جێبەجێ کردنی سیستمی لامەرکەزی بە فاکتەری بەھێزتر کردنی قەوارەی ھەرێم دەبینین
بەپێی هەواڵی کوردپرێس؛ بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ ئاشلى دوریک، لێپرسراوی نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە ھەرێمی کوردستان کۆ بووەوە و رایگەیاند: جەخت لە فراوان کردنی ھاریکاری و ھاوکارییەکانی کەنەدا دەکەنەوە بەتایبەت لە خستنەگەڕی زیاتری ھەوڵەکانیان بۆ مەشق پێکردنی ھێزی پێشمەرگە و رێکخستنەوەی یەکە سەربازییەکان لەچوارچێوەی پشتیوانییەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کردووە، یەکێتی بنیادنانی دیالۆگی نیشتمانیی لەنێوان ھێزەکانی ھەرێم و عێراق بە پێویست دەزانێت و داوا دەکەن نوێنەری وڵاتان پشتگیری ئەم ھەوڵانە بکەن و ھاوکاربن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە. هەروەها ھەنگاوەکانی جێبەجێ کردنی سیستمی لامەرکەزی لە ھەرێم بە فاکتەری بەھێزترکردنی قەوارەی ھەرێم و زیاتر خزمەت کردنی کۆمەڵانی خەڵک دەبینن.
سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراقیش بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەکردوە، یەکێتی پشتیوانی لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەوادەی خۆیدا دەکات و دەمانەوێت لە ناوچە دابڕێندراوەکان وەک کورد بە یەکدەنگی و یەکھەڵوێستی بەشداری بکەین و یەکڕیزی نیشتمانی بپارێزین.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران