هاوبەشێکی تۆم باراک گرێبەستێکی نەوتیی گەورەی لە عێراق بەدەستهێناوە
کوردپرێس: بەپێی زانیارییەکانی سێ سەرچاوەی ئاگاداری ڕۆیتەرز، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا، فشاری دروستکردووە بۆ ئەوەی کۆمپانیای "تی ئای کاپیتاڵ" (TI Capital) بەشداری لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی کەرکووک-بانیاس بکات.
ئەم کۆمپانیایە لە لایەن زیاد غەندورەوە خاوەندارێتی دەکرێت، کە هاوبەشێکی بازرگانیی کۆنی تۆم باراکە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە مانگی (تەمموز/7)ی ئەمساڵدا، عێراق و سووریا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا واژۆ کرد بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی تەکنیکی و دارایی لەسەر پڕۆژەکە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، باراک مافی وەرگرتنی 20٪ی قازانجەکانی پڕۆژەیەکی خانووبەرەی هەیە کە لە لایەن هەمان کۆمپانیاوە بەڕێوەدەبرێت. هەرچەندە بەڵگەیەک نییە بۆ سودمەندبونی ڕاستەوخۆی باراک لە پڕۆژەی بۆریی نەوتەکە، بەڵام شارەزایانی بواری یاسا دەڵێن، ئەم پەیوەندییە پێشێلکردنی یاسای بێلایەنییە، کە ڕێگری دەکات لە بەرپرسان بەشداربن لە دۆسیەیەکدا کە هاوبەشە بازرگانییەکانیان تێیدا سودمەند دەبن.
باراک تاکوو ئێستا لێخۆشبوونی (Waiver) بۆ ئەم دۆسیەیە لە فەرمانگەی ڕەوشتی حکوومیی ئەمریکا وەرنەگرتووە. ئەو کۆمپانیایە لە مانگی (تەمموز/7) لەگەڵ کۆمپانیایەکی تریشدا وەک سەرپەرشتیاری کێڵگەی غازی "ئەککاس" لە عێراق دیاریکرابوو.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرگری لە نێردەکەی کرد و ڕایگەیاند: "باڵیۆز باراک هیچ پەیوەندی و ڕۆڵێک و بەرژەوەندییەکی دارایی لە پڕۆژەی بۆریی کەرکووک-بانیاسدا نییە و لێدوانەکانیشی لەسەر ئەم پرسە تەنیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکایە لە بواری وزەدا".
هێڵی بۆریی کەرکووک-بانیاس، لە ساڵانی هەشتاکانەوە تووشی پەککەوتنی ناوبەناو بوە و لە ساڵی 2003 و دوای هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق بە تەواوی ڕاگیرا. بەڵام دوای ئەوەی لە (شوبات/2)ی 2026دا گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران توندتر بوون و گەروی هورمز داخرا، بیرۆکەی نۆژەنکردنەوەی ئەم هێڵە جارێکی تر سەریهەڵدایەوە تا ببێتە جێگرەوەیەک بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ دەریای ناوەڕاست.
تێچووی نۆژەنکردنەوەی ئەم هێڵە نزیکەی 15 ملیار دۆلارە و پێویستی بە لانیکەم 4 ساڵ کارکردن هەیە. تۆم باراک پێشتر لە ساڵی 2021دا بە تۆمەتی کارکردن وەک بریکاری نهێنی بۆ ئیمارات دەستگیرکرابوو، بەڵام لە ساڵی 2022دا بێتاوان دەرچوو.
بۆچوونی بەکارهێنەران