خبر 2026-11-24 08:27 کاتی خوێندنەوە: 3 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

عەلی حەمەساڵح: بەغدا بە بەهای 122 ملیار دۆلار داوای نەوت لە کوردستان دەکات

عەلی حەمەساڵح لە لێدوانێکیدا ئاشکرای کرد، دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بە بەهای 122 ملیار دۆلار دۆسیەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی داوەتە دادگا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست بە خەندان-ی ڕاگەیاندووە: دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لە ڕێگەی نوسراوێکی فەرمییەوە سکاڵای لەسەر کێڵگە نەوتی و غازییەکانی کوردستان لە دادگا تۆمار کردوە و ڕایگەیاندوە کە "هەرێم لە نێوان ساڵانی 2004 تا 2023 بایی 122 ملیار دۆلار نەوتی کێڵگەکانی خورمەڵە، هاڤانا، بای حەسەن، کۆرمۆر و کەرکوکی فرۆشتوە" کە دەکاتە موچەی 14 ساڵی خەڵکی کوردستان، بەبێ ئەوەی هیچ داهاتێکی بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگێڕێتەوە.

عەلی حەمەساڵح هۆشداریدا لەوەی کە بەغدا ئەو کێڵگانە بە موڵکی کۆمپانیای نەوتی باکور دەزانێت و ئەگەر دادگا بڕیار لەسەر گەڕاندنەوەی خورمەڵە و کۆرمۆر بدات، زیاتر لە 40%ی نەوتی هەرێم و تەواوی بەرهەمهێنانی غاز و کارەبا لەدەستدەچن و دەکەونە دەست بەغدا.

بڕیارده‌ری ره‌وتی هه‌ڵوێست لەسەر کۆرمۆریش ئاماژەی بەوەکرد، کۆمپانیای دانەغاز بەهۆی وەرنەگرتنی 200 ملیۆن دۆلاری شایستەکانی و داواکردنی زەمانەتی ئەمنی خۆی کارەکانی ڕاگرتوە.

به‌گوێره‌ی نوسراوێک که‌ واژۆی د. عه‌ممار سوبحی، سه‌رۆکی دیوانی چاودێری دارایی به‌ وه‌کاله‌تی له‌سه‌ره‌ و رۆژی 7ی (ئایار/5)ی ئه‌مساڵ واژۆکراوه‌، تیایدا هاتوه‌، قه‌باره‌ی زیانه‌ خه‌مڵێنراوه‌کانی ده‌رئه‌نجامی به‌کارهێنانی کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانی سه‌ر به‌ کۆمپانیای نه‌وتی باکوور له‌لایه‌ن هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی نێوان ساڵی 2004 تاوەکو مانگی (ئازار/3)ی 2023، گه‌یشتوه‌ته‌ 122 ملیار و 989 ملیۆن و 571 هه‌زار و 424 دۆلار.

ئەوەشهاتوە، به‌پێی وه‌ڵامی کۆمپانیای به‌بازاڕکردنی نه‌وت، نرخی هه‌ر به‌رمیلێک به‌ شێوه‌ی خه‌مڵێنراو و به‌پشتبه‌ستن به‌ میکانیزمی نرخدانانی نه‌وتی خاوی په‌سه‌ندکراو لای کۆمپانیاکه‌ هه‌ژمارکراوه‌.  به‌پێی خشته‌ی نوسراوه‌که‌، کۆی گشتی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ یه‌ک ملیار و 905 ملیۆن و 915 هه‌زار به‌رمیل بوه‌، که‌ لە کێڵگه‌کانی خورمه‌ڵه‌، بای حه‌سه‌ن و ئاڤانا،  کۆرمۆر، ته‌قته‌ق، تاوکێ،  وێستگه‌ی جه‌مستان، سه‌فییه‌، که‌رکوک دەرهێندراون. 

عەلی حەمەساڵح له‌باره‌ی نوسراوه‌که‌وه‌ به‌ خه‌ندان-ی وت، "دۆسیەی 122 ملیار دۆلارەکە لە دادگایە و ئەگەر بەغدا کێڵگەکان وەربگرێتەوە هیچی تر بۆ کوردستان نامێنێتەوە؛ کەچی حزبە دەسەڵاتدارەکان خەمی ئەمەیان نییە و سەرقاڵی شەڕەگەڕەکن لەسەر پۆست، لە کاتێکدا ئەم هەنگاوەی بەغدا بەتەواوی ئایندەی نەوت و غازی هەرێم لەناودەبات".

ئه‌و نوسراوه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق هەنگاو و ئامادەکاریی دەستپێکردوە بۆ گەڕاندنەوەی کۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتی خۆی بەسەر کێڵگە نەوتی و غازییەکاندا، بەتایبەت ئەو کێڵگانەی دەکەونە سنوری هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکانەوە.

بەپێی سەرچاوەکان، هەوڵەکانی عێراق بریتین لە گەڕاندنەوەی کۆنتڕۆڵی حکوومەتی فیدراڵی بەسەر ئەو کێڵگە نەوتییانەی کە پێش ساڵی 2003 لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا نەبون، لەگەڵ خستنەژێر دەسەڵاتی تەواوی کەرتی نەوت و غاز (لەوانەش کێڵگەی غازی کۆرمۆر) بۆ ژێر ئیدارەی بەغدا.

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکوومەتی عێراق پێشتر باسی له‌وه‌کردبو، پاراستنی هێڵی بۆرییە نەوتییەکان ئەرکی حکوومەتە و هەمو ناوچەکان دەگرێتەوە؛ دۆسیەی بەقاچاغبردنی نەوت ڕەوانەی دادگا کراوە و دەستی دادگا دەگاتە هەر کەسێک ناوی لە لێکۆڵینەوەکاندا بێت.

ئەم هەنگاوانەی بەغدا پشت بە بڕیارەکانی پێشوی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق (لە شوباتی 2022) دەبەستن، کە تێیدا یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستانی بە نادەستوری لەقەڵەمدا و بڕیاریدا کە دەبێت تەواوی بەرهەم و کێڵگە نەوتییەکان ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکرێن.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.