ژینگەکوژی؛ میراتی شاراوەی چەند دەیە ململانێ لە کوردستانی تورکیا
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تێکدانی ژینگە لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیادا، لە پاڵ ئۆپەراسیۆنە سەربازی و ئەمنییەکان دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بە درێژاییی دەیەکانی ڕابردوو بووەتە ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دانیشتووانی کورد، گۆڕینی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنیان بە سەرچاوە سروشتییەکان کە بە گوتەی توێژەران، سەرەڕای لێکەوتە ژینگەیی و ئابوورییەکان، ناسنامەی فەرهەنگی و پەیوەندیی مێژوویی کۆمەڵگە کوردییەکانیش لەگەڵ خاکەکەیاندا دەخاتە مەترسییەوە.
ئەنریکۆ ماریا لا فۆرجیا، لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ بڵاو کرایەوە، دەنووسێت پێکدادانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان لە دەیەی ١٩٨٠ەوە بۆ گۆڕەپانی ژینگەش فراوان بووەتەوە و تێکدانی دارستانەکان، گۆڕینی دیمەنە سروشتییە پەیوەندیدارەکان بە ناسنامەی کوردی و کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە سروشتییەکان، لە پاڵ ئامانجە سەربازییەکاندا، بوونەتە ئامرازگەلێک بۆ پێشخستنی سیاسەتە ئەمنی و سیاسییەکانی ئەنقەرە.
لە ساڵانی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە توێژەران و چاودێرانی نێودەوڵەتی بۆ وەسفکردنی تێکدانی بەرفراوانی سیستەمە ژینگەیییەکان کە مانەوەی جەستەیی و فەرهەنگیی کۆمەڵگە خۆجێیییەکان دەخاتە مەترسییەوە، زاراوەی «ژینگەکوژی»یان بەکار هێناوە. پینار دینچ، پڕۆفیسۆری یاریدەدەری زانستە سیاسییەکانی زانکۆی لوند، بە ئاماژەدان بە ناکۆکییەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەم زاراوەیە، جەخت دەکاتەوە کە تێکدانی ژینگە هەندێک جار لەگەڵ ئەو پلانانەدا تێکەڵ دەبێت کە کۆمەڵگە دیاریکراوەکان و شێوازی ژیانیان دەکەنە ئامانج؛ هەر لەبەر ئەمە، پشکنینی ئەم دیاردەیە نابێت تەنیا لە ڕوانگەی ژینگەیییەوە ئەنجام بدرێت.
بە نووسینی لا فۆرجیا، پەیوەندیی نێوان سیاسەتەکانی گەشەپێدانی تورکیا و ململانێی کوردەکان نیشانی دەدات کە تێکدانی ژینگە لە ناوچە کوردنشینەکاندا هەم وەک بەشێک لە ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی یاخیبوون و هەم وەک ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەستڕاگەیشتنی کۆمەڵگە خۆجێیییەکان بە سەرچاوە سروشتییەکان بەکار هێنراوە. سەرەڕای ئەم پێشینەیە، پرسە ژینگەیییەکان بە نزیکەیی هیچ پێگەیەکیان لە گفتوگۆ بەردەوامەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستاندا نییە.
لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیادا، تێکدانی ژینگەی سروشتی لە لایەن سوپا و هێزە ئەمنییەکانی ئەم وڵاتەوە، لە حاڵەتە جۆراوجۆرەکاندا بەشێک بووە لە سیاسەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی یاخیبوون. ئەم شێوازە، لە ڕووی مێژووییەوە، لەو ڕێگایانە دەچێت کە هێزە داگیرکەرەکانی پێشوو وەک فەڕەنسا و بەریتانیا بۆ ڕێگریکردن لە بەرخۆدانی کۆمەڵگە ڕەسەنەکان و چەسپاندنی باڵادەستیی خۆیان بەسەر خاکەکانی ژێر کۆنتڕۆڵیاندا بەکاریان دەهێنا.
ئەم ستراتیژانە لە لایەکەوە ئامانجە سەربازییەکان، وەک لەناوبردنی ڕووپۆشی ڕوەکی و تێکدانی گردەکان و دروستکردنی خاڵەکانی پشکنین لە بەرزایییەکان و ڕێڕەوەکانی ڕووباردا بۆ سنووردارکردنی جووڵەی هێزە چەکدارەکان پەیڕەو دەکەن و لە لایەکی ترەوە، بە گۆڕینی ژینگەی سروشتی، دەبنە هۆی گۆڕانی ئەو دیمەنانەی کە بەشێک لە ناسنامەی فەرهەنگی و مێژوویی کۆمەڵگە خۆجێیییەکان هەژمار دەکرێن.
نیسان ئالیجی، توێژەری زانکۆی دێربی لە بواری پرسە ژینگەیییەکان و دادپەروەریی گواستنەوەدا، پێی وایە تێکدانی ژینگە لە کوردستاندا ڕاستەوخۆ ناسنامەی کوردی دەخاتە مەترسییەوە؛ چونکە پچڕاندنی پەیوەندیی خەڵک لەگەڵ ژینگەی ژیان و خاکەکەیاندا، دەبێتە هۆی گواستنەوەی دانیشتووان، چۆڵبوونی ناوچەکان لە دانیشتووان و لەناوچوونی پەیوەندیی کۆمەڵگە خۆجێیییەکان لەگەڵ بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و شێوازە نەریتییەکانی بژێویدا.
بەتایبەتی لە دەیەی ١٩٩٠دا، سوپای تورکیا بە شێوەیەکی ڕێکخراو بەشێک لە ژینگەی سروشتیی ناوچە کوردنشینەکانی تێک دا. ئەم هەنگاوانە هەم بە ئامانجی ڕێگریکردن لە سوودوەرگرتنی هێزە گەریلاکان لەو جوگرافیایەی کە ناسینێکی وردیان لێی هەبوو ئەنجام دەدران و هەم بۆ ناچارکردنی هاووڵاتییە سڤیلە کوردەکان بە بەجێهێشتنی گوندەکان و نیشتەجێبوون لە ناوچە شارنشینەکاندا دەکران، چونکە کۆنتڕۆڵی ئەمنی و چاودێریکردنی دانیشتووان تێیاندا ئاسانتر بوو.
شاری ئامەد یان دیاربەکر، لە هەمان قۆناغدا ڕووبەڕووی زیادبوونێکی بەرچاوی دانیشتووان بووەوە. سووتاندنی دارستانەکان، داخستنی دەشتەکان بە هۆکاری سەربازی و سنووردارکردنی چالاکییە کشتوکاڵییەکان، زۆرێک لە گوندنشینەکانی ناچار کرد شوێنی ژیانی خۆیان بەجێ بهێڵن. ئەم کەسانە بۆ دۆزینەوەی بژێوی کۆچیان کرد بۆ شارەکان؛ شوێنێک کە هێزەکانی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان توانای زیاتریان بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆن، چاودێریکردن و چالاکییە بانگەشەیییەکان هەبوو.
پینار دینچ دەڵێت چۆڵکردنی گوندەکان، ئاوارەکردنی زۆرەملێ و لەناوبردنی سەرچاوەکانی بژێویی گوندنشینەکان، لە پێکهاتە سەرەکییەکانی ستراتیژی ئەمنیی دەوڵەتی تورکیا بوون و هەلومەرجی پێویستیان بۆ پەراوێزخستنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە کوردییەکان ڕەخساندووە. گۆڕینی زۆرەملێی جووتیاران بۆ هێزی کاری کەمکارامە لە کەرتی پیشەسازیشدا بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەژاری لە ناوچە کوردنشینەکاندا هەژمار دەکرێت. ئەم شێوازە پەیڕەوی لە شێوازە ناسراوەکانی سیاسەتە داگیرکارییەکان دەکات.
لەم ڕوانگەیەوە، هێرشکردنە سەر ژینگە تەنیا بە لەدەستدانی سەرچاوە سروشتییەکانەوە سنووردار نابێت، بەڵکوو بژێوی، میراتی فەرهەنگی، هەستی سەربەخاکبوون و ناسنامەی بەکۆمەڵی کۆمەڵگە خۆجێیییەکانیش لاواز دەکات.
یەکێک لە نموونە دیارەکانی ئەم ڕەوتە، شاری مێژوویی حەسەنکێفە لە کەناری ڕووباری دیجلە؛ شوێنێکی نیشتەجێبوون کە بە یەکێک لە کۆنترین ناوچە نیشتەجێبووە بەردەوامەکانی جیهان هەژمار دەکرێت. دروستکردنی بەنداوی ئیلیسو لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەشێکی بەرفراوانی ئەم شارە دێرینەی خستە ژێر ئاوەوە و نزیکەی لە سەدا ٨٠ی لەناو برد. ئەم پڕۆژەیە سەرەڕای ناڕەزایەتیی دانیشتووانە خۆجێیییەکان و چالاکانی ژینگە و گواستنەوەی ژمارەیەک لە باڵەخانە مێژوویییەکان، بووە هۆی لەناوچوونی بەشێکی گرنگی میراتی فەرهەنگیی ناوچەکە.
