خبر 2026-11-19 09:38 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

سزای زیندانیکردن بەسەر سەرۆکی پێشووی شارەوانیی ئیستەنبووڵدا سەپێنرا

دادگای ئەنقەرە سزای دوو ساڵ و مانگێک زیندانیکردن و قەدەغەی کاری سیاسی بەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی ئیستەنبوڵدا سەپاند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بە تۆمەتی دەستکاری کردنی دەنگەکانی کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری لە ساڵی 2023، دادگای 26ی تاوانە سەرەتاییەکانی ئەنقەرە چوارشەممە، حوکمی دوو ساڵ و مانگێک بەندکردنی بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لەگەڵ هەشت کەسی دیکە دەرکردوە و بەپێی ماددەی 53ی یاسای سزادانی تورکیا مافی کاری سیاسیی لێ زەوت کراوە.

 ئەم سزایە لەسەر دۆسیەی پێدانی بەخشیشی دارایی بە ئەندامانی کۆنگرەی 38ی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بوە لە مانگی (تشرینی دوەم/11)ی 2023 تا کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی ئۆزگور ئۆزێل دروست بکات لە جێگەی کەمال کلیچدارئۆغڵو.

هاوکات دادگا جەمیل تۆگای، سەرۆکی شارەوانیی ئیزمیر و دو تۆمەتباری دیکەی بێتاوان کردوە؛ ئەم بڕیارەش کاردانەوەی گەورەی لە تورکیا دروستکردوە، چونکە ئیمامئۆغڵو دیارترین کاندیدی ئۆپۆزسیۆنە بۆ ڕکابەریکردنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکانی داهاتودا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە "العربیة.نت"ی ڕاگەیاند، "ئەم بڕیارە سیاسییە و بە ئامانجی دورخستنەوەی ناوبراوە لە گۆڕەپانی کێبڕکێی دەسەڵات. تیمی پارێزەرانی ئیمامئۆغڵو دەستبەجێ تانەی یاسایی لە بڕیارەکەی دادگای ئەنقەرە دەدەن تاوەکو حوکمەکە هەڵبوەشێنرێتەوە".

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە ساڵی 2019دا دوای بردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبووڵ و دوبارەبونەوەی سەرکەوتنەکەی لە هەڵبژاردنی 2024دا، کۆتایی بە دەسەڵاتی 25 ساڵەی پارتی داد و گەشەپێدان هێنا لەو شارەدا. ئیمامئۆغڵو لە ساڵی ڕابردوەوە ڕووبەڕووی چەندین دۆسیەی دادوەری کراوەتەوە، لە کاتێکدا ئۆپۆزسیۆن حکوومەتەکەی ئەردۆغان تۆمەتبار دەکات بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری بۆ لەناوبردنی ڕکابەرە بەهێزەکانی لە هەڵبژاردنەکاندا.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.