فیدان: تورکیا هەوڵەکانی بۆ ڕێککەوتن لە نێوان ئێران و ئەمریکادا چڕ کردۆتەوە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە وتووێژێکی ڕاستەوخۆدا لەگەڵ کەناڵی «تیجیئارتی خەبەر»، دوایین دۆخی شەڕی ئێران و ئەمریکا، قەیرانی گەرووی هورمز و هەوڵە دیپلۆماسییە ناوچەیییەکانی هەڵسەنگاند.
فیدان ئاماژەی دا بە بەردەوامبوونی گۆڕینەوەی پەیام لە نێوان تاران و واشنتندا و گوتی داواکارییەکان لە لایەن هەر دوو لایەنەوە خراونەتە ڕوو و وڵاتانی ناوچەکە بۆ نزیککردنەوەی هەڵوێستەکانیان هەوڵ دەدەن.
ناوبراو وتی لەگەڵ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، سەبارەت بەم بابەتە گفتوگۆی کردووە و زیادی کرد: «ئەمڕۆ لەگەڵ یەکێک لەو دۆستانەی لە هەوڵە نێوەندگیرییەکاندا ئامادەیە، واتە سەرۆکوەزیرانی قەتەر، گفتوگۆمان کرد. هیوادارین ئەم هەوڵانە بگەنە سەرکەوتن. ئێمەیش هەر کارێک لە تواناماندا بێت، ئەنجامی دەدەین.»
وەزیری دەرەوەی تورکیا دۆخی گەرووی هورمزی بە چەقبەستوو لە بنبەستدا وەسف کرد و زیادی کرد ڕێککەوتن لە نێوان ئێران و ئەمریکادا تەنیا بۆ کردنەوەی ئەم ڕێڕەوە ستراتیژییە گرنگ نییە، بەڵکوو دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی مەودای قەیرانی داراییی جیهانیشدا.
فیدان ئاماژەشی بە کاریگەرییە ئابوورییەکانی بەردەوامبوونی شەڕدا و گوتی: «باری ئابووریی سەرچاوەگرتوو لەم شەڕە و بەردەوامبوونی دۆخی بێ ڕێچارە، هەموو ڕۆژێک بۆ زۆرێک لە وڵاتان قورستر دەبێت و بەرەو دروستکردنی لێکەوتەی زۆر وێرانکەر دەڕوات.»
ئەو زیادی کرد زۆرێک لە کاربەدەستان و حکوومەتەکانی ئەورووپا ڕووبەڕووی گوشارە ئابوورییە قورسەکان بوونەتەوە کە دەربڕینی ئاشکرای بۆیان سەختە. لە ڕوانگەی فیدانەوە، کردنەوەی گەرووی هورمز و کەمکردنەوەی گرژی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا دەتوانێت بەشێک لەم گوشارانە کەم بکاتەوە.
بۆچوونی بەکارهێنەران