دینچ پێی وایە دژایەتیکردنی بەنداوی ئیلیسو تەنیا بە پاراستنی ژینگەوە سنووردار نەبوو، بەڵکوو پاراستنی دیمەنە فەرهەنگییەکان، بەردەوامیی مێژوویی و شێوازەکانی پەیوەستبوونی کۆمەڵایەتیی خەڵکیشی بە خاکێکەوە دەگرتەوە کە بۆ ئەوان جێگرەوەی نەبوو.
لەسەر بنەمای ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری ئامارگی، سیاسەتەکانی بەڕێوەبردنی ژینگە و کۆنتڕۆڵکردنی دانیشتووان لە ناوچە کوردنشینەکاندا هێشتا بەردەوامن، بەڵام ئامرازەکانی جێبەجێکردنیان گۆڕاون. ئالیجی دەڵێت جەوهەری ئەم سیاسەتانە تا ڕادەیەکی زۆر جێگیر ماوەتەوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئێستا زیاتر لە ڕابردوو لە ئامرازگەلێکی وەک پلانەکانی کانزاکاری و سوودوەرگرتن لە دارستانەکان لە پاڵ سیاسەتە ئەمنییەکاندا کەڵک وەردەگرێت. ئەم تێکەڵەیە، ناسینەوە و بەڵگەدارکردنی لێکەوتەکانی هەنگاوەکانی دەوڵەت و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەریان سەختتر کردووە.
فراوانکردنی پلانەکانی وزەی خۆریش لە نموونەکانی ترە کە ئەم توێژەرە ئاماژەی پێ دەکات. بە گوتەی ئالیجی، یەکێک لە پلانە جێبەجێکراوەکان لە دەوروبەری شاری ئامەد، ڕووبەڕووی دژایەتیی چالاکان و کۆمەڵگە خۆجێیییەکان بووەتەوە. ئەو هۆشداری دەدات کە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە ڕەنگە ببێتە هۆی تێکدانی بەشێکی گەورەی ناوچەیەکی سەوز و دەوڵەمەند کە زیاتر لە هەزار و ٩٠٠ گوند لە خۆ دەگرێت و لە کۆتاییدا، گواستنەوەی دانیشتووانە خۆجێیییەکەی لێ بکەوێتەوە.
توێژەران پێیان وایە ئەو پڕۆژانەی بە ناوی گەشەپێدان، وەبەرهێنان و دروستکردنی هەلی کارەوە دەناسێنرێن، لە کرداردا ڕەنگە سوودە ئابوورییەکان بخەنە بەردەستی کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەران، لە کاتێکدا تێچووە کۆمەڵایەتی و ژینگەیییەکانیان لەسەر شانی دانیشتووانە خۆجێیییەکان دەمێنێتەوە. دینچ دەڵێت دامەزراوە دەوڵەتییەکانی تورکیا بە ئاسانکردنی دەستڕاگەیشتنی کۆمپانیاکان بە زەوی و سەرچاوە سروشتییەکان پشتگیری لەم ڕەوتە دەکەن، بەڵام خەڵکی ناوچەکە زۆربەی جار تەنیا لە دەرفەتە پیشەیییە کاتی و ناسەقامگیرەکان بەهرەمەند دەبن و لە بەرامبەردا، ڕووبەڕووی لێکەوتە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییە درێژخایەنەکان دەبنەوە.
سەرەڕای ئەم بارودۆخە، لە ساڵانی ڕابردوودا بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و ڕێکخراوە ژینگەیییەکان لە تورکیا و ناوچە کوردنشینەکاندا فراوان بوون. ناڕەزایەتییەکانی پارکی گەزی لە ساڵی ٢٠١٣دا، کە لە سەرەتادا لە دژایەتیکردنی پلانی دەوڵەت بۆ تێکدانی فەزای سەوزی ئەم پارکە لە نزیک گۆڕەپانی تەقسیمی ئەستەنبوڵ و دروستکردنی گەراجی ئۆتۆمبێل دەستی پێ کرد، بووە هێمای بەرخۆدانی گرووپە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان لە بەرامبەر سیاسەتەکانی حکوومەتەکەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغاندا.
