خبر 2026-11-25 10:52 کاتی خوێندنەوە: 6 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

پلانی نوێی بەغدا بۆ بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان

پلانی نوێی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی بۆ کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دەتوانێت دەسەڵاتدارییە ئابووری و ئەمنییەکانی هەولێر سنووردارتر بکات و مەودای هەژموونی حکوومەتی هەرێم لە ناوچە جێناکۆکەکاندا کەم بکاتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری «نەشناڵ کانتێکست» لە ڕاپۆرتێکدا بە پشکنینی بڕیارە تازەکانی بەغدا هۆشداریی داوە کە ئەم هەنگاوانە ڕەنگە قۆناغی یەکەمی بەرنامەیەکی بەرفراوانتر بن بۆ گواستنەوەی بەشێکی زیاتری سەرچاوەکانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بۆ ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی ناوەندی.

لەسەر بنەمای ئەم ڕاپۆرتە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆمەڵێک بڕیاری سەبارەت بە کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەرکردووە کە لە ئەگەری جێبەجێکردنیاندا، پێگەی حکوومەتی هەرێم لە ململانێی بەردەوام لەگەڵ بەغدادا لاواز دەکەن. گرنگترین بەشی ئەم بڕیارانە، سپاردنی بەڕێوەبردنی ڕاستەوخۆی تەواوی کێڵگە نەوتییە سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقە لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکووک، سەلاحەددین و نەینەوا بە وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدراڵ؛ کێڵگەگەلێک کە لە ئێستادا لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمنیی هێزەکانی هەرێمی کوردستاندان.

بە پێی ئەم فەرمانە، بەڕێوەبردنی ئەم کێڵگانە بە بێ بەشداریکردنی حکوومەتی هەرێم و بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە لایەن بەغداوە ئەنجام دەدرێت. هەروەها هێزە فیدراڵییەکان بەرپرسیارێتیی دابینکردنی ئاسایشی ئەم دامەزراوانە دەگرنە ئەستۆ و بە بەکارهێنانی کامێراکانی چاودێری چاودێرییان دەکەن. حکوومەتی عێراق هەروەها بە نیازە لە دەروازەکانی چوونەناوەوە بۆ پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی خاڵەکانی پشکنین دروست بکات تاوەکوو هاتنەناوەوەی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ هەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵ بکات.

بڕیارێکی تری حکوومەتی عێراق پەیوەندیدارە بە کارگەکانی بەرهەمهێنانی قیر و نەفتا لە چوار پارێزگا ناوبراوەکەدا. لەسەر بنەمای ئەم فەرمانە، ئەو یەکانەی لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی ئەمنیی حکوومەتی فیدراڵدان، دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا بۆ خاڵەکانی تر لە هەمان پارێزگاکاندا بگوازرێنەوە.

لە بەشی پەیوەندیدار بە دەروازە سنوورییەکانیشدا حکوومەتی عێراق داوای سپاردنی بەڕێوەبردنی تەواوی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانی بە دامەزراوە فیدراڵییەکان کردووە؛ هەرچەندە دابینکردنی ئاسایشی ئەم دەروازانە بڕیارە بە بەشداریکردنی هێزە فیدراڵییەکان و پێشمەرگە ئەنجام بدرێت. هێزە فیدراڵییەکان هەروەها ڕاسپێردراون تەواوی دەروازە نافەرمییەکان لە سنوورەکانی عێراقدا دابخەن. ئەم بڕیارە زیاتر لە هەمووان کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان دادەنێت؛ چونکە زیاتر لە نیوەی دەروازەکانی ئەم ناوچەیە لە سنوورە هاوبەشەکاندا لەگەڵ ئێران، تورکیا و سووریا نافەرمین. دەروازەی سێمێلکا لە سنووری هەرێمی کوردستان و سووریایش لە نێو ئەم دەروازانەدایە.

سەرەڕای بەرفراوانیی بڕیارە تازەکان، سنووری جوگرافیی فەرمانی پەیوەندیدار بە کێڵگە نەوتییەکان بۆ چوار پارێزگای دیالە، کەرکووک، سەلاحەددین و نەینەوا سنووردار کراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک کێڵگەی گرنگی ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی هەرێم لەم پارێزگایانەدا هەن کە ڕەنگە لە قۆناغەکانی داهاتوودا بکرێنە ئامانجی هەنگاوەکانی بەغدا.

