجێکارەکانی ئەم ڕێککەوتنە دەکەن.

بە گوێرەی ڕۆژنامەی «عەرەبی ئەلجەدید»، بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان:

مالیک بەشار (هەڤاڵ دێمهات) وەک بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی گشتی لە پارێزگای حەسەکە.

کاوە دێرک وەک بەرپرسی ئەمنیی سەربازیی ئەو پارێزگایە.

دژوار عەموودا وەک بەرپرسی دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە دەزگای هەواڵگریی گشتی.

ئەم بەرپرسیارێتیانە لە بەشە جیاوازەکانی پێکهاتەی ئەمنی و هەواڵگریی سەر بە حکوومەتی کاتیی سووریا دیاری کراون.

ناوی مالیک بەشار لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی دیدارەکەی لەگەڵ عەبدولقادر الطحان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی گشتیی سووریا، لە شاری قامیشلۆ هاتە باسی. ئەم دیدارە پێش بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە دانانی دێمهات بۆ سەرۆکایەتیی لقی ئەمنیی وڵات لە پارێزگای حەسەکە ئەنجام دراببوو.

بەپێی زانیارییەکان، دێمهات پێشتر لە بەشە سەربازی و ئەمنییەکانی دامەزراوەکانی سەر بە بەڕێوەبەریی خۆسەردا کارا بووە و لە ساڵی ۲۰۲۲دا سەرۆکایەتیی دەزگای هەواڵگریی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای لە ئەستۆ گرتبوو. هەروەها دژوار عەموودا بەرپرسیارێتیی دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری لە دەزگای هەواڵگریی گشتیی حەسەکە وەرگرتووە؛ پۆستێک کە لەگەڵ سەرۆکایەتیی گشتیی ئەم دەزگایە جیاوازە و سنووری ئەرکەکەی لە پێکهاتە ئەمنییە نوێیەکەدا دیاری دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.