خبر 2026-10-12 11:00 کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

هۆشیار زێباری پشتگیری لە هەڵمەتەکانی زەیدی دەکات و بە بوێرانە وەسفی دەکات

هۆشیار زێباری ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عەێراق هەنگاوی بوێرانە دەنێت کە دواینیان گۆڕینی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو بوو؛ ئەمە هەنگاوێکی دروست بوو

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "عێراق 24" دەڵێت: لە چەند بۆنەیەکدا چاوم بە زەیدی کەوتووە، کەسێکە هیچ گرێیەکی دەروونیی نییە، بەڵکوو ئاڕاستەیەکی ڕوون و دروستی هەیە و ئێمە پشتگیریی دەکەین، چونکە زۆرێک لە بیرۆکەکانی لەگەڵ ئاڕاستەکانی ئێمەدا یەکدەگرێتەوە، ئەگەرچی ئەرکەکەی ئاسان نییە و کەس ئیرەیی پێنابات، بەڵام هەنگاوی بوێرانە دەنێت، وەک هەموارکردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لەم دواییانەدا، ئەمە هەنگاوێکی دروست بوو.

زێباری لەبارەی دۆخی عێراق دوای کشانەوەی هاوپەیمانان وتی: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کاتێک لە عێراق بوو، هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عێراقییەکاندا دەکرد بۆ رێگریکردن لە پەلامار و دەستوەردانی ئیسرائیل، بەڵام چەتری هاوپەیمانی نەما، کەواتە گەرەنتییەکە کێیە؟ ئێستا ئاسمانی وڵات کراوەیە.

ناوبراو درێژەی دا رۆژی شەممەی رابردوو لەگەڵ سەرکردە ئەمنییەکان قسەم کرد، هێزە ئەمنییەکان چاودێریی 200 فڕینی سەربازییان کردووە لە ئاسمانی عێراقدا، هێزە عێراقییەکان ئەمە دەبینن بەڵام هیچ توانایەکیان نیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم فڕینانەدا.

زێباری وتیشی، لە کاتێکدا وڵاتێکی بچووکی هەژاری وەک ئوردون خاوەنی 15 سیستەمی بەرگری ئاسمانییە- لە فەرماندە ئەمنییەکانمان بپرسن کە چەند سیستەممان هەیە.

هۆشیار زێباری باسی لەوەشکرد، درۆنی میلیشیاکان لە داعش مەترسییدارترن و پارچەبوون و هەڵوەشاندنەوەی عێراق کاتێک ڕوودەدات کە دەگەینە قۆناغی رێزنەگرتن لە دەسەڵاتی فیدراڵی.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.