خبر 2026-11-25 08:51 کاتی خوێندنەوە: 3 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

پەیامی سەرۆکی پارتی لەبارەی بڕیارە لەناکاوەکەی زەیدی

سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەبارەی بڕیارە لەناکاوەکانی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەدات کە هەرێمی کوردستان ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری و سەپاندنی "ئیرادەی هیچ کەس و لایەنێک".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود بارزانی رایگەیاندووە: "لە ناوەندەکانی بڕیاری عێراقیدا جموجۆڵ و هەڵچوونێکی ناسروشتی لەدژی هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت کە خۆی لە هەوڵدان بۆ پێشێلکردنی بنەماکانی فیدراڵییەت و دەستووری عێراق و پشتگوێخستنی مافەکانی گەلی کوردستان و خستنەڕووی بڕیار و بیرۆکەی ناتەندروست و سەرکێشانە دەبینێتەوە".

ناوبراو وتووشیەتی "هەموو لایەک ئەوە باش دەزانن کە گەلی کوردستان خەباتێکی دوورودرێژی لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانیدا هەبووە و لەو ڕێگەیە کارەساتی گەورەی بەسەردا هێنراوە هەر لە ئەنفال و کیمیابارانەوە بگرە هەتا تێکدانی هەزاران گوند و دەرکردنی زۆرەملێ و گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە کوردنشینەکان و دەیان تاوانی گەورەی تر کەلە دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون. بەڵام گەلی کوردستان ئیرادەی خۆی لەدەست نەدا و بە خوێن و قوربانیدانی خۆی لەدژی هەموو چەشنە ستەمکارییەک وەستایەوە".

سەرۆکی پارتی زیاتری رونکردووەتەوە "هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2003 ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو لە ڕووخانی ڕژێم و کۆتایهێنان بە دیکتاتۆرییەت و هەروەها ڕۆڵی باڵای هەبوو لە بنیاتنانی عێراقی تازە و داڕشتنی دەستوور، دەستوورێک کە لەژێر سایەیدا هەموو عێراقییەکان بحەسێنەوە و کۆتایی بە نەهامەتی و نکۆڵیکاری بێت. ئەو ڕۆڵەش بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان بوو کە ڕێگەی دا هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەشداری لە ڕووخانی ڕژێم و بیاتنانی عێراقی نوێدا بکەن".

بارزانی دەشڵێت "ئێمە هەموومان وامان دەزانی کەلە دەستووری عێراقدا ئەرک و مافەکانی هەموو لایەک جێگیر بووە و حوکمڕانانی عێراق ڕێز لە دەستوور و ئیرادەی گەل دەگرن. بەڵام بەداخەوە دەستوور جێبەجێ نەکرا و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەستکرا بە دژایەتیکردنی ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان و پێشێلکردنی پڕەنسیپەکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان، کە ئەو پڕەنسیپانە لە هەموو سەردەمێکدا کلیلی ڕزگارکردنی عێراق لە قەیرانەکان و گەیشتن بە پێشکەوتن و ئاسوودەییە بۆ هەموو عێراقییەکان".

سەبارەت بە حکوومەتی تازەی عێراق، مەسعوود بارزانی ئاشکراشیکردووە "ئێمە هەر لە سەرەتاوە پشتیوانیی خۆمان بۆ سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی ڕاگەیاند لە چارەسەرکردنی کێشەکان و پاڵپشتی بووین لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بە کردەوە ئەوەمان ئەنجامداوە. ئێستاش کە هەڵمەتێکی چەواشەکارانە و زاڵمانە هەیە لەدژی هەرێم و ڕۆژانە تۆمەتی ناڕەوا لە دژی هەرێم بڵاو دەکرێتەوە. ئێمە پێمانوایە چارەسەرکردنی گرفتەکان بە هەڵمەتی نادروست و تۆمەتی بێ بنەما و بڕیاری تاکلایەنە ناکرێت. ئێمە چۆن هاوکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بووین لە بنبڕکردنی گەندەڵی، ئەوهایش هاوکار دەبین لە ڕێگریکردن لە کاری نایاسایی و دیاردەی قاچاخچێتی، بەڵام لە ڕێگەی یاسایی و دەستوورییەوە".

سەرۆکەکی پارتی ئەوەشی خستووەتەروو، "پێویستە هەموو لایەکمان دەست بە بنەماکانی دەستوورەوە بگرین و لەو وڵاتەی بۆ ڕزگاربوونی لە دیکتاتۆریەت و گەیشتن بە ئازادی ڕەنجی زۆری بینیوە پێویستە عەقڵ حاکم بێت و هیچ کەسێک پشت بە میزاج و زانیاریی هەڵە و بڕیاری نادروست و ماڵوێرانکەر نەبەستێت".

مەسعوود بارزانی جەختیشی کردووەتەوە، هەرێمی کوردستانی عێراق لە دەرئەنجامی خەبات و قوربانیدانی سەت ساڵەی گەلی کوردستان و بە خوێنی سەدان هەزار شەهید هاتووەتەکایەوە و خاوەن مافی ڕەوای خۆیەتی. "هەرێمی کوردستان ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری و سەپاندنی ئیرادەی هیچ کەس و لایەنێک".

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.