خبر 2026-11-26 11:10 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

مەزڵووم عەبدی: مەترسیی شانە نووستووەکانی داعش هێشتا لەئارادایە

بنکەیەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکی «مشێرفە»ی شاری حەسەکە ڕووبەڕووی هێرشێکی خۆکوژی بووەوە کە چەکدارانی ڕێکخراوی داعش ئەنجامیان دا. لە ئەنجامی پەلامارەکەدا دوو کارمەندی ئاسایش گیانیان لەدەستدا و پێنج کارمەندی دیکەش برینداربوون.

​بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هێرشەکە لەلایەن دوو خۆکوژی سەر بە شانە نوستووەکانی داعشەوە ئەنجامدراوە؛ یەکێک لە هێرشبەرەکان لە ڕێگەی ماتۆڕسکیلێکی بۆمبڕێژکراوەوە پەلاماری بنکەکەی داوە و خۆکوژەکەی دیکەش لەبەردەم دەرگای بنکە ئەمنییەکەدا خۆی تەقاندووەتەوە.

لەبارەی زیانەکان و ڕێکارە ئەمنییەکانی دوای ڕووداوەکە، مەروان عەلی، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەسەکە ئاشکرای کرد، تەقینەوەکان بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و برینداربوونی پێنج کارمەندی دیکە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای ڕووداوەکە هێزەکانی ئاسایش گەمارۆی تەواوی ناوچەکەیان داوە و لێکۆڵینەوە و ئۆپەراسیۆنیان بۆ ڕاوەدوونانی ئەندامانی دیکەی ئەو شانەیە دەستپێکردووە.

لە کاردانەوەی پەلامارەکەدا، مەزڵووم عەبدی، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا بۆ کاروباری کورد، پەیامێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر بارەگاکەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شاری حەسەکە بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لە بەردەوامیی هەڕەشەی شانە نوستووەکانی ڕێکخراوەکە کردەوە.

​عەبدی لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: «ئەو هێرشە تیرۆریستییەی کە لەلایەن شانەیەکی گومانلێکراو بە پەیوەندی لەگەڵ گرووپی تیرۆریستیی داعش کرایە سەر یەکێک لە بارەگاکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شاری حەسەکە، ئەوە دەسەلمێنێت کە مەترسیی گرووپەکە و شانە نوستووەکانی هێشتا لەئارادایە و هەوڵەکانیان بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەمان بەردەوامە.»

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا بۆ کاروباری کورد هاوخەمی و سەرەخۆشیی قووڵی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و هاوڕێیانی هەردوو کارمەندە گیانلەدەستداوەکەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ بریندارەکانی هێرشەکە خواست.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەزڵووم عەبدی بەڵێنی بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی دا و جەختی کردەوە: «ئەم هێرشانە هیچ کاتێک لە بەردەوامبوونی هەوڵەکانمان بۆ ڕاوەدوونانی شانەکانی داعش و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی گەلەکەمان ساردمان ناکاتەوە.»

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.