سەعدی ئەحمەد پیرە: بەستەڵەکی نێوان پارتی و یەکێتی بەرەو توانەوە دەچێت
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەمڕۆ شەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد کە گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی هەنگاوێکی ئەرێنی بوون بۆ شکاندنی ئەو ساردییەی کە لە قۆناغی ڕابردوودا دروست ببوو.
بە وتەی ناوبراو، ئەم کەشە ئەرێنییە بەمنزیکانە لە کۆبونەوەیەکی فەرمیی نێوان پارتی و یەکێتی ڕەنگ دەداتەوە، تاوەکوو پرسە هەڵپەسێردراوەکان یەکلا بکرێنەوە و سەقامگیریی سیاسی لە هەرێم چەسپاو بێت.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی، سەعدی پیرە دڵنیایی دا کە هیچ گومانێک لە توانستی هێزەکانی پێشمەرگە نییە بۆ پاراستنی هەرێم. ئەو ڕایگەیاند کە هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە، چوونکە مەترسییەکانی پاشماوەی داعش تەنیا بۆ سەر ناوچەکە نین، بەڵکوو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی ڕۆژئاواش.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتی: "بەستەڵەکی نێوان پارتی و یەکێتی بەرەو توانەوە دەچێت و لە ڕۆژانی داهاتودا لە ڕێگەی کۆبوونەوەیەکی فەرمییەوە، بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکان ئەم کەشە ئەرێنییە بەرجەستە دەکەین".
پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەمساڵانەی دواییدا بەهۆی ناکۆکی لەسەر بەڕێوەبردنی داهات، هەڵبژاردن و پرسی دەستورییەوە چەند جارێک ڕوبەڕوی قەیران بوەتەوە. ئەوەش لەكاتێكدایە كە له 20ی 10ی 2024ـەوه ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان بهڕێوهچووه، بهڵام تاوهكوو ئێستا لایهنهكانی ههرێمی كوردستان نهگهیشتونهته رێكهوتن بۆ پێكهێنانی كابینهی دهیهمی حكوومهتی ههرێمی كوردستان و ناكۆكی قووڵ لەنێوان یەكێتی و پارتیدا لەسەر ئەو پرسە هەیە.
بۆچوونی بەکارهێنەران