لە ناوچە کوردنشینەکانیشدا بزووتنەوە ژینگەیییەکان هێواش هێواش ڕێکخراوتر بوون. دینچ دەڵێت ژینگە یەکێکە لە سێ کۆڵەکە سەرەکییەکەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، لە پاڵ دیموکراسی لە خوارەوە و ئازادیی ژناندا، و هەر لەبەر ئەمە پێگەیەکی تایبەتی لە هزری سیاسی، ناسنامە و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی کورددا هەیە.
بزووتنەوەی ژینگەی میزۆپۆتامیا، یەکێک لە ڕێکخراوە چالاکەکانی ئەم بوارە، لە بەڵگەدارکردنی تێکدانە ژینگەیییەکان، ڕێکخستنی کۆمەڵگە خۆجێیییەکان و گرێدانی داواکارییە ژینگەیییەکان بە خەبات بۆ دیموکراسی و مافە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕۆڵی هەبووە. دەستپێشخەرییەکانی وەک کۆڕبەندی ئاوی میزۆپۆتامیایش بە بەشداریکردنی ڕێکخراوە کوردییەکان، چالاکانی بیانی و ژمارەیەک لە گرووپە ژینگەیییەکانی تورکیا شێوەیان گرتووە. ئەم کۆڕبەندە بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە و وۆرکشۆپە هەفتانەکان لە ئامەد، لە هەوڵدایە هۆشیاریی گشتی و توانای کۆمەڵگە خۆجێیییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێکدانی ژینگە زیاد بکات.
لەگەڵ ئەوەشدا، چالاکانی ژینگەیی کورد هێشتا ڕووبەڕووی بێمتمانەیی و پەراوێزخستن، تەنانەت لە لایەن هەندێک گرووپی ژینگەیی تورکیاشەوە، دەبنەوە. ئالیجی دەڵێت پرسە ژینگەیییەکان لە ناوچە کوردنشینەکاندا لە لایەن بەشێک لە کۆمەڵگەی تورکیاوە بە شێوەیەکی دانەبڕاو بە بابەتە ئەمنییەکانەوە بەستراو دەزانرێن و هەر ئەم پرسە بووەتە بەربەست لە بەردەم شێوەگرتنی هاوکارییەکی بەرفراوانتردا.
دینچیش جەخت دەکاتەوە کە قەیرانە ژینگەیییەکان لە ناوچە کوردنشینەکاندا، بە بەراورد لەگەڵ ڕووداوە هاوشێوەکان لە ناوچەکانی تری تورکیادا، سەرنجی گشتیی کەمتر بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن. لە ئەنجامدا، چالاکانی ئەم بوارە سەرەڕای گوشارە سیاسییەکان، دەبێت بەرەنگاری بێباکی و بێدەنگیی بەشێک لە کۆمەڵگەیش ببنەوە. ئالیجی لە هەمان بواردا هۆشداری دەدات کە تەنانەت ئەگەر شەڕ لە قۆناغی ئێستادا وەستابێت، تێکدانی ژینگە هێشتا بەردەوامە.
ئەم نیگەرانییانە دوای پەسەندکردنی یاسای ژمارە ٧٥٥٤ لە پەرلەمانی تورکیادا لە ساڵی ٢٠٢٥ زیادیان کرد. ئەم یاسایە کە نزیکەی مانگێک دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چەکدانان لە لایەن پەکەکەوە پەسەند کرا، زەمینەی بۆ ئاسانکردنی پڕۆژەکانی کانزاکاری و گەشەپێدان ڕەخساند و نیگەرانیگەلێکی سەبارەت بە کەمبوونەوەی گەرەنتییە ژینگەیییەکان و لێکەوتەکانی ئەم پلانانە بۆ ئەو ناوچانەی دەیان ساڵە لە ژێر کاریگەریی پێکداداندا بوون، دروست کرد.
بە نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، نەبوونی بابەتی ژینگە لە دانوستانەکانی ئاشتیی نێوان ئەنقەرە و پەکەکەدا خاوەنی گرنگییەکی تایبەتە؛ چونکە ناوچە تێوەگلاوەکان لە ململانێدا خاوەنی سەرچاوەی سروشتیی بەرچاون و جێبەجێکردنی پڕۆژە نوێیەکانی دەرهێنان دەتوانێت شێوازەکانی پێشووی زەوتکردنی خاوەندارێتی و بێبەشکردنی کۆمەڵگە خۆجێیییەکان بەرهەم بهێنێتەوە. ئاسانکردنی دەستڕاگەیشتنی کۆمپانیاکان بە زەوی و سەرچاوە سروشتییەکان، بە بێ لەبەرچاوگرتنی مافەکانی دانیشتووان و پێویستیی پاراستنی ژینگە، ڕەنگە ببێتە هۆی توندتربوونی هەمان ئەو ناڕەزایەتییانەی کە پڕۆسەی ئاشتی بڕیارە کۆتایییان پێ بهێنێت.
نیسان ئالیجی کە لە ساڵی ٢٠٢٥دا هاوڕێ لەگەڵ سوان ئێم. سێگۆیا-تسومپا، توێژەرێکی تر، لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیادا توێژینەوەی مەیدانیی ئەنجام داوە، دەڵێت دانیشتووانە خۆجێیییەکان پێشوازی لە پڕۆسەی ئاشتی دەکەن، بەڵام سەبارەت بە شکستی ئەگەریی نیگەرانن و لەوەی کە پرسە ژینگەیییەکان لەم ڕەوتەدا گرنگییان پێ نەدراوە، نیگەرانی دەردەبڕن.
ئەم دوو توێژەرە لە هەمان کاتدا، جێبەجێکردنی شێوازی «دادپەروەریی گواستنەوەی سەوز» بە یەکێک لە ڕێگا ئەگەرییەکان بۆ چارەسەرکردنی لێکەوتە ژینگەیییەکانی ململانێ دەزانن. دادپەروەریی گواستنەوە لە شێوە نەریتییەکەی خۆیدا لەسەر چارەسەرکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، لەوانە کوشتن، ئەشکەنجە، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئاوارەیی، دوای سەردەمەکانی شەڕ یان حکوومەتی تاکڕەو چڕ دەبێتەوە؛ بەڵام ڕوانگە سەوزەکەی، تێکدانی ژینگەیش وەک یەکێک لە میراتەکانی توندوتیژیی سیاسی و ململانێ بە فەرمی دەناسێت و لێکەوتە درێژخایەنەکانی بۆ کۆمەڵگە خۆجێیییەکان و نەوەکانی داهاتوو لەبەرچاو دەگرێت.
لە ڕوانگەی دینچەوە، جێبەجێکردنی ڕوانگەیەکی لەم چەشنە لە ناوچە کوردنشینەکاندا پێویستی بەوەیە کە تێکدانی سیستەمە ژینگەیییەکان وەک شێوەیەک لە توندوتیژی و زەوتکردنی خاوەندارێتی بناسرێت و بووژاندنەوەی ژینگە، سوودوەرگرتن لە زانستی خۆجێیی و بەشداریکردنی کۆمەڵگە خۆجێیییەکان لە پاڵ میکانیزمەکانی ڕاستیپشکنین، قەرەبووکردنەوەی زیان و چاکسازیی دامەزراوەییدا دابنرێن. بە بڕوای ئەو، بە بێ گرنگیدان بە بناغە ژینگەیییەکانی ژیانی کۆمەڵگە خۆجێیییەکان، ئاشتییەکی جێگیر شێوە ناگرێت.
ئالیجیش ئاماژە بە پڕۆسەی ئاشتیی کۆڵۆمبیا لەگەڵ هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکانی کۆڵۆمبیا (فارک) دەکات وەک نموونەیەک بۆ ئەگەری سوودوەرگرتن لە دادپەروەریی گواستنەوەی سەوز. لەم ئەزموونەدا، تێکدانی ژینگە وەک بەشێک لە زیانە پەیوەندیدارەکان بە ململانێوە لەبەرچاو گیرا و مافەکانی سروشت و پێویستیی قەرەبووکردنەوەی زیانە گەیەنراوەکان بە سیستەمە ژینگەیییەکان و کۆمەڵگە گوندنشین و ڕەسەنەکان گرنگییان پێ درا.
ئەم ڕوانگەیە سەرەڕای قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ڕابردوو، جەخت لە ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی توندوتیژی دەکاتەوە لە ڕێگەی چارەسەرکردنی هۆکارە پێکهاتەیییەکانی زەوتکردنی خاوەندارێتی و سوودوەرگرتنی تێکدەرانە لە سەرچاوە سروشتییەکان؛ بابەتێک کە بە نووسینی لا فۆرجیا، هێشتا لە ڕەوتی چارەسەرکردنی پرسی کورددا لە تورکیا پێگەیەکی لاوەکیی هەبووە و ئەم پرسە دەتوانێت یەکێک بێت لە بەربەستەکانی گەیشتن بە ئاشتییەکی جێگیر.
بۆچوونی بەکارهێنەران