باقرخان: دواخستنی هەنگاوی کرداری، متمانە بە پڕۆسەی ئاشتی دەپووکێنێتەوە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵیی مێزۆپۆتامیا، پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، هەنگاوە چاوەڕوانکراوەکانی دەوڵەت، چالاکیی لێژنەی پەرلەمان و ڕاپۆرتە پێشکەشکراوەکانی پارتە سیاسییەکانی هەڵسەنگاند.
باقرخان گوتی لە ساڵی ڕابردوودا، بە ئیرادەی سیاسیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و هەنگاوە هەڵگیراوەکانی پەکەکە، ڕێگەیەکی گرنگ بڕدراوە. بە گوتەی ئەو، ئەو قۆناغەی لە ئەدەبیاتی چارەسەرکردنی ململانێدا بە «ئاشتیی نەرێنی» ناو دەبرێت، واتە ڕاگرتنی پێکدادانە چەکدارییەکان و لابردنی زەمینەکانی گەڕانەوە بۆ شەڕ، تەواو بووە.
ئەو زیادی کرد ئێستا نۆرەی دەوڵەت، پەرلەمان، پارتە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنییە کە ڕێگا و میکانیزمە پێویستەکان بۆ دەربڕینی بەهێزی خواستی ئاشتی و دیموکراسی بدۆزنەوە و ڕەوتەکە بۆ قۆناغی ئاشتیی ئەرێنی بگوازنەوە؛ قۆناغێک کە دەبێت لەسەر بەدیموکراتیکردن، دادپەروەری، سەروەریی یاسا و یەکسانی ڕاوەستابێت.
هاوسەرۆکی دەم پارتی بە ئاماژەدان بە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ هەڵوەشانەوەی پەکەکە و وازهێنان لە خەباتی چەکداری گوتی لە زۆرێک لە نموونە جیهانییەکاندا، کۆتاییهاتنی چالاکیی چەکداری و هەڵوەشانەوەی ڕێکخراو لە دوایین قۆناغی دانوستانەکاندا ڕوو دەدات، بەڵام ئۆجەلان ئەم ڕێڕەوەی پێچەوانە کردەوە و دوایین وێستگەی گۆڕی بۆ یەکەمین هەنگاو.
باقرخان ئەم هەنگاوەی بە نموونەیەکی کەموێنە لە ئەزموونەکانی چارەسەرکردنی ململانێدا وەسف کرد و گوتی چوونەدەرەوەی چەک لە هاوکێشەکە، دەرفەتی گواستنەوەی پرسەکەی بۆ گۆڕەپانی سیاسەت، کۆمەڵگە و پەرلەمان ڕەخساندووە.
ئەو بە بەکارهێنانی خوازەی «پایدەرلێدان» زیادی کرد: «ئۆجەلان بە بەردەوامی پایدەری لێ دا و ئیرادەی سەرکەوتنی بە هەورازدا نیشان دا، بەڵام دەوڵەت و دەسەڵات لە دواوە دەجووڵانەوە. لە ڕێڕەوی ئاشتیدا، پایدەرلێدانی تاکلایەنە ماندووکەر و ناسەقامگیرە. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە پەرلەمانیش بە هێزێکی زیاترەوە پایدەر لێ بدات، ئەم بارە دابەش بکات و بەرپرسیارێتیی هاوبەش لە ئەستۆ بگرێت.»
خەڵک هەست بە کاتکوشتن دەکەن
باقرخان هۆشداریی دا دواکەوتن لە هەڵگرتنی هەنگاوە دیاریکراوەکاندا، دوو مەترسیی سەرەکیی لەگەڵدایە. یەکەم ئەوەی کە لە کۆمەڵگەدا ئەم هەستە دروست دەبێت کە ڕەوتەکە جارێکی تر بە ئامانجی کاتکوشتن خراوەتە گەڕ و دووەم ئەوەی کە بۆشاییی دروستبوو، گۆڕەپانەکە بۆ هاندان، گرژی و چالاکیی هێزە نەیارەکانی ئاشتی دەکاتەوە.
ئەو گوتی سیاسەت وەک سروشت بۆشایی قبووڵ ناکات و هەر فەزایەک کە بە هەنگاوی یاسایی پڕ نەکرێتەوە، دەتوانێت ببێتە بسترەیەک بۆ هەنگاوی هاندەرانە. بە گوتەی باقرخان، هەر ئەندازەیەک هەڵگرتنی هەنگاوەکان دوا بکەوێت، دەنگی نەیارانی ئاشتییش بەرزتر دەبێتەوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی کردەوە مسۆگەرکردنی بەردەوامیی ڕەوتەکە بە قسەی هیوابەخش، هەڵسوکەوتی هێمایین یان هەنگاوی بچووک دابین ناکرێت؛ بەڵکوو متمانەی کۆمەڵگە تەنیا لە ڕێگەی گەرەنتییە یاسایی و دامەزراوەیییەکان و هەڵگرتنی هەنگاوە بەرچاوەکانەوە بەهێز دەبێت.
باقرخان بە ئاماژەدان بەو هەنگاوانەی کە بە بێ پێویستبوون بە گۆڕانکارییە بەرفراوانە یاسایییەکان جێبەجێ دەکرێن، کۆتاییهێنان بە سیاسەتی دانانی سەرپەرشتیار لە جێی سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکان، مسۆگەرکردنی ئازادیی ڕادەربڕین، ڕێکخستن و چالاکیی سیاسی، دروستکردنی ئاسایشی دادوەری، ڕەچاوکردنی یەکسانی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکاندا و ئازادکردنی زیندانییە نەخۆشەکانی وەک هەنگاوە خێراکان ناو برد.
ئەو هەروەها داوای لە پەرلەمان کرد دەستپێشخەری بگرێتە دەست، داڕشتنی یاسا لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی هاوبەش بە بێ دواکەوتن دەست پێ بکات و هەلومەرجی پەیوەندی، چالاکی و ژیانی ئازادانەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڕەخسێنێت.
باقرخان گوتی ئەم هەنگاوانە دەتوانن دەرفەتی هەناسەدان بە کۆمەڵگە ببەخشن، متمانەی گشتی زیاد بکەن و ڕێگری لە لاوازبوونی ڕەوتەکە بکەن.
هەڵسەنگاندنی وریایانەی هەڵوێستی باخچەلی
هاوسەرۆکی دەم پارتی، هەڵوێستوەرگرتنی دەوڵەت باخچەلی لە ٢٢ی تشرینی یەکەمدا بە هەنگاوێک زانی کە بەشێک لە تابۆ و شێوازە چەسپاوەکانی سیاسەتی تورکیای تێک شکاند. ئەو گوتی هەڵوێست و ڕوانگەی دواتری باخچەلی لەم ڕووەوە بەنرخە، بەڵام گۆڕانی ڕوانگەی سیاسەتمەدارێک ناکرێت تەنیا بە بڕیاری تاکەکەسی لێک بدرێتەوە.
بە گوتەی باقرخان، پێشهاتە جیهانی و ناوچەیییەکان لە پاڵ بارودۆخی ناوخۆییی تورکیادا، چارەسەرکردنی پرسی کوردیان کردووەتە پێویستییەکی سیاسی. ئەو زیادی کرد هەر لەبەر ئەمە، هەڵوێستی باخچەلی نابێت تەنیا لە دووانەی «ئیرادەی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە» یان «تاکتیکێک بۆ سڕینەوەی پەکەکە»دا بپشکنرێت و پێویستە بارودۆخە بابەتی و سیاسییە کاریگەرەکانیش لەسەر ئەم گۆڕانکارییە لەبەرچاو بگیرێن.
بوونی سیاسیی کوردەکان نکۆڵیی لێ کراوە و خوێندن بە زمانی کوردی ڕەت کراوەتەوە
باقرخان بە ڕەخنەگرتن لە ڕاپۆرتی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست گوتی لەم ڕاپۆرتەدا، بوونی سیاسیی کوردەکان نکۆڵیی لێ کراوە و خوێندن بە زمانی کوردی ڕەت کراوەتەوە. ئەو ڕوانگەی ئەم پارتەی بەرامبەر بە ناسنامە و خوێندن بە زمانی دایک بە قبووڵنەکراو زانی؛ هەرچەندە گوتی هەندێک هەڵسەنگاندنی مێژوویی کە لە ڕاپۆرتەکەدا هەن، لەوانە جەختکردنەوە لەسەر هاوچارەنووسیی کوردەکان و تورکەکان، جێی سەرنجن.
ئەو ڕاپۆرتی پارتی داد و گەشەپێدانیشی بە ناڕوون وەسف کرد و گوتی ئەم پارتە ئەگەرچی بە ئاماژەدان بە پێویستیی پەسەندکردنی یاسایەکی سەربەخۆ، پێویستیی یاسای سەردەمی گواستنەوەی قبووڵ کردووە، سەبارەت بە بەدیموکراتیکردن، دابینکردنی مافە گشتگیرەکان و داهاتووی ڕەوتەکە هەڵوێستێکی ڕوون ناخاتە ڕوو.
باقرخان هۆشداریی دا ئەگەر ڕاپۆرتی کۆتایی تەنیا لە چوارچێوەی تێڕوانینی ئەمنیی پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستدا بمێنێتەوە، ڕەنگە ڕەوتەکە لە ماوەی کورتدا بەڕێوە ببرێت، بەڵام لە ماوەی درێژدا ڕەواییی خۆی لە دەست دەدات. بە گوتەی ئەو، بێوەڵاممانەوەی داواکاریی یەکسانی لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەتوانێت جارێکی تر زەمینەی سەرهەڵدانی گرژییە کۆمەڵایەتییەکان بڕەخسێنێت.
ئەرکی لێژنە؛ پەڕینەوە لە ئاشتیی نەرێنییەوە بۆ ئاشتیی ئەرێنی
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی نابێت لە لێژنەی «هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی» چاوەڕوان بکرێت پرسی سەدساڵەی کورد بە تەنیا و لە هەموو ڕەهەندەکانیدا چارەسەر بکات. بە گوتەی ئەو، ئەم لێژنەیە نە ئەرکێکی وای هەیە و نە خاوەنی توانای پێویستیشە بۆ بەدیهێنانی.
باقرخان ئەرکی سەرەکیی لێژنەکەی بە ئامادەکردنی زەمینەی پەڕینەوە لە ئاشتیی نەرێنییەوە بۆ ئاشتیی ئەرێنی زانی و گوتی لێژنە دەبێت یاسایەکی تایبەت و سەربەخۆ سەبارەت بە پەکەکە و لێکەوتەکانی هەڵوەشانەوەی دابڕێژێت، ئیرادەی وازهێنان لە چەک بە گەرەنتییە یاسایییەکانەوە ببەستێتەوە و بەربەستە یاسایی و کارگێڕییەکانی بەردەم سیاسەتی دیموکراتیک لاببات.
ئەو زیادی کرد دوای کرانەوەی ڕێڕەوەکانی سیاسەتی دیموکراتیک، خەبات بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی پرسی کورد، بەدیموکراتیکردنی تورکیا و دابینکردنی مافە پەیوەندیدارەکان بە زمان، فەرهەنگ، ناسنامە و مافە بەکۆمەڵەکان لە گۆڕەپانی سیاسیدا بەردەوام دەبێت.
باقرخان گوتی ڕاپۆرتێکی ڕێگەخۆشکەر دەبێت سێ توخم لە یەک کاتدا لە خۆیدا جێ بکاتەوە: پێناسەی ڕوونی پرسەکە، خشتەی کاتیی دیاریکراو و میکانیزمی کردەییی جێبەجێکردن و چاودێریکردن.
ئەو ڕایگەیاند پشکنینی ڕاپۆرتی پارتەکان نیشانی دەدات زیاتر لە ١٠ بابەتی هاوبەش لە نێوانیاندا هەیە و پێویستە لە قۆناغی یەکەمدا، چڕبوونەوە لەسەر ئەم خاڵە هاوبەشانە بێت. بە گوتەی ئەو، ئەگەر هەر یەکێک لە پارتە بەشدارەکانی لێژنەکە هێڵە سوورەکانی خۆی بەسەر مێزی دانوستانەکاندا بسەپێنێت، ڕەوتەکە ڕووبەڕووی بنبەست دەبێتەوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی کردەوە پارتەکان دەبێت لە جێی سەپاندنی وێنا خوازراوەکەی خۆیان، لەسەر توانا ڕاستەقینەکان و زەمینەکانی ڕێککەوتن چڕ ببنەوە و لە ڕەوتی داڕشتنی ڕاپۆرتی هاوبەشدا، ڕوانگەیەکی بنیاتنەر و ئاسانکاریان هەبێت.
یاسای دانانی قەیوم دەبێت هەڵبوەشێتەوە
هاوسەرۆکی دەم پارتی لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سیاسەتی دانانی سەرپەرشتیاری لە جێی سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکان بە هەنگاوێکی نایاسایی، نادیموکراتیک و ناڕەوا وەسف کرد.
ئەو گوتی هەر ڕۆژێک کە سەرپەرشتیارە دانراوەکانی دەوڵەت لە پێگەکەی خۆیاندا دەمێننەوە، بێیاسایی بەرهەم دەهێنرێتەوە و سەرچاوە گشتییەکانی خەڵک خەرج دەکرێن. باقرخان جەختی کردەوە مافی هەڵبژاردن و هەڵبژێردران ناتوانێت ببێتە بابەتی دانوستان یان مامەڵەکردن.
ئەو زیادی کرد ڕاگرتنی دانانە نوێیەکانیش بەس نییە و ئەو یاسایەی ڕێگە بە دەوڵەت دەدات ئیرادەی دەنگدەران وەلا بنێت، دەبێت دەستبەجێ هەڵبوەشێتەوە تاوەکوو ئەم سیستەمە قەیوومگەرایە بە تەواوی بسپێردرێتە مێژوو.
بۆچوونی بەکارهێنەران