گرنگترین نموونە، کێڵگەی نەوتیی خورمەڵەیە لە قەزای مەخموور کە بە گەورەترین کێڵگەی نەوتیی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت. بەغدا مەخموور بە بەشێک لە پارێزگای نەینەوا دەزانێت و ئەم قەزایەیش لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی عێراقدا لە بازنەی هەڵبژاردنی نەینەوادا دادەنرێت. کێڵگەی خورمەڵە لە ڕابردووەوە پێکهاتەیەکی بەڕێوەبردنی تایبەتی هەبووە و کۆمپانیای «کار گرووپ»ی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەی دەبات. لە سوودوەرگرتن لەم کێڵگەیەدا هیچ کۆمپانیایەکی بیانی بەشداری ناکات.

کێڵگەی نەوتیی سەفییە لە پارێزگای نەینەوا و نزیک سنووری سووریایش لە دامەزراوەکانی ترە کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندایە و کۆمپانیای بیانی تێیدا چالاکی ناکات. بەشێک لە بیرە نەوتەکانی ئاوانە، لە کۆمەڵەی کێڵگەی نەوتیی کەرکووک، هێشتا لە دەستی هێزەکانی پارتی دیموکراتدایە؛ هەرچەندە حکوومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا کۆنتڕۆڵی بەشی زۆری ئەم کێڵگەیەی دووبارە بە دەست هێنایەوە.

کێڵگەی عەین سفنی لە پارێزگای نەینەوایش لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمنیی حکوومەتی هەرێمدایە، بەڵام بەهۆی چالاکیی کۆمپانیا ئەمریکییەکەی هەنت ئۆیڵ تێیدا و هەروەها بانگەشەنەکردنی خاوەندارێتیی فیدراڵ بەسەر ئەم کێڵگەیەوە لە لایەن بەغداوە، ئەگەری هەیە لە سنووری بڕیارە نوێیەکاندا دانەنرێت.

نەشناڵ کانتێکست لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا، ئاماژەی بە بەڵگەنامەیەکی دیوانی چاودێریی داراییی فیدراڵیی عێراق کردووە کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا بڵاو کرایەوە و نیشانی دەدا کۆمپانیای نەوتی باکووری عێراق، بانگەشەی خاوەندارێتی یان چاودێریکردنی بەسەر کێڵگەگەلێکدا لە دەرەوەی ناوچە جێناکۆکەکانیش کردووە. لەم لیستەدا، کێڵگەی گازیی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی، کێڵگەی نەوتیی تاوکێ لە دهۆک و کێڵگەی نەوتیی تەقتەق لە هەولێر هەن.

ئەم کێڵگانە لەو چوار پارێزگایەدا نین کە فەرمانە نوێیەکەی حکوومەتی عێراق سەبارەت پێیان دەرکراوە و هەر لەبەر ئەم هۆکارە بڕیارەکەی ئێستا نایانگرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاپۆرتی نەشناڵ کانتێکست ئەگەری ئەوەی داناوە کە بەغدا بە دوای جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی قۆناغبەندیدا بێت بۆ فراوانکردنی کۆنتڕۆڵی فیدراڵ بەسەر سەرچاوەکانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستاندا؛ بەرنامەیەک کە ڕەنگە لەو کێڵگانەوە دەست پێ بکات کە حکوومەتی ناوەندی دەتوانێت ئاسانتر بانگەشەی خاوەندارێتی یان بەڕێوەبردنیان بخاتە ڕوو و لە قۆناغەکانی داهاتوودا بۆ دامەزراوە گەورەترەکانی نەوت و گازی هەرێم فراوان ببێتەوە.

ئەم ڕاپۆرتە، کاتی دەرچوونی بڕیارە تازەکانیشی بە مانادار زانیوە و بە پێشهاتە پەیوەندیدارەکان بە جەرف ئەلسەخرەوە لە باشووری بەغدا، گرێی داوە. بەگوێرەی نەشناڵ کانتێکست، حکوومەتەکەی زەیدی دوای هەنگاوی حکوومەتی ناوەندی لە فراوانکردنی کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر جەرف ئەلسەخردا، ئێستا وا دیارە هەمان ڕوانگە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات.

نەشناڵ کانتێکست لە هەمان کاتدا، ناکۆکییە ناوخۆیییەکانی هەرێمی کوردستانی بە یەکێک لە هۆکارە ئاسانکارەکانی هەنگاوەکانی بەغدا زانیوە. بە تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵی ٢٠٢٤ی هەرێمی کوردستاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێشتا نەیانتوانیوە کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێم پێک بهێنن. هەوڵی تاکلایەنەی پارتی دیموکرات بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکیی پەرلەمانیش ناکۆکییەکانی نێوان هەر دوو حیزب و هەر دوو ناوەندی دەسەڵاتی لە هەولێر و سلێمانی توندتر کردووەتەوە.

لە کاردانەوە بەرامبەر بڕیارە نوێیەکانی بەغدادا، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە لە هەڵوێستە کەم‌وێنەکانی ئەم دوو حیزبە هەژمار دەکرێت، دژایەتیی خۆیان ڕاگەیاند و گوتیان بەرەنگاری هەر هەنگاوێک دەبنەوە کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستووری عێراق بێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا دیار نییە حکوومەتی ناوەندی بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە چ ڕێڕەوێک دەگرێتە بەر. بەغدا ڕەنگە لە میکانیزمە یاسایی و دادوەرییەکان سوود وەربگرێت، گوشاری دارایی لە ڕێگەی بودجەی گشتییەوە زیاد بکات یان بۆ سەپاندنی بڕیارەکانی خۆی پەنا بۆ ئامرازە زۆرەملێیەکان ببات. هەندێکیش ئەم هەنگاوانە وەک هەوڵێک بۆ پێداچوونەوەی هەمیشەیی بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵ و یەکلاکردنەوەی کۆتاییی ململانێی داراییی نێوان هەولێر و بەغدا هەڵدەسەنگێنن.

بەگوێرەی ئەم گۆڤارە، چوارچێوەی دەستووری عێراقیش ڕەنگە پشتگیرییەکی یاساییی کەمتر بۆ حکوومەتی هەرێم لەم ململانێیەدا بڕەخسێنێت. بەغدا چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە وەک پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی دەناسێت، لە کاتێکدا کێڵگە نەوتییە بەئامانجگیراوەکانی بڕیارە نوێیەکە لە دەرەوەی سنووری ئەم چوار پارێزگایەدان.

بەپێی دەستووری عێراق، دەسەڵاتدارییە یاسایییەکانی حکوومەتی هەرێم لە ناوچەکانی دەرەوەی ئەم پارێزگایانە بۆ ئەو سنوورانە سنووردار دەکرێن کە لە ١٩ی ئازاری ٢٠٠٣دا، یەک ڕۆژ پێش دەستپێکردنی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، لە ژێر بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستاندا بوون. حکوومەتی هەرێم کێڵگەی خورمەڵەی لە ساڵی ٢٠٠٧ و کێڵگەکانی ئاوانە و سەفییەی لە ساڵی ٢٠١٤دا خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە؛ بابەتێک کە دەتوانێت بەڵگەی زیاتر بداتە بانگەشەی بەغدا سەبارەت بە دەرچوونی ئەم کێڵگانە لە بازنەی دەسەڵاتدارییە یاسایییەکانی هەرێم.

لەگەڵ ئەوەشدا، حکوومەتی هەرێم سەبارەت بە مەخموور بەڵگەهێنانەوەیەکی جیاوازی هەیە. کاربەدەستانی هەرێم دەڵێن ئەم قەزایە پێش ئەوەی حکوومەتی بەعس سنوورە کارگێڕییەکانی پارێزگاکان بگۆڕێت، بەشێک لە پارێزگای هەولێر بووە؛ هەرچەندە مەخموور پێش ساڵی ٢٠٠٣ لە دەرەوەی هێڵی سەوز بوو. لەسەر بنەمای ئەم بەڵگەهێنانەوەیە، یەکلاکردنەوەی دۆخی مەخموور دەبێت لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقدا ئەنجام بدرێت؛ ماددەیەک کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گۆڕانکارییە دیمۆگرافی و کارگێڕییەکانی سەردەمی حکوومەتی بەعس لە ناوچە جێناکۆکەکاندا لەبەرچاو گیراوە، بەڵام تا ئێستا بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە.

لەم ڕوانگەیەوە، حکوومەتی هەرێم دەتوانێت بەڵگە بهێنێتەوە کە بەغدا ناتوانێت تەنیا بە دەرکردنی فەرمانی جێبەجێکاری، دۆخی یاسایی و کارگێڕیی ئەم ناوچانە دیاری بکات. لە بەرامبەردا، حکوومەتی ناوەندی بە پشتبەستن بە دابەشکارییە کارگێڕییەکانی ئێستا و سنووری دەسەڵاتدارییە یاسایییەکانی هەرێم، دەتوانێت هەوڵ بدات کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر کێڵگە نەوتییەکان، دەروازە سنوورییەکان و ژێرخانە ئابوورییەکانی تری دەرەوەی چوار پارێزگاکەی هەرێمدا فراوان بکات.

ڕاپۆرتی نەشناڵ کانتێکست بە گشتی، بڕیارە تازەکانی حکوومەتەکەی زەیدی وەک هەنگاوێک لە دەرەوەی بەڕێوەبردنی چەند کێڵگەیەکی نەوتی و دەروازەیەکی سنووری هەڵدەسەنگێنێت کە دەتوانێت ببێتە هۆی سنووردارتربوونی مەودای دەسەڵاتی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی هەرێمی کوردستان و گۆڕانی هێواش هێواشی هاوسەنگیی هێز لە نێوان هەولێر و بەغدادا.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.