خبر 2026-11-19 08:19 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

زەیدی بۆ کۆنترۆڵ کردنی جورف سەخر فەرمان بە پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش دەدات

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەفەرمی بڕیاریدا بەگۆڕینی هێزەکانی سنووری جورف سەخر و دابەشکردنی ناوچەکە بەسەر یەکە هاوبەشەکانی سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی‌و پۆلیسی وزەدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌گوێره‌ى ناوەڕۆکی ئەو دوو نووسراوە فەرمییە کە لەنێوان دەستەی حەشدی شەعبی ‌و نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا ئاڵوگۆڕ کراون، وردەکاریی بڕیارەکە و دابەشکردنی هێزەکان بەمشێوەیەن:

لەیەکەم نووسراودا کە ژمارە (26/7842)ی لەسەرەو بەواژۆی فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کراوە، پێشنیازکراوە کە سنووری جورف سه‌خر لەلایەن هێزەکانی سەر بەدەستەی حەشدی شەعبی (لیوای 72، لیوای 79و فەوجی هێزە تایبەتەکان) بگیرێتە دەست‌ و پاراستنی بۆریی نەوتی ناوچەکەش بدرێتە دەست پۆلیسی وزە.

لەوەڵامی ئەو پێشنیازەدا، نوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بە نووسراوێکی «نهێنی» (ژمارە 1257) کە واژۆی فەریقی یەکەمی ڕوکن عەبدولئەمیر کامل شەمەریی لەسەرە، ڕەزامەندیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕاگەیاندوە لەسەر گۆڕینی هێزەکان ‌و دابەشکردنی ناوچەکە بەسەر حەوت خاڵی سەرەکیدا به‌مشێوه‌یه‌:

ـ سوپای عێراق ـ وەزارەتی بەرگریی: لیوای 38ی پیادەی فیرقەی 10، ئەرکی پاراستنی ناوچەکە دەگرێتە ئەستۆ لەساترەکانی (یاحسێن)ەوە تاوەکو چوارڕیانی (فازڵییە) لەسنوری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار.

ـ پۆلیسی فیدراڵی وەزارەتی ناوخۆ: لیوای 17ی پۆلیس، ئەرکی پاراستنی سەنتەری ناحیەی جورف سه‌خر دەگرێتە ئەستۆ لەڕوباری فوراتەوە لەڕۆژهەڵات تا ڕێگه‌ی (موسەیب – فازڵییە) لەڕۆژئاوا.

ـ حەشدی شەعبی: لیوای 72و لیوای 79ی حەشدی شەعبی، ناوچەکە دەگرنە دەست لەڕێگه‌ی (موسەیب – فازڵییە) لەڕۆژهەڵاتەوە تا سنوری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا.

ـ پۆلیسی وزە: فەوجێکی پۆلیسی وزە ئەرکی پاراستن‌و کۆنترۆڵکردنی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت دەگرێتە ئەستۆ.

ـ کردنەوەی بازگەی نوێ: بازگەیەک بۆ پۆلیسی بابل لەچوارڕیانی فازڵییە بەرەو موسەیب‌و بازگەیەک بۆ پۆلیسی ئەنبار بەرەو عامرییەی فەلوجە دەکرێتەوە.

ـ کردنەوەی ڕێگه‌ سەرەکییەکە: ڕێگه‌ی ستراتیژیی (موسەیب – بەهبەهانی – چوارڕیانی فازڵییە – عامرییەی فەلوجە) بەڕوی هاوڵاتییاندا دەکرێتەوە.

ـ هێزی یەدەگی دژەتیرۆر: فەوجی دژەتیرۆری جێگیرکرا و لەسەربازگەی (حامییە) وەک هێزی یەدەگی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لەناوچەکەدا دەمێنێتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر حاڵەتێکی نائاساییدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.