باخچەلی داوای پێدانی ڕۆڵی فەرمی بە ئۆجەلان دەکات: ڕێکخستنی سیاسی لە پرۆسەی ئاشتیدا مافی ئۆجەلانە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەوڵەت باخچەلی ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەم لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی بیست و چوارەمین خولی پەروەردەی «قوتابخانەی سیاسەت و سەرکردایەتی»ی پارتەکەیدا، وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی داوەتەوە و باسی لە پرۆسەی ئێستای چارەسەرکردنی پرسی کورد و داهاتووی ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کردووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە یۆرونیوز و ایندیپەندنت تۆرکی بڵاو کراونەتەوە، باخچەلی ڕایگەیاند لە چوارچێوەی دامەزراوە و ڕێکارە دیاریکراوەکان بۆ پرۆسەکە، دەبێت بەرپرسیارێتی بدرێت بەو کەسانەی کە ئامادەن ئەرکەکە بەڕێوە ببن.
ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژەدانی ڕاستەوخۆ بە ئۆجەلان گوتی: «یەکێک لەو بەرپرسیارێتییانە، ڕێکخستنی کایەی سیاسییە لە پرۆسەی ئاشتیدا. ئەم ئەرکە مافی ئەو کەسەیە کە لە ئیمراڵی دەژێت.»
باخچەلی پێدانی ئەم پێگەیەی بە ئۆجەلان بە بەشێک لە پرۆسەی کۆتاییهێنان بە چالاکیی چەکداریی پەکەکە (PKK) زانی و گوتی: «بە پێدانی ئەم بەڕێوەبەرییە بە ئەو، دەبێت زەمینە بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواو، دانانی چەک، کۆتاییهێنان بە سەرهەڵدان دژ بە دەوڵەت و وازهێنان لە توندوتیژی لە سیاسەتدا دابین بکرێت.»
ئەو هەروەها هەڵوێستەکانی ڕاگەیەندراوی ٢٧ی شوباتی ئۆجەلانی بە «یەکگرتوو و بەنرخ» وەسف کرد و پێیوایە کۆمەڵگە دەبێت بە پشتیوانیی تەواوەوە، دەرفەتی بەردەوامبوونی سیاسەتی ئێستای کۆماری تورکیا ڕەخسێنێت.
سەرۆکی MHP ئاماژەی بە ڕاگەیەندراوی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ی ئۆجەلان کرد؛ ڕاگەیەندراوێک کە تێیدا داوا لە پەکەکە کرابوو کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت، چەکەکانی بەدانێت و پێکهاتەی حیزبیی خۆی هەڵوەشێنێتەوە.
باخچەلی بە دەربڕینی ئەوەی کە سیاسەتی ناسراو بە «تورکیای بێ تیرۆر» ئێستا بووەتە سیاسەتی فەرمیی دەوڵەت، گوتی ئەم پرۆسەیە لە بوارەکانی جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەریدا لە پێشکەوتندایە.
ئەو جەختی کردەوە کە پاشەکشە لە پرۆسەی ئێستا ئیمکانی نییە و گوتی: «لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا گەڕانەوە بوونی نییە. قبووڵکردنی پاشەکشەش ئاستەمە. لەبەر ئەم هۆکارە، هەر کەسێک کە ئەم وڵاتەی خۆش دەوێت دەبێت بە گیانی برایەتییەوە هەڵسوکەوت بکات.»
بە وتەی باخچەلی، تورکیا لەم پرۆسەیەدا قۆناغێکی گرنگی تێپەڕاندووە و ئێستا دەبێت خۆ لەو وتە و هەڵوێستانە بە دوور بگیرێت کە دیسانەوە وڵات بەرەو بنبەست، لێکترازان یان شەڕ دەبەنەوە.
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی بە ئاماژەدان بە پەسندکردنی یاسای پەیوەندیدار بە پرۆسەکە لە پەرلەمانی تورکیا گوتی کە دوای دەنگدانی بەرزی پەرلەمانتاران بەم یاسایە، ئێستا دەبێت دامەزراوە و ڕێکارە دیاریکراوەکان دروست بکرێن و دەست بە کار ببن.
ئەو جەختی کردەوە ئەگەر کەسانێک یان لایەنەکان بۆ پێشخستنی پرۆسەکە خوازیاری هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بن، دەبێت ئەرکی پێویستیان پێ بسپێردرێت. باخچەلی لە هەمان چوارچێوەدا، ڕۆڵی «ڕێکخەر لە کایەی سیاسی»ـی بۆ ئۆجەلان دیاری کرد.
ئەم وتانە بە واتای پێشنیارکردنی پێگەیەکی فەرمی بۆ ئۆجەلان لە قۆناغی گواستنەوە لە چالاکیی چەکداری بۆ سیاسەت لێک دراوەتەوە؛ بابەتێک کە باخچەلی پێشتریش بە ناونیشانی «ڕێکخستنی پرۆسەی ئاشتی و کاری سیاسی» باسی کردبوو.
باخچەلی هەروەها گوتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بە هاوکاریی پەرلەمان و بە «ئیرادەیەکی جدییەوە» بەدواداچوون بۆ پرۆسەی ئاشتی دەکات.
ناوبراو هیواخواست بەردەوامبوونی ئەم سیاسەتە تورکیا لە توندوتیژی و پێکدادان دوور بخاتەوە و بکاتە وڵاتێک کە تێیدا ئارامی، برایەتی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی زاڵ بێت.
سەرۆکی MHP جەختی کردەوە کە هەڵوێستی پارتەکەی سەبارەت بە پرۆسەکە نەگۆڕە و ئەم پارتە هێشتا لە پشت ئەو وتانەوە وەستاوە کە لە سەرەتای پرۆسەکەوە تا ئێستا خستوونیەتە ڕوو.
بۆچوونی بەکارهێنەران