خبر 2026-10-03 10:00 کاتی خوێندنەوە: 4 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

هەوڵی تورکیا بۆ زیاتر کردنی هەژموونی لە هەرێمی کوردستان دوای کشانەوەی ئەمریکا

تورکیا بۆ زیادکردنی هەژموونی خۆی لە هەرێمی کوردستان دوای کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، پێویستی بە دروستکردنی ئامادەیییەکی نوێ نییە؛ چونکە ژێرخانی هەژموونی ئەنقەرە لە مێژەوە ڕێکخراوە و کشانەوەی ئەمریکا دەتوانێت دەرفەتی ئەوەی پێ ببەخشێت کە پەیوەندییە ئابووری، وزەیی، ئاسایشی و سیاسییەکانی لەگەڵ هەرێم بگوێزێتەوە بۆ نفووزێکی زۆر بەربڵاوتر.

کوردپرێس: ڕۆژنامەی (عەرەب نیوز) لە شیکارییەکدا، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق وەک فاکتەرێک ناو برد کە دەتوانێت زەمینە بۆ گەشەپێدانی ڕۆڵ و هەژموونی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بڕەخسێنێت. نفووزی تورکیا لە هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای پەیوەندییە ئابوورییەکان، وزە، ئاسایش و پەیوەندیی ئەنقەرە لەگەڵ حزبە سەرەکییەکانی هەرێم داڕێژراوە.

بەپێی نووسینی عەرەب نیوز، لە دۆخێکدا کە کشانەوەی ئەمریکا سەرنجەکانی بۆ ئەگەری زیادبوونی هەژموونی ئێران لە عێراق دوای کشانەوەی تەواوەتیی سەربازیی ئەمریکا ڕاکێشاوە، تورکیاش ئەو توانایەی هەیە کە بەشێک لەو بۆشایییە دروستکراوە لە باکووری عێراق پڕ بکاتەوە. ئەم ڕۆژنامەیە پێی وایە پێگەی تورکیا لە ئێران جیاوازە؛ چونکە پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە لە ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لەسەر هاوکاریی ئابووری و ئاسایشی بنەما نراون.

گرنگترین پشتیوانی بۆ هەژموونی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، بەستەرە ئابوورییە بەربڵاوەکانی نێوان هەردوولایە. عێراق بە یەکێک لە بازاڕە سەرەکییەکانی هەناردەکردنی تورکیا ئەژمار دەکرێت و ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمپانیا تورکییەکان لە عێراق و لە هەرێمی کوردستاندا چالاکیی دەکەن. ئەم ئامادەیییە ئابوورییە، تۆڕێک لە پەیوەندیی بازرگانی و وەبەرهێنانی بۆ ئەنقەرە هێناوەتە ئاراوە کە دەتوانێت لە قۆناغی دوای کشانەوەی ئەمریکادا گرنگیی زیاتر پەیدا بکات.

وزە، میحوەرێکی گرنگی تری هەژموونی تورکیایە لە هەرێمدا. هێڵی بۆڕیی کەرکووک-جەیهان کە لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە تێدەپەڕێت، بۆ ناردنەدەرەوەی نەوتی باکووری عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە. ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم دوای وەستانێکی درێژخایەن لە ئاداری ٢٠٢٦دا دەستی پێکردەوە و ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر، دەرفەتی گواستنەوەی نەوتی هەرێم و کەرکووکی بۆ بەندەری جەیهان ڕەخساند.

گۆڕانکارییەکانی ساڵی ٢٠٢٦ هەروەها نیشانیان داوە کە گرنگیی تورکیا لە هاوکێشەکانی وزەی عێراقدا تەنیا بە هەرێمەوە بەستراوەتەوە نییە. بەغدا و ئەنقەرە لە مانگەکانی ڕابردوودا بۆ پاراستنی گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی کەرکووکەوە بۆ جەیهان گەیشتوونەتە چەندین ڕێککەوتن و گفتوگۆکانی هەردوولا بۆ بابەتە فرەوانترەکانی وەک وزە و وەبەرهێنان پەرەی سەندووە.

