ئەحمەد تورک: پێویستە وەک پڕۆژەیەکی گەورە سەیری پرۆسەی ئاشتی بکرێت
ئەحمەد تورک سیاسەتمەداری دیاری کوردستانی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (سەباح)ی تورکی، ڕایگەیاند: "نابێت پرۆسەی ئاشتیی تەنها وەک ڕادەستبوونی پەکەکە سەیر بکرێت، بەڵکوو پێویستە وەک پڕۆژەیەکی گەورە تەماشا بکرێت کە زەمینە بۆ دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆش دەکات و برایەتی تورک-کورد تێدەپەڕێت".
ناوبراو دەشڵێت: "تورکیایەک کە پرسی کورد چارەسەربکات، بەشدارییەکی بەرچاوی دەبێت لە دامەزراندنی دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
مەسروور بارزانی:
پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران و وڵاتانی دیکەی جیهان پتەوتر دەکەین
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی کردنەوەی پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمهرانی لە گوتارێکدا ڕایگەیاند پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی دیکەی جیهان پەرە پێدەدەن و وتیشی "لە ڕووی بازرگانییەوە بۆ ئێمە گرنگە پەرە بە بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بدەین".
ئەسعەد شەیبانی:
لەگەڵ SDF توانیمان لە نزیکبوونەوەی سەربازییەوە بچینە نێو گفتوگۆی سیاسی
ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا لە پانێلێکی کۆنفرانسی دیالۆگی مەنامەی بەحرێن رایگەیاند: ''ئەوەی توانیمان تێیدا سەرکەوین، بەتایبەتی لە دۆسیەی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا ئەوە بوو کە لەگەڵ هەسەدە لە نزیکبوونەوەیەکی سەربازییەوە چووینە ڕێککەوتنی هاوبەشی ۱۰ـی ئادار".
بەوتەی ئەسعەد شەیبانی، ئێستا لەگەڵ هەسەدە کۆبوونەوەی مانگانە و بەردەوامیان هەیە و گوتی: ''مانگی ڕابردوو نزیکەی پێنج کۆبوونەوە کرا. دەمەوێ بڵێم تێگەیشتن هەیە و ئێمە توانیمان لە نزیکبوونەوەی سەربازییەوە بچینە چارەسەرکردنی کێشەی سووریاییەکان".

نظر شما