خبر 2026-11-19 09:56 کاتی خوێندنەوە: 4 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

ئەنقەرە و دیمەشق لە هەوڵی پێناسەکردنەوەی دەسەڵاتدان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی ناکۆکییەکان لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە پێکهاتە دەوڵەتییەکاندا، کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای تورکیا و دەسەڵاتی کاتیی سووریا لە ئەنقەرە جارێکی تر داهاتووی ناوچە کوردنشینەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و چۆنیەتیی دابەشکردنی دەسەڵاتە سەربازی و کارگێڕییەکانی لەم ناوچانەدا خستە چەقی ڕاوێژەکانی هەردوو وڵاتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆبوونەوەی ئەم دوایییەی بەرپرسانی باڵای تورکیا و سووریا لە ئەنقەرە لە بارودۆخێکدا بەڕێوە چوو کە سەرەڕای ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) وەک پێکهاتەیەکی سەربازیی سەربەخۆ، ڕەوتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی تێکەڵکردنی ئەم هێزانە و دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری لە پێکهاتەی دەسەڵاتی ناوەندیی سووریادا هێشتا ڕووبەڕووی ناکۆکی و بەربەستی جۆراوجۆر دەبێتەوە. لە هەمان چوارچێوەدا، داهاتووی ناوچە کوردنشینەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و چۆنیەتیی ڕێکخستنەوەی پێکهاتەکانی دەسەڵات لەم ناوچانەدا بووەتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی هەماهەنگیی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیای «ئەلعەرەب» کە «میدڵ ئیست نیوز» بڵاوی کردووەتەوە، کۆبوونەوەی ئەم دوایییە بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی تورکیا و دەسەڵاتی کاتیی سووریا بەڕێوە چوو و دۆسیەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری لە بابەتە سەرەکییەکانی لێکۆڵینەوە بوو تێیدا. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا ئەنجام درا کە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە مانگی ئابی ڕابردوودا هەواڵی کۆتاییهاتنی چالاکیی ئەم هێزانەی وەک پێکهاتەیەکی سەربازیی سەربەخۆ و تێکەڵکردنیانی لە سوپای سووریادا ڕاگەیاندبوو.

ڕێککەوتنی ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی کاتیی سووریا، و مەزڵووم عەبدیدا بە ئامانجی تێکەڵکردنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە پێکهاتەی دەسەڵاتی ناوەندیدا، گەڕاندنەوەی کۆنتڕۆڵی دەروازە سنوورییەکان و سامانەکانی ئەم ناوچانە بۆ دەسەڵاتی ناوەندی و هەروەها گەرەنتیکردنی مافەکانی کورد واژۆ کرا. لەگەڵ ئەوەشدا، ناکۆکی لەسەر چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، پێکهاتەی فەرماندەیی سەربازی و ڕادەی دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەریی خۆجێیی، ڕێگر بووە لە تەواوکردنی ڕەوتی جێبەجێکردنەکەی.

هەروەها، سەرەڕای ڕێککەوتنەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ و ڕادەستکردنی بەشێک لە دامەزراوەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە دەسەڵاتی ناوەندی و دەستپێکردنی ڕەوتی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆدا، هێشتا چەندین پرسی گرنگ بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە. وردەکارییەکانی تێکەڵکردنی هێزەکان، داهاتووی دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری، مافە کولتوورییەکانی کورد، خوێندن بە زمانی کوردی و هەروەها پرسە پەیوەندیدارەکان بە خاوەندارێتیی موڵکەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان لەو بابەتانەن کە هێشتا ناکۆکییان لەسەرە.

لەم نێوەندەدا، تورکیا خوازیاری کۆتاییهاتنی چالاکیی پێکهاتە سەربازییە سەربەخۆکانی پەیوەست بە هێزەکانی سووریای دیموکرات و گەرەنتیکردنی ئاسایشی سنوورەکانی باشووری خۆیەتی. لە بەرامبەردا، دیمەشق لە هەوڵی گەڕاندنەوەی سەروەریی دەسەڵاتی ناوەندیدایە بۆ سەر تەواوی ناوچەکان، دامەزراوەکان و سامانەکانی سووریا؛ بابەتێک کە دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر ڕادەی دەسەڵاتە سیاسی و کارگێڕییەکانی دامەزراوە خۆجێیییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتەدا دابنێت.

لە لایەکی ترەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئەگەری سەرهەڵدانی ناکۆکی لە نێوان پێکهاتە عەرەب و کوردەکاندا، بەتایبەت لە پارێزگای حەسەکە، لە میانەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی تێکەڵکردندا هۆشداریی داوە. لەسەر ئەم بنەمایە، سەرکەوتنی ڕێککەوتنەکە تەنیا بە هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی سەربازیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و تێکەڵکردنی ئەندامەکانی لە سوپا و دەزگا ئەمنییەکاندا سنووردار نابێت، بەڵکوو گەرەنتیکردنی مافەکانی پێکهاتە خۆجێیییەکان، بەشداریی سیاسی و چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیش بە هۆکارە یەکلاکەرەوەکان لەم ڕەوتەدا هەژمار دەکرێن.

شرۆڤەکاران پێیان وایە پرسیاری سەرەکی لە بارودۆخی ئێستادا ئەوەیە کە ئایا ئەنقەرە و دیمەشق بەنیازن ڕێککەوتنەکە لەسەر بنەمای بڕگە و چوارچێوەی دانوستانە سەرەتایییەکان بگەیەننە ئەنجام، یان ئەوەی پێشهاتە مەیدانییەکانی ئەم دوایییە زەمینەیان بۆ چوونەناو قۆناغێکی توندتر و سەپاندنی مەرجی نوێ فەراهەم کردووە.

دیمەشق لە مانگەکانی ڕابردوودا بوونی خۆی لەو ناوچانەدا فراوان کردووە کە پێشتر لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا بوون. لە هەمان کاتدا، ئەنقەرەش پێی وایە بارودۆخی ئێستا دەرفەتێکی گونجاوە بۆ کۆتاییهێنان بە هەر جۆرە پێکهاتەیەک کە ڕێگە بە هێزە کوردییەکان بدات سەربەخۆییی سەربازی یان دەسەڵاتی فراوانی کارگێڕی بپارێزن.

لە هەمان چوارچێوەدا، سەرچاوە هەواڵییەکان پێیان وایە چڕبوونەوەی سەرنجی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر پێشهاتە ناوچەیییەکان و فرەییی کارە لەپێشینەکانی واشنتن ڕەنگە دەرفەتی زیاتر بۆ تورکیا و سووریا فەراهەم بکات تاوەکو جێبەجێکردنی بەشە هەڵپەسێردراوەکانی ڕێککەوتنەکە بە خێراییەکی زیاتر بەرەو پێش ببەن. لەگەڵ ئەوەشدا، کەمبوونەوەی ڕۆڵی ئەمریکا لەم دۆسیەیەدا مەرج نییە بە مانای دروستبوونی بۆشایی بێت لە بواری چاودێری و گەرەنتییە سیاسییەکاندا.

هەروەها کۆبوونەوەی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا، لە ڕۆژی سێشەممەدا لە ئەنقەرە و دوای کۆبوونەوەی ناوبراو لەگەڵ بەرپرسانی تورکیادا، نیشانی دەدات کە واشنتن هێشتا لە ڕاوێژە پەیوەندیدارەکان بە داهاتووی سووریاوە ئامادەیە؛ هەرچەندە وا دیارە سروشت و شێوەی ڕۆڵی ئەمریکا لە ڕەوتی پێشهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا دوای ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات چووەتە قۆناغێکی نوێوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.