خبر 2026-10-11 14:23 کاتی خوێندنەوە: 3 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ
شرۆڤەکاری پرسەکانی تورکیا:

لێکەوتەکانی پڕۆسەی ئاشتی سنوورەکانی تورکیا تێدەپەڕێنێت

گالیپ دالای لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ گۆڤاری «نیوریجن»دا جەختی کردەوە کە پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکەدا دەتوانێت کاریگەری لەسەر گۆڕانکارییەکانی سوریا، پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق و ئامادەیی سەربازیی ئەنقەرە لە ناوچەکەدا هەبێت و ببێتە هۆی کەمبوونەوەی هەندێک لە گرژییە ئەمنییەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گالیپ دالای، توێژەری باڵای پەیمانگەی «چەتم هاوس»، پڕۆسەی ئاشتیی تورکیا لەگەڵ پەکەکەدا (پارتی کرێکارانی کوردستان) بە یەکێک لە کەمترین گۆڕانکارییە ئەرێنییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ لە ئاڵۆزی وەسف کرد و جەختی کردەوە کە لێکەوتەکانی ئەم پڕۆسە، لە سنوورەکانی تورکیا تێپەڕ دەبن و کاریگەری لەسەر گۆڕانکارییەکانی سووریا، پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و بەغدا و هاوکێشە ئەمنییەکانی ناوچەکە دەنێن.

گالیپ دالای لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ نیوریجن، پەرژایە سەر لێکۆڵینەوە لە لێکەوتەکانی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکەدا و کاریگەرییەکەی لەسەر سیاسەتی ناوچەییی تورکیا.

دالای بە ئاماژەدان بە جەنگ و قەیرانە بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پڕۆسەی ئاشتیی لەگەڵ پەکەکەدا بە یەکێک لە گۆڕانکارییە دەگمەن و ئومێدبەخشەکانی ناوچەکە وەسف کرد و گوتی: «ئەم ڕەوتە ئەگەری هەیە یەکێک بێت لە کەمترین خاڵە ڕووناکەکان لە ناوچەیەکدا کە جەنگ، ململانێ و وێرانی پێناسەی دەکەن.»

بە وتەی ئەم توێژەرە، گرنگیی پڕۆسەی ئاشتی تەنیا بە کێشە ناوخۆییەکانی تورکیاوە سنووردار نابێت، بەڵکو گۆڕانکارییەکانی سوریا، پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق و ڕەفتاری گرووپە چەکدارە کوردییەکانیش لە ناوچەکەدا دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. ئەو هەروەها کەمبوونەوەی گرژییە پەیوەندیدارەکانی بە پرسی کوردەوە وەک یەکێک لەو هۆکارانە ناساند کە دەتوانێت زەمینە بۆ گۆڕانکاری لە پەیوەندییە ئەمنییەکانی تورکیا لەگەڵ دراوسێکانیدا بڕەخسێنێت.

دالای بڕیاری ئەم دواییەی تورکیا بۆ کشانەوە لە بنکەی سەربازیی بەشیقە لە باکووری عێراقیشی بە پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکەدا بەستەوە و گوتی، لە دۆخی هەڵوەشانەوەی پەکەکە و تێکەڵبوونی گرووپە پەیوەندیدارەکانی لە پێکهاتە ئەمنییەکانی وڵاتانی دراوسێدا، بەشێک لە هۆکارەکانی ئامادەیی سەربازیی تورکیا لەم وڵاتانەدا لەناو دەچێت.

ناوبراو لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: «ئەگەر بڕیار وایە پەکەکە خۆی هەڵوەشێنێتەوە و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە پێکهاتە ئەمنییە نەتەوەییەکانی وڵاتانی دراوسێدا تێکەڵ ببن، لە پلەی یەکەمدا بیانووەکانی بوونی ئەم بنکە سەربازییانە گرنگیی خۆیان لەدەست دەدەن.»

ئەم هەڵسەنگاندنە ئەوە دەردەخات کە بەپێی تێڕوانینی دالای، پێشکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی دەتوانێت کاریگەری لەسەر هاوکێشە ئەمنییەکانی ئەنقەرەش لە عێراقدا هەبێت و زەمینە بۆ پێداچوونەوە بە بەشێک لە ئامادەیی سەربازیی تورکیا لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەم وڵاتەدا بڕەخسێنێت.

گالیپ دالای هەروەها پڕۆسەی ئاشتیی تورکیا لەگەڵ پەکەکەدا بە گۆڕانکارییەکانی سوریاوە بەستەوە؛ ئەو وڵاتەی کە دوای ڕووخانی حوکمرانیی بەشار ئەسەد، چووە ناو قۆناغێکی نوێوە لە سەرلەنوێ دارشتنەوەی پێکهاتەی سیاسی و ئەمنیدا. بە باوەڕی ئەو، چارەسەرکردنی پرسی پەکەکە دەتوانێت کاریگەری لەسەر پڕۆسەی گۆڕانکارییەکانی سوریا و پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هێزە کوردییەکانی ئەم وڵاتەدا هەبێت.

ناوبراو لە هەمان کاتدا، جیاوازیی تێڕوانینی تورکیا و ئیسرائیل سەبارەت بە داهاتووی سوریا بە یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی ڕکابەریی ناوچەیی دەزانێت. بە وتەی دالای، ئەنقەرە سوریایەکی سەقامگیر، ناوەندگەرا و خاوەن توانای سەربازیی دەوێت، لە کاتێکدا ئیسرائیل سوریایەکی لاواز، پارچەپارچە و بێ سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی کارامە بە باشتر دەزانێت.

ئەم جیاوازییە لە تێڕوانیندا دەتوانێت کاریگەری لەسەر هەڵسەنگاندنەکانی تورکیا سەبارەت بە داهاتووی پێکهاتەی سیاسی و ئەمنیی سوریا و پێگەی هێزە کوردییەکان تێیدا هەبێت؛ بەتایبەت کە ئەنقەرە پرسی پەکەکە و گرووپە پەیوەندیدارەکانی وەک بەشێک لە بەرچاوگرتنە ئەمنییەکانی خۆی لە سوریا دەبینێت.

ناوبراو بە گشتی، پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکەدا بە هۆکارێک دەزانێت کە دەتوانێت لە توندیی هەندێک لە گرژییە ئەمنییەکانی ناوچەکە کەم بکاتەوە و زەمینە بۆ گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ دراوسێکانیدا بڕەخسێنێت.

لە ڕوانگەی ئەم توێژەرەوە، گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە دەردەخەن کە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا تەنیا بابەتێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکوو دەتوانێت کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ بەغدا، داهاتووی سووریا و هاوسەنگییە ئەمنییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هەبێت. بەڵام هاتنەدیی ئەم لێکەوتانە بەستراوەتەوە بە پێشڕەویی پڕۆسەی ئاشتی، چارەنووسی هەڵوەشانەوەی پەکەکە و چۆنیەتیی تێکەڵبوونی گرووپە پەیوەندیدارەکان لە پێکهاتە ئەمنییەکانی وڵاتانی ناوچەکەدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.