گەشتی ئاسمانی لە نێوان ئێران و فڕۆکەخانەی نەجەفدا دەستپێدەکاتەوە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە بەیاننامەیەکی نووسینگەی عەلی زەیدیدا کە رۆژی ٢ی تسرینی یەکەم بڵاویکردەوە، هاتووه: "لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ ئاسانکاریکردنی هاتووچۆی گەشتیاران لە نێوان ئێران و فڕۆکەخانەی نەجەفدا بە مەبەستی لایەنە مرۆیی، چارەسەری پزیشکی، گەشتوگوزاری و خوێندن لە رێگای کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئێرانەوە، بڕیاری لەسەر درا".
ڕاگەیاندنەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژە بۆ دەکات: گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ڕێگە دەدات ڕۆژانە ٤٠ گەشتی ئاسمانی لە نێوان ئێران و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەفی ئەشرەفدا بۆ کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئێران ئەنجام بدرێت.
لە دەقی ئەم بابەتەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق "پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ وەڵامدانەوەی ئەرێنییانەی حکوومەتی ئەمریکی بەرامبەر بە هەوڵەکانی عێراق و هاوکارییان بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی زیارەتکاران و گەشتیاران، بە تایبەتی ئەو حاڵەتانەی پەیوەستن بە چارەسەری پزیشکی، سەردانی ئایینی و گەشتوگوزار".
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق جەختی کردەوە کە "جووڵەی گەشتی ئاسمانی تەنها گواستنەوەیەک نییە لە نێوان دوو فڕۆکەخانەدا، بەڵکوو پردێکە بۆ پەیوەندی نێوان گەلان؛ چونکە لە نێوان گەشتیاراندا نەخۆش هەن کە چاوەڕێی گەیشتن بە شوێنی چارەسەر دەکەن، یان زیارەتکارانی مەزارگە پیرۆزەکان، یان خێزاناکان کە چاوەڕێی بەیەکگەیشتنەوە دەکەن بە ئاسانی، جگە لەوەی ئەم جوڵەیە گرنگی هەیە بۆ گەشتوگوزار، ئابووری و پەیوەندی کۆمەڵایەتی".
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتوو کە :"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونی ئەو دۆسیەیانەی کە بە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی هاووڵاتییان و زیارەتکارانەوە هەیە و کارکردن لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ لابردنی ڕێگرییەکان لە بەرامبەر جووڵەی گواستنەوە و گەشتی ئاسمانی، بە شێوەیەک کە خزمەت بە عێراق بکات و بەرژەوەندی گەشتیاران بپارێزێت و هاوکاری و پەیوەندی مرۆڤایەتی لە نێوان گەلاندا بەهێزتر بکات".
بۆچوونی بەکارهێنەران