خبر 2026-11-24 08:12 کاتی خوێندنەوە: 3 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ
پەیامی نوێی عەبدوڵا ئۆجەلان:

کۆماری دیموکراتی، لە ڕێگەی گەرەنتیکردنی پێگەی یاسایی کوردەوە، تورکیا دەکاتە نمونەیەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) کە پێکهاتبوو لە هەریەک لە پەروین بوڵدان، مەدحەت سنجار و پارێزەر فایەق ئۆزگور ئێرۆل، رایاگەیاند، رۆژی یەکشەممە 22ی تشرینی دووەم سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلانیان لە دوورگەی ئیمراڵی کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندەکە لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئۆجەلان لە مانگی رابردوودا گواستراوەتەوە بۆ باڵەخانەیەکی نوێ لە ناو کۆمەڵگەی زیندانەکەدا ئەم گۆڕانکارییەیان بە پێشهاتێکی ئەرێنی لە رووی هەلومەرجی کارکردن و ژیانەوە لە قەڵەم داوە.

شاندەکە جەختی کردووەتەوە، قۆناغی ئێستای "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" پێویستی بە ڕەخساندنی توانای پێویست هەیە بۆ ئەوەی ئۆجەلان بتوانێت هەوڵەکانی کە ماوەی دوو ساڵە سەبارەت بە یەکێتی مێژوویی و ئاشتیی نێوان تورک و کورد بەردەوامن، بە شێوەیەکی تەواو و راستەوخۆ بگەیەنێتە راگەیاندنەکان و رای گشتی، پێداگری ئۆجەلانیشیان لەسەر بەردەوامبوون لە کارەکانی وەک رێکخەری ئاشتی و بەسیاسیکردن دووپات کردەوە.

راگەیەندراوەکە پوختەی هەڵسەنگاندنەکانی ئۆجەلانی سەبارەت بە قۆناغی سیاسیی ئێستا گواستووەتەوە، کە لەمەى خوارەوەدا پوخت دەبێتەوە:

"ئێمە لەبەردەم قۆناغێکداین کە لایەنی کردەیی بەهێزی هەیەو خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی کۆماردا پێکدەهێنێت، تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە گواستنەوە بۆ قۆناغێکی تر پێویستی بە چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەسەر هەموو ئاستەکان و دەرک کردن بە مەترسییەکان هەیە.

جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی ئەوەی سیاسەت لە تورکیا لە ناو هاوکێشەی فشار و گێچەڵکردن و کاردانەوەدا قەتیس نەمێنێت، هۆشداریدا لەوەی، داخرانی گۆڕەپانی سیاسی دەرگا دەکاتەوە بۆ جوڵەی هێز و دینامیکییەتی دەرەوەی چوارچێوەی دیموکراسی کە هێزەکانی ئاشتی و دیموکراسی، لە سەرووشیانەوە، کورد دەکەنە ئامانج بۆ تێکدانی هەردوو بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی، وتوشەیەتی، باشترین وەڵام بۆ هەر پیلانێکی تێکدەرانە، قایمکردنی پرۆسەکەیە لە ڕێگەی یاسای دیموکراتی و سیاسەتی ئازادەوە.

ئۆجەلان دووپاتی کردەوە، ئەو وەک پرسێکی دیموکراتی سەیری پرسی کورد دەکات، هەنگاونانی مێژوویی بۆ چارەسەرکردنی لە بەرژەوەندیی هەموو چین و توێژە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تورکیادایە،  تەنها دژی عەقڵییەتە رەگەزپەرستەکان و چالاکییە کودەتاچییەکانە، داواشی کرد سیاسەت بەپێی بەرنامەیەکی پڕەنسیپداری تۆکمە و دوور لە حیساباتی رۆژانە بەڕێوەببرێت.

ئاماژەی بەوە کرد،  دادپەروەری و یاسا و دیموکراسی داواکاریی هەموو گەلانی تورکیان نەک تەنها کورد، جەختیشی کردەوە کە کورد لەگەڵ ئاشتی، برایەتی و دەستگرتنە بە کۆمارەوە، بەشداریکردنیشی تێیدا لە ڕێگەی زەمینەیەکی دیموکراتیی گەرەنتیکراوەوە دێتە دی کە دان بە هەموو ناسنامەکاندا بنێت.

هەروەها رەخنەی لەوانە گرت کە بە کۆماریخوازە داخراوەکان و خاوەن عەقڵییەتی پەراوێزخستن وەسفی کردن و پێی وابوو کۆماری دیموکراتی ئەو کۆمارەیە کە تورکیا گەورە دەکات و دەیکاتە نمونەیەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕێگەی گەرەنتیکردنی پێگەی یاسایی کورد وەک پێکهاتەیەی دامەزرێنەری رەسەن، شانبەشانی پاراستنی ماف و ئازادییەکانی سەرجەم گەل و بیروباوەڕەکانی وڵات.

ئۆجەلان سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە لە سایەی ئەم ئامانجە گەورانەدا، هیچ پاساوێکی قبووڵکراو بۆ هەندێک لەو ڕەفتارانەی ئێستا دەکرێن نییە،  بەتایبەت  روودانی حاڵەتەکانی مردن لە ناو زیندانەکاندا، سوتاندنی ساڵانی جێبەجێکردنی سزاکان (درێژکردنەوەی ماوەی زیندانیکردن و ڕێگریکردن لە ئازادکردنی مەرجدار) و پەیڕەوکردنی رێکاری جیاواز لە نێوان زیندانەکاندا، هەموویان گێەڵکردنێکی راستەوخۆن بە ئامانجی پەکخستنی پرۆسەی ئاشتی.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.