بەڵام هەژموونی تورکیا لە هەرێمدا تەنیا ئابووری نییە. ئاسایش بەردەوام بەشێکی گرنگی سیاسەتی ئەنقەرەیە لە باکووری عێراق. تورکیا ساڵانێکی زۆرە ئامادەییی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری عێراق وەک مەترسییەکی ئاسایشی دەبینێت و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی خۆی دژی ئەم کۆمەڵەیە لە خاکی عێراقدا درێژە پێدەدات. لە هەمان کاتدا، ئەنقەرە هەوڵی داوە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جۆرێک ڕێکبخات کە پەکەکە نەتوانێت لە پەیوەندییە سیاسییەکانی هەرێم بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی سوود وەرگرێت. شیکارییە نوێیەکان سەبارەت بە سیاسەتی تورکیا لە عێراقدا دەریدەخەن کە ئەنقەرە سەرقاڵی گۆڕینی هاوکاریی ئاسایشی، بازرگانی و ژێرخانە بۆ ئامرازی هەژموونی ناوچەیی.

خاڵی گرنگتر، هەوڵی تورکیایە بۆ بەربڵاوکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەردوو حزبە سەرەکییەکەی هەرێم. ئینستیتوتی سیاسەتی هەولێر لە شیکارییەکدا کە لە ئەیلوولی ٢٠٢٦دا بڵاوی کردووەتەوە، دەستپێکی قۆناغێکی نوێی لە پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێم ڕاگەیاندووە و جەختی لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە ئاستبەرزەکانی نێوان ئەنقەرە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوای نزیکەی دە ساڵ کردووەتەوە. بەپێی ئەم شیکارییە، دروستکردنی پەیوەندیی هاوکات لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی، دەتوانێت مەودای هەژموونی تورکیا لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی و سەرتاسەری هەرێم بگوێزێتەوە.

ئەم گۆڕانکارییە لە ڕووی سیاسییەوە گرنگیی هەیە. تورکیا لە ڕابردوودا پەیوەندیی نزیکتری لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەبوو و پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی، بەتایبەت بەهۆی پەیوەندییەکانی سلێمانی لەگەڵ پەکەکە و تاران، ئاڵۆزتر بوو. هەوڵی دوایی ئەنقەرە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هەردوولادا، لە حاڵەتی بەردەوامبووندا، دەتوانێت ئەم دەرفەتە بە تورکیا ببەخشێت کە لە گۆڕانکارییە ناوخۆیییەکانی هەرێمیشدا ڕۆڵێکی بەربڵاوتر بگێڕێت. ئینستیتوتی سیاسەتی هەولێر ئەم پرۆسەیەی بە زیابوونی هاوکارییە بازرگانی و وەبەرهێنانەکان، بەتایبەت لە بەشی وزەدا، و هەروەها ململانێی ناوچەییی تورکیا لەگەڵ ئێرانەوە بەستووەتەوە.

لە کۆتاییدا، کشانەوەی ئەمریکا بە پێویستی بە واتای گواستنەوەی تەواوەتیی هەژموون لە هەرێمی کوردستان بۆ ئێران نییە. تورکیا پێش کشانەوەی ئەمریکاش ئامرازی گرنگی وەک: هەبوونی سنووری هاوبەش، بازرگانی، وەبەرهێنان، ڕێڕەوەکانی وزە، ئامادەییی ئاسایشی و پەیوەندیی سیاسی لەگەڵ حزبە کوردییەکان بۆ جێبەجێکردنی هەژموونی خۆی لە بەردەستدا بووە؛ کەواتە کشانەوەی ئەمریکا دەتوانێت گرنگیی هەریەک لەم ئامرازانە زیاتر بکات.

لە سەر بنەمای ئەمەدا، پرسی سەرەکی بۆ هەرێمی کوردستان دەتوانێت گۆڕینی هاوسەنگی بێت لە نێوان سێ فاکتەردا: کەمبوونەوەی ڕۆڵی ئاسایشیی ئەمریکا، زیابوونی پێداویستیی هەرێم بە پەیوەندییە ناوچەیییەکان بۆ دابینکردنی ئاسایش و ئابووری، و هەوڵی هاوکاتی ئێران و تورکیا بۆ چەسپاندنی هەژموونی خۆیان لە باکووری عێراق. عەرەب نیوز لەسەر ئەم بنەمایە پێی وایە کە ئەنقەرە دەتوانێت یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی قۆناغی دوای کشانەوەی ئەمریکا بێت لە هەرێمی کوردستاندا.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.