داهاتی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە 60 لەسەد کەمی کردووە
بەپێی هەواڵی کوردپێس، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە "لە ساڵی 2020ـەوە بەهۆی کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ژمارەی گەشتیاران و گەشتەکانمان کەم بوونەتەوە، ئەوەش داهاتی کەم کردووەتەوەگ.
بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاماژە بەوەش دەکات لە ساڵی 2019 ژمارەی ئەو گەشتیارانەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریان بەکارهێناوە ملیۆنێک و 983 کەس بوون، ئەوەش لەکاتێکدایە لە ساڵی 2020دا بۆ 472 هەزار گەشتیار کەم بووەتەوە.
ئەحمەد هۆشیار باسی لەوەش کرد، کۆرۆنا بە رێژەی 60% داهاتی سەرجەم فڕۆکەخانەکانی جیهانی دابەزاندووە و داهاتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریش بە رێژەی 50% بۆ 60% کەمی کردووە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر هەفتانە 251 گەشتی هەیە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیش لەنێوان 75 بۆ 85 گەشتی هەیە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەڕووی گەشتیار و ژمارەی گەشتەکانەوە لەدوای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بە دووەم گەورەترین فڕۆکەخانەی عێراق دێت، هەروەها لە کارگۆدا یەکەمە لەسەر ئاستی عێراق.
لەبارەی کاریگەریی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکارەکانی تایبەت بە رێگەگرتن لێی لەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، تاھیر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە بە رووداوی گوت داهاتی فڕۆکەخانەکەمان بە رێژەی 55% بۆ 60% کەمی کردووە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران