خبر 2021-09-06 05:59 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى پەرلەمانى ئوردن لەبارەی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان گفتوگۆیان کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازیى لە عەبدولمونعم ئەلعەودات سەرۆکى پەرلەمانى شانشینى ئوردن و شاندێکى یاوەرى کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە لە کۆبوونەوەیەکدا کە سەرۆکى پەرلەمان و جێگرانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و جێگرانى سەرۆکى پەرلەمان و وەزیرى کاروبارى پەرلەمان و باڵیۆزى ئوردن لە عێراق ئامادەى بوون، پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و شانشینى ئوردنى و چۆنیەتیى بەرەوپێشبردنیان تاوتوێ کران و هەردوولا پەیوەندییەکانیان بە مێژوویى لە قەڵەم دا.

شاندى ئوردنى، بەردەوامیى پشتگیریى شا عەبدوڵڵا و شانشینى ئوردنیى هاشمییان بۆ هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە و ڕێز و پێزانینیان بۆ ڕۆڵى هەرێمى کوردستان لە شەڕى دژى تیرۆر و تێکشكاندنى داعش دووپات کردەوە و بە بایەخەوە باسیان لە ڕۆڵ و پێگەى هەرێمى کوردستان لەسەر ئاستى عێراق و ناوچەکە بۆ پاراستنى هاوسەنگى و سەقامگیرى کرد.

لاى خۆیەوە نێچیرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ پشتگیریى بەردەوامى خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵاى دووەم و ئوردن چ لە سەردەمە سەختەکانى ڕابردوو و چ ئێستا لە هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە و خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودان بە هەموو بوارەکانى پەیوەندیى لەگەڵ ئوردن نیشان دا.

دۆخى سیاسى و ئەمنیى عێراق و هەرێمى کوردستان و برەودان بە بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشى، هەڵبژردانەکانى داهاتووى عێراق، مەترسییەکانى تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەى داعش، پەتاى کۆڤیدـ19 و لێکەوتەکانى، دەرفەتى کار و وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆى چارەسەرکردنى کێشەکانیان لەگەڵ چەند بابەتێکى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.