حکوومەتی عێراق بەھاوکاری ئەمریکا دەیەوێت دەستوور ھەموار بکاتەوە و بەتەواوی ھەرێم نەھێڵدرێت
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە سایتی ئاوێنەی وتووە: "بەپێی ھەموو شیکارییەکان عێراق دەیەوێت ھەرێم بچوک بکاتەوە و ھەموو دەسەڵاتەکانی لێوەربگرێتەوە، لەماوەی مانگی رابردوو فایەق زێدان باسی ھەموارکردنەوەی دەستوری دەکرد؛ ئەم ئاڵنگاریانە ھەمووی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت و دەیانەوێت حکوومەتێکی ناوەندی بەھێز دروست بکەنەوە، چۆن لە سوریا ئەمریکا ئەم بابەتەی پەیڕەو کرد، دەیانەوێت لە عێراقیش جێبەجێی بکەن، واتە پلانەکە بەوجۆرەیە ھەرێم ھەر نەھێڵدرێت نەک بچووکی بکەنەوە".
ئەو ھەر لەبارەی مەترسییەکان، وتیشی "دۆخ دەگاتە قۆناغێک ھێزە سیاسییە عێراقییەکان دەیانەوێت دەستور ھەموار بکەنەوە، من پێم وایە یەکێک لەھەمواری دەستور ئەوەیە ھەموو دەسەڵاتەکان لەھەرێمی کوردستان وەربگرنەوە و ھیچی بۆ ناھێڵنەوە کە بڵێن ئەوە ھەرێمێکە، وەکوو کانتۆن یاخود پارێزگایەکی لێبکەن، چونکە بابەتەکە ئەمریکایە".
مازن غەریب ئاماژە بەوەدەکات کە ئەگەر ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم یەکگرتوو نەبن؛ ھیچ شتێک نامێنێت بەناوی "ھێزی سیاسی و حکوومەتی ھەرێم". ئەو دەشڵێت "مەترسیەکە زۆر لەوە گەورەترە کە رادەگەیەندرێت. کوردستان وەکو مەنفەزێکی لێدێت کە دەڵێن؛ پارتی تۆ پارێزگای ھەولێر بەڕێوە ببە و یەکێتی تۆش بەھەمان شێوە پارێزگای سلێمانی".
پەرلەمانتارەکەی عێراق ڕوونیشیکردەوە: "ئەگەر ھەرێم رووبەڕووی حکوومەتی عێراقی نەبێتەوە، بێگومان عێراق ھێز بە دەروازەکان بڵاوە پێدەکات، گەورەترین چەکیش بەدەست عێراقەوە لەدژی ھەرێم مووچە و بودجەیە".
بەوتەی مازن غەریب، "بەیانی کۆبوونەوەیەکمان ھەیە لە سەرکردایەتی لە قەلاچوالان بۆ یەکلاکردنەوەی رای ھەرێم بۆ ئەو بابەتە. ئەگەر عێراق ھێز بجوڵێنێت دەگاتە ھەموو سنورەکانی تورکیا و سوریا و ئێران".
ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە، نووسینگەی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق زنجیرەیەک بڕیار و ڕاسپاردەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی بڵاوکردەوە کە تایبەتن بە دۆسیەی نەوت، کۆنترۆڵکردنی ھەموو دەروازە سنوورییەکانی ھەرێم و گۆڕانکاری لە پۆستە ئەمنی و ئیدارییەکاندا.
بۆچوونی بەکارهێنەران