خواستی گەنجانی ناوچە کوردنشینەکانی سووریا بۆ کۆچکردن زیادی کردووە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری ئامارگی لە داپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە ساڵانێک لە شەڕ و ناسەقامگیری لە سووریادا، سەرەڕای وێرانبوونی ژێرخانەکان و لاوازبوونی ئابووری، دیمەنی ژیانی نەوەی گەنجیشی ڕووبەڕووی ناڕوونی کردووەتەوە. لە ناوچە کوردنشینەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا، زۆرێک لە گەنجان سەرەڕای خۆشەویستییان بۆ زێد و خێزانەکەیان، بەهۆی نەبوونی دەرفەتەکانی کار و سنوورداریی توانا پیشەیی و فێرکارییەکانەوە، کۆچکردن وەک یەکێک لە بژاردە جدییەکانی بەردەمیان دەبینن.
هارووت مادریجیان، تەمەن ٢٩ ساڵ، یەکێکە لەو گەنجانەی ئەزموونی شەڕ و ئاوارەیی تێپەڕاندووە. کاتێک چەکدارانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا شاری ڕەققەی داگیر کرد و کردیە ناوەندی چالاکیی خۆی، هارووت لەگەڵ خێزانەکەیدا ئەم شارەی بەجێ هێشت و لە قامیشلۆ نیشتەجێ بوو. ئەو ماڵ، یادەوەرییەکان و ئامێرە مۆسیقییەکانی خۆی لە دوای خۆی بەجێ هێشت، بەڵام هەوڵی دا ژیانێکی نوێ لە ڕێگەی هونەر و مۆسیقاوە دەست پێ بکات.
هارووت لە قامیشلۆ دامەزراوەی مۆسیقای «هارمۆنی»ی دامەزراندووە کە یارمەتیی منداڵان و گەنجان دەدات بۆ پەرەپێدانی بەهرە مۆسیقییەکانیان. هەندێک لە فێرخوازانی ئەم دامەزراوەیە دواتر گەیشتوونەتە ناوەندەکانی خوێندنی باڵای مۆسیقا یان چوونەتە ڕیزی گرووپە مۆسیقییەکانەوە لە ئەورووپا. لەگەڵ ئەوەشدا، هارووت کە ساڵانێک بۆ دروستکردنی ئەم ناوەندە هەوڵی داوە، ئێستا سەبارەت بە داهاتووی خۆی لە سووریادا دڵنیا نییە و خواستی هەیە کۆچ بکات بۆ ئەورووپا و لە پیشەسازیی مۆسیقادا چالاکیی هەبێت.
ئەو دەڵێت نەوەی گەنجی سووریا لە سێبەری شەڕدا گەورە بووە و ئەو بارودۆخەی لە منداڵییەوە ڕووبەڕووی بووەتەوە، هێشتا بەردەوامە. بە گوتەی هارووت، گەنجانی ئەم نەوەیە هەست دەکەن ساڵانێکی زۆر لە تەمەنیان لە قەیران و ناسەقامگیریدا تێپەڕیوە، بە بێ ئەوەی دیمەنێکی ڕوونیان بۆ داهاتوو لە بەردەمدا هەبێت.
نیگەرانییەکانی هارووت تەنیا بە سنوورداریی دەرفەتەکانی کار و پیشەوە پەیوەندیدار نین. ئەو پێی وایە پێگەی مۆسیقا و هونەر لە کۆمەڵگەشدا لاواز بووە و هەندێک خێزان پێیان باشترە منداڵەکانیان لە جێی چالاکییە هونەرییەکان، فێری زمانە بیانییەکان ببن؛ چونکە ئەم کارامەیییانە بۆ داهاتوویان بە بەکارهێنراوتر دەزانن. هارووت هەروەها باس لە تێڕوانینەکان لە ژینگەی دەوروبەری خۆی دەکات کە بە بڕوای ئەو لەگەڵ باوەڕە مەسیحییەکەی و چالاکییە هونەرییەکەیدا یەک ناگرنەوە. کۆی ئەم هۆکارانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە تەنانەت لە ئەگەری ڕەخساندنی دەرفەتی بەدیهێنانی ئامانجە پیشەیییەکانی خۆی لە سووریادا، خواستێکی ئەوتۆی بۆ مانەوە لەم وڵاتەدا نەبێت.
ژیندا یوسف، ٢٦ ساڵ، نموونەیەکی ترە لەو گەنجانەی کە سەرەڕای خوێندنی زانکۆیی، بۆ چوونە ناو بازاڕی کارەوە ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە. ئەو لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە زانکۆی تایبەتی قورتوبە لە حەسەکە لە بواری ئەندازیاریی سیستەمە کۆمپیوتەرییەکاندا دەرچوو، بەڵام نەیتوانی لە بواری پسپۆڕیی خۆیدا کارێک بدۆزێتەوە. ئەو بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم دۆخە، بە شێوەی خۆفێرکردن بەرنامەسازیی بەشی ڕووکاری وێبی فێر بوو و هەوڵی دا کارامەیییە پیشەیییەکانی خۆی زیاد بکات، بەڵام کەمیی خولە فێرکارییەکان و دەرفەتەکانی کاری سەرەتایی بووەتە بەربەست لە بەردەم بەدەستهێنانی ئەزموونی پێویست بۆ چوونە ناو بازاڕی کار.
ژیندا دەڵێت زۆرێک لە کۆمپانیاکان بۆ دامەزراندنی هێزی نوێ، پێشینەی کردەیی و ئەزموونی کار داوا دەکەن، لە کاتێکدا دەرچووە تازەکارەکان بە بێ دەستڕاگەیشتن بە دەرفەتەکانی کار ناتوانن ئەزموونێکی لەم چەشنە بە دەست بهێنن. بە گوتەی ئەو، پوختەی کارەکانی سەرەڕای خوێندنی زانکۆیی و هەوڵدان بۆ فێربوونی کارامەیییە نوێیەکان، بێبەشە لەو ئەزموونە کردەیییەی خاوەنکارەکان چاوەڕێی دەکەن.
ئەو هێشتا بە شار و خێزانەکەی خۆیەوە وابەستەیە و پێی باشترە داهاتووی لە هەمان شوێنی ژیانی خۆیدا بنیات بنێت، بەڵام لە ئەگەری بەردەوامبوونی کەمیی دەرفەتەکانی کاردا، کۆچکردن بە دوور نازانێت. ژیندا پێی وایە دروستکردنی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان کە بە دەرچووە تازەکارەکان دەرفەتی فێربوون، بەشداریکردن لە پڕۆژە ڕاستەقینەکان و بەدەستهێنانی ئەزموون بدەن، دەتوانێت هاندەری گەنجان بۆ مانەوە زیاد بکات.
کێشە ئابوورییەکان و سنوورداریی دەرفەتەکانی کار تەنیا گەنجانی خوێندەوار و خوازیاری کاریان نەخستووەتە ژێر کاریگەرییەوە، بەڵکوو ئەو خێزانانەشی کە نیگەرانی داهاتووی منداڵەکانیانن، خستووەتە بیری بەجێهێشتنی سووریاوە. حاجی عەباس، ٣٣ ساڵ، خەڵکی تربەسپێ لە پارێزگای حەسەکە، یەکێکە لەو کەسانەی دوای ساڵانێک لە چالاکی لە بواری پەروەردەدا، بەهۆی بارودۆخی بژێوییەوە ناچار بە گۆڕینی پیشە بووە.
حاجی عەباس خوێندنی لە بواری کارگێڕیی بازرگانی و ئابووریدا دەست پێ کردبوو، بەڵام بە دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی ٢٠١١دا، بەردەوامبوون لە خوێندن بۆی نەڕەخسا. ئەو دواتر لە بواری مێژووی زانکۆی ڕۆژاوادا خوێندی و دوای دەرچوون، نزیکەی ١٠ ساڵ بە وانەوتنەوەوە سەرقاڵ بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، کەمیی مووچەی مامۆستایان کە بە گوتەی ئەو لە نزیکەی ١٠٠ دۆلار لە مانگێکدا تێپەڕ ناکات، بووە هۆی ئەوەی بۆ دابینکردنی تێچووەکانی ژیان ڕوو لە بواری وزەی خۆر بکات.
حاجی عەباس پێی وایە کەمبوونەوەی گرنگیدان بە پەروەردە و داهاتی کەمی مامۆستایان بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زیاتری چالاکانی ئەم بوارە بە دوای پیشەکانی تردا بڕۆن. ئەو هەرچەندە تا ڕادەیەک لە چالاکیی ئێستای خۆی لە بواری وزەی خۆردا ڕازییە، بەڵام ئەم پیشەیە بە هەڵبژاردەی یەکەمی خۆی نازانێت و دەڵێت بارودۆخی ژیان لە کرداردا ڕێڕەوی کەسەکان دیاری دەکات و داهاتوو بۆ زۆرێک لەوان نادیار بووە.
نیگەرانییەکانی حاجی عەباس ئێستا زیاتر لە ڕابردوو بە داهاتووی دوو منداڵەکەیەوە پەیوەندیدارن. ئەو خوازیاری بەهرەمەندبوونی منداڵەکانییەتی لە پەروەردەی گونجاو، قوتابخانەگەلێک کە بتوانن بەهرەکانیان دەستنیشان بکەن و پەرەیان پێ بدەن و هەروەها ژیان لە ژینگەیەکدا بە خزمەتگوزاریی گشتی و ژێرخانی خوازراوەوە. بە گوتەی ئەو، لە ئەگەری ڕەخساندنی ئەم توانایانە لە شاری شوێنی ژیانیدا، هیچ هۆکارێکی بۆ کۆچکردن نابێت، بەڵام نایەوێت منداڵەکانی هەمان ئەو بارودۆخە سەختە ئەزموون بکەن کە خۆی لە ساڵانی شەڕ و قەیراندا تێیپەڕاندووە.
حاجی عەباس کە لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی سووریادا لە ساڵی ٢٠١١ تەنیا ١٨ ساڵی بوو، نزیکەی ١٥ ساڵی ژیانی خۆی لە بارودۆخی قەیران و ناسەقامگیریدا تێپەڕاندووە. ئەو شوێنی مەبەستی ئەگەریی کۆچکردن بە ئەورووپاوە سنووردار ناکات و دەڵێت ئامادەیە بچێتە هەر وڵاتێک کە بتوانێت بۆ منداڵەکانی پەروەردەی گونجاو و دەرفەتی بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بڕەخسێنێت.
شوکری یوسف، توێژەری ئابووری و کۆمەڵایەتیی نیشتەجێ لە قامیشلۆ، پێی وایە نەبوونی ئاسایش و وەبەرهێنان، دەرفەتەکانی بەدەستهێنانی داهات و چالاکیی پیشەیی بۆ گەنجان سنووردار کردووە. ئەو هۆشداری دەدات کە لە ئەگەری باشترنەبوونی بارودۆخی ئابووریدا، ژمارەیەکی زیاتری هێزە پسپۆڕەکان سووریا بەجێ دەهێڵن و ئەم پرسە توانای وڵات بۆ ئاوەدانکردنەوە و سوودوەرگرتن لە توانا مرۆیییەکانی خۆی کەم دەکاتەوە.
بە گوتەی شوکری یوسف، زۆرێک لەو کەسانەی پێشتر سووریایان بەجێ هێشتووە، ئێستا کارامەیی و پسپۆڕیی خۆیان لە وڵاتانی تردا بەکار هێناوە؛ بابەتێک کە بە بڕوای حاجی عەباس، لە نێو هاوڕێ زانکۆیییەکانی ئەویشدا بە ڕوونی دەبینرێت. ئەم ڕەوتە بە مانای لەدەستدانی بەشێک لە سەرمایەی مرۆیییە کە سووریا بۆ بووژاندنەوەی ئابووری و ئاوەدانکردنەوەی دامەزراوە فێرکاری و خزمەتگوزارییەکانی خۆی پێویستیی پێیەتی.
داتاکانی بانکی جیهانی نیشانی دەدەن ڕێژەی بێکاریی گەنجانی ١٥ بۆ ٢٤ ساڵ لە سووریادا لە ساڵی ٢٠٢٥دا نزیکەی لە سەدا ٣٣.١ بووە؛ هەرچەندە خەمڵاندنەکانی تر باس لە ڕێژەی بەرزتری بێکاری دەکەن. هەروەها ئەنجامەکانی توێژینەوەیەک لە ساڵی ٢٠٢٦دا سەبارەت بە پارێزگای حەسەکە نیشانی دەدەن بەربەستە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان گرنگترین هۆکاری کاریگەر بوون لەسەر بڕیاری گەنجان بۆ کۆچکردن. ئەم توێژینەوەیە جەختی لە ڕۆڵی نائارامیی ئابووری و سنوورداریی دەرفەتەکان لە شێوەگرتنی خواستی کۆچکردندا کردووەتەوە و تواناسازیی ئامانجداری گەنجانی بە یەکێک لە ڕێچارەکانی کەمکردنەوەی کۆچکردنی ناچاری و پشتگیریکردنی پڕۆسەی چاکبوونەوە دوای قەیران زانیوە.
ئەزموونی هارووت مادریجیان، ژیندا یوسف و حاجی عەباس نیشانی دەدات خواستی کۆچکردن لە ناوچە کوردنشینەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا تەنیا بە دۆزینەوەی کار یان داهاتی زیاترەوە سنووردار نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک نیگەرانی سەبارەت بە ئاسایش، داهاتووی پیشەیی، کوالێتیی پەروەردە، دۆخی فەرهەنگی و تواناکانی ژیان لە خۆ دەگرێت. هەندێک لە گەنجان بە دوای دەرفەتی چالاکیدان لە بواری پسپۆڕیی خۆیاندا، هەندێکی تر لە سنووردارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان ماندوو بوون و کۆمەڵێکیش داهاتووی منداڵەکانیان لە دەرەوەی سووریادا دەگەڕێن.
سەرەڕای جیاوازی لە ئەزموون و هاندەرەکانی ئەم کەسانەدا، خواستی هاوبەشیان بەهرەمەندبوونە لەو دەرفەتانەی کە توانای بنیاتنانی داهاتوویەکی سەقامگیر لە زێدی خۆیاندا دەڕەخسێنن. پرسە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئایا ناوچە کوردنشینەکانی سووریا دەتوانن بە باشترکردنی بارودۆخی ئابووری، دروستکردنی دەرفەتەکانی کار و بەهێزکردنی سیستەمی پەروەردە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، هاندەرێک بۆ مانەوەی نەوەی گەنج دروست بکەن یان پڕۆسەی چوونەدەرەوەی هێزە پسپۆڕ و خوێندەوارەکان هێشتا بەردەوام دەبێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران