خبر 2026-11-26 11:00 کاتی خوێندنەوە: 3 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق پێشوازی لە دەستپێشخەریی فایەق زێدان بۆ گفتوگۆی بەغدا-هەولێر دەکەن

هه‌ر چوار سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی عێراق له‌ کۆشکی به‌غدا کۆ بوونه‌وه‌ پێشوازییان له‌ ده‌ستپێشخه‌ریی فایه‌ق زێدان سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری بۆ گفتوگۆی چاره‌سه‌ری قه‌یرانی به‌غدا و هه‌ولێر کرد.

کوردپرێس: به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوی کۆبونه‌وه‌که‌، به‌ میوانداریی نزار ئامێدی سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌ کۆشکی به‌غدا و به‌ ئاماده‌بونی هه‌یبه‌ت حه‌لبوسی سه‌رۆکی په‌رله‌مان، عه‌لی فالح زه‌یدی سه‌رۆک وه‌زیران و فایه‌ق زێدان سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری، کۆبونه‌وه‌ی هه‌ر چوار سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ بۆ تاوتوێکردنی دۆخی وڵات به‌ڕێوه‌چوو.

به‌شداربوان جه‌ختیان له‌ په‌له‌کردن له‌ په‌سه‌ندکردنی بوودجه‌ی گشتی و به‌رده‌وامیی گفتوگۆکان کرده‌وه‌ به‌ جۆرێک مافی پارێزگاکان و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوڵاتیان بپارێزێت، له‌گه‌ڵ زیادکردن و فره‌چه‌شنکردنی داهاتی ده‌وڵه‌ت له‌ سایه‌ی گرژییه‌کانی ناوچه‌که‌ و ناجێگیریی هه‌نارده‌ی نه‌وتدا.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا ده‌ستخۆشی له‌ ڕێکاره‌کانی جورف نه‌سڕ کرا و پشتیوانی بۆ هه‌نگاوه‌کانی حکوومه‌ت له‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌قاچاخبردنی نه‌وت دوپاتکرایه‌وه‌، به‌ هه‌ماهه‌نگیی نێوان ده‌زگا ئه‌منی و چاودێری و دادوه‌رییه‌کان بۆ سزادانی تێوه‌گلاوان و پاراستنی سامانی گشتی.

سه‌رۆکایه‌تییه‌کان پێشوازییان له‌ ده‌ستپێشخه‌ریی فایه‌ق زێدان سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری کرد بۆ سازدانی گفتوگۆیه‌کی نیشتمانی له‌ 1ی (کانونی یه‌که‌م/12)ی 2026 به‌ ئاماده‌بونی هه‌ر چوار سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان بۆ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی ده‌ستوریی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر.

له‌ ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌دا بڕیاردرا کار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌واوی ئاواره‌کان بۆ ناوچه‌کانیان له‌ سه‌رانسه‌ری عێراق بکرێت و ڕێکاری ئه‌منی و خزمه‌تگوزاری و کارگێڕیی پێویست بگیرێته‌به‌ر، تا گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی ئارام و شکۆمه‌ندانه‌ و سه‌قامگیربون مسۆگه‌ر بکات.

نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی هه‌یبه‌ت حه‌لبووسی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق باسی له‌وه‌کردوه‌، "کۆبونه‌وه‌ی سه‌رۆکایه‌تییه‌کان جه‌ختی له‌ هه‌ماهه‌نگیی نێوان هێزه‌ ئه‌منییه‌کان بۆ چه‌سپاندنی سه‌قامگیری و سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌ت و پاراستنی هاوڵاتیان و سامانی گشتی له‌ ته‌واوی وڵاتدا کرده‌وه‌".

ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ی سه‌رۆکایه‌تییه‌کانی عێراق له‌ کاتێکدایه‌ که‌ ناکۆکیی سیاسی و ده‌ستوریی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر له‌سه‌ر پرسی نه‌وت و ده‌روازه‌ سنورییه‌کان په‌ره‌ی سه‌ندوه‌ و حکوومه‌تیش هه‌ڵمه‌تێکی فراوانی بۆ ڕێگریکردن له‌ به‌قاچاخبردنی نه‌وت و پاراستنی داهاتی ده‌وڵه‌ت ده‌ستپێکردوه‌.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.