خبر 2026-10-03 08:30 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

نەخشەڕێگەیەکی نوێی عێراق و تورکیا بۆ هاوبەشیی ئابووری و بەگەڕخستنەوەی هەناردەی نەوت

شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی باسم محەمەد خەزیر، وەزیری نەوتی عێراق، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لەگەڵ ئەلپ ئەرسلان بایرەکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا کۆبووەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئامانجی دیدارەکە دەستپێکردنی گەڕی یەکەمی دانوستانەکان بوو بۆ داڕشتنی ڕێککەوتننامەیەکی چوارچێوەیی بەرفراوان لە بوارەکانی نەوت، غاز، پترۆکیمیایی و گەشەپێدانی ژێرخانی وزە.

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراقدا هاتووە: لەم کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر داهێنانی نەخشەڕێگەیەکی هاوبەش کراوە بۆ بەهێزکردنی شەراکەتی دووقۆڵی، فراوانکردنی ئاسۆی هاوکارییەکان و یەکلاکردنەوەی ئالیەتەکانی بەگەڕخستنەوەی بازرگانیی وزە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئامانجی سەرەکیی گەشتەکە، تاوتوێکردنی نەخشەڕێگایەکی نوێیە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابورییەکان، بەتایبەت لە بوارەکانی ژێرخانی نەوتی، غاز و پیشەسازیی پترۆکیمیاوی. هەروەها دەیانەوێت هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی هاوبەشی نێوان هەردو وڵات دیاری بکەن و ئاسۆی شەراکەت لە کەرتەکانی وزەدا فراوانتر بکەن.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕاشیگەیاند، "ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانماندایە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان و دۆزینەوەی دەرفەتی نوێ بۆ شەراکەتی ئابوری لە کەرتەکانی وزە و غازدا، تاوەکو بەرژەوەندیی هەردوو وڵات بەدی بێت."

لەم دانوستانانەدا شاندەکەی عێراق پێکهاتبوو لە نوسەیری عەزیز جەبار بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنان، هاوڕێ لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتیی کۆمپانیا سەرەکییەکانی وەک "سۆمۆ"، "نەوتی باکوور"، "پڕۆژە نەوتییەکان" و "هێڵە بۆرییەکان"، تاوەکو لە نزیکەوە ڕێگەچارە تەکنیکی و یاساییەکان بخەنە ڕوو.

لە لایەن خۆیەوە وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانج لەم هەنگاوە دابینکردنی بناغەیەکی بەهێزی یاسایی و کارگێڕییە بۆ گرەنتیی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات لە کەرتی وزەدا.

شایانی باسە، تورکیا وەک دەروازەیەکی ستراتیژی بۆ گەیاندنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان سەیریدەکەرێت، بەتایبەت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە. ئەم دانوستانە نوێیانە کە لە دوای کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان سەرکردایەتیی هەردوو وڵات (عەلی زەیدی و ڕەجەب تەییب ئەردۆغان) دێن، بە هەوڵێکی جدی دادەنرێن بۆ ڕەواندنەوەی ئاستەنگە تەکنیکی و سیاسییەکانی ڕابردوو و گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە هەناردەکردنی بەردەوامی نەوت بە بێ پچڕان گرەنتی بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.