خبر 2026-11-17 10:32 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

عێراق بڕیاریدا به‌ ڕاگرتنی ته‌له‌گرام

دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق بڕیاریدا به‌ راگرتنی كاركردنی ئه‌پڵیكه‌یشنی ته‌له‌گرام له‌ عێراق به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونی به‌ مه‌رجه‌ یاساییه‌كان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق، له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، بڕیاریانداوه‌ به‌ راگرتنی كاركردنی ئەپڵیکەیشنی تەلەگرام لە عێراق، ئەوەش لەسەر بنەمای ناپابەندبونی ئه‌و كۆمپانیایه‌ بە مەرجە یاسایی و ڕێکخستنه‌كانی كاركردن.

دەستەکە ڕوونیشیکردۆتەوە کە "کۆمپانیاكه‌ ڕێوشوێنە پێویستەکانی نەگرتۆتەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئه‌و ناوەڕۆکانه‌ی له‌ڕێگه‌ی سه‌كۆكه‌وه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌و پێشێلكاریین و پابەندی یاساکانی عێراق نەبوه‌، ئەوەش وایکرد کە پێویست بکات ئەم ڕوشوێنە ڕێکارییه‌ی بەرامبەر بیگرێتەبەر، لەگەڵ پێدانی مۆڵەتی 30 ڕۆژ بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی دۆخە یاساییەکەی".

وتووشیه‌تی: "ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییە ڕێکخراوەییەکانی دەستەکەدا دێت به‌ ئامانجی سنوردارکردنی قۆستنه‌وه‌ی سەکۆکانی سۆشیال میدیا له‌ بڵاوکردنەوەی گوتاری توندڕەوی و هاندان بۆ ئاژاوە و توندوتیژی و ڕقوكینه‌، لەگەڵ بەکارهێنانیان لە ئەنجامدانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نیشتمانی".

هەروەھا جەختیکردۆته‌وه‌ کە: "ئامانج لەم راگرتنه‌، ناچارکردنی کۆمپانیاكه‌یه‌ بە پێداچونەوە بە ناوەڕۆکە عێراقییە بڵاوکراوەکان لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکەوە، له‌گه‌ڵ گرتنەبەری ڕێوشوێنە پێویستەکان بۆ ڕێگریکردن لە پێشێلکارییەکان و هاوکاریکردن لەگەڵ دەستەکەدا بەپێی چوارچێوە یاساییە پەسەندکراوەکان".

دەستەکە جەختیکردۆتەوە لەسەر ئەوەی کە: "پابەندبونی کۆمپانیا كاركه‌ره‌كان بە یاساکانی عێراقه‌وه‌و پابەندبونە ڕێکارییه‌كانیان بە بنەمایەکی سەرەکی دادەنرێت بۆ بەردەوامبونیان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیان لە ناوخۆی وڵاتدا"، و دوپاتیکردۆتەوە کە "پاراستن و ڕاگرتنی کۆمەڵگە و ئاسایشی نیشتمانی لە پێشینەی کارەکاندان لە رێکخستنی کارکردنی سەکۆ دیجیتاڵییەکاندا".

راسته‌وخۆ دوای ئه‌وه‌ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه ‌و گه‌یاندنی هه‌رێم له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی "سەبارەت بە داخستنی هەر پلاتفۆرمێكی خزمەتگوزاری گەیاندن، ئێمە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن تاوەكو ئێستا هیچ نوسراوێكی فەرمیمان لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقەوە بە دەست نەگەیشتوە سەبارەت بە ئەم مەبەسته‌."

وتووشیه‌تی: "لە كاتی گەیشتنی نوسراوی فەرمی بۆ ئەم بابەتە یاخود هەر بابەتێکی تر، دوای بەدواداچون لەسەر رەهەندەكانی ئەم خزمەتگوزارییە و وەرگرتنی بۆچونی دامودەزگا تایبەتمەندەكان لە روی یاسایی و ئەمنییەوە و لەژێر رۆشنایی یاسای وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ژمارە 19ی ساڵی 2011 و لەپێناو بەرژەوەندنی گشتی و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری گەیاندن بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دەدەین